ئامادەییی گەورە

پەرتەو نادری/ شاعیری ئەفغانی

March 5, 2019

 پەرتەو نادری شاعیرێکی ئەفغانییە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری بەدەخشان لە باکووری ئەفغانستان لەدایکبووە، لە زانکۆی کابول بەشی زانستی خوێندووە. پەرتەو نادری بۆ ماوەی ٣ ساڵ زیندانی بووە لە یەکێک لە زیندانەکانی سۆڤییەت. پاش ماوەیەکی کەم لە ساڵی ١٩٧٠ وە دەست دەکات بە نووسینی شیعر. ئێستا بە یەکێک لە دەنگە نوێگەرەکانی شێعری ئەفغانی دادەنرێت-باڵندە

 

 

 

 

ئامادەییی گەورە
پەرتەو نادری
وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی

 

 

 

پەیوەندیم لەگەڵ هەتاودا پچڕاوە
لە ناکۆتای مەرگدا
مەداری حەقیقەتی ژیانم ون کردووە
بەوەشەوە بە پەیژەیەکدا دەچمە سەرەوە
تا چرای شانازی خۆم
لە ڕیواقی خۆڵاوی مێژوودا داگیرسێنم.

حیساب بۆ هەر قسەیەک دەکەم، کە دەیپەیڤم
حیساب بۆ هەر وشەیەک دەکەم، کە دەینووسم
بە نرخی ڕۆژ
هەرزن بۆ کۆتری ویژدانم
لە قەفەزی دیموکراسیدا ڕۆ دەکەم
ئەقڵی سەرکێشی خەراپ لغاوکراوم
تا هەرگیز لاساریی نەکا،
لە تەویلەی دەرگە داخراوی زوبانلووسییدا
بزمارڕێژ کردووە
وشە وشە کتێبی ‘چۆن هاوڕێ پەیدا دەکەیت و کار لە خەڵک دەکەیت’ ەکەی
‘ دەیل کارینگی’ م ئەزبەرە.

دەزانم چۆن بە ناشیرینترین کچی شار بڵێم
تەواوی شیعرە عاشقانەکانی من بۆ تۆن
تۆ شیعرە عاشقانەکانی منیت و
بە ئەندازەی شیعرە عاشقانەکانی من،
جوانیت تۆ!

حیساب بۆ هەر قسەیەک دەکەم،
کە دەیپەیڤم
تەنانەت کاتێ سەگی ماڵەدراوسێ پێم دەوەڕێ
دەست بۆ بەرد نابەم
کاتێ سەگی ماڵە دراوسێ پێم دەوەڕێ
کڵاوی غیرەت لە سەرم دادەگرم
بە دەنگێکی ئاوریشیمین پێی دەڵێم:
بفەرموون، چاوەڕێتان بووم.
لە کۆڵان ئەگەر ڕێکەوتی ورچێک بکەم
بە زەردەخەنەیەکی پێکەنیناوییەوە پێی دەڵێم
بە بینیتان خۆشحاڵم
ئەگەر گوێدرێژی سەرکار،
گوێیەکیم بۆ بلەقێنێ
لە فیکرەوە دەچم،
چرچێ دەکەمە نێوچەوانم و
دەڵێم
ڕاست دەفەرموون،
منیش هەر لە خەیاڵی ئەوەدا بووم.

من ئامادەییەکی گەورەم هەیە
دوای پەنجا ساڵ ئەزموون
حەقیقەتی بەختەوەرییم هەڵگۆزاوە،
کە دەبێ دەنکە جۆیەک دەستبەرداری غیرەت ببم و
نانیش بە نرخی ڕۆژگار بخۆم.

من ئامادەییەکی گەورەم هەیە
سوپاس بۆ خودا
ڕێکخراوی جیهانیی کۆچ
ناوێکی پێبەخشیوم،
درێژتر لە ناوی
شێخ ڕەییس ئەبو عەلی سینای بەڵخی
من خودان ئامادەییەکی گەورەم
بە پەنجا ساڵیی فێربووم،
کە چۆن پیاوی ناو پیاوان بم
هەقم بە سەر کەسەوە نەبێ و
دەست لە ئیشی هیچ ‘قەسابێکی جوامێر’ وەرنەدەم.

ئەز لە پەنجا ساڵەییدا فێر بووم.