باڵندە نامەیەکی شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە دەقی کورسی بڵاو دەکاتەوە

شێرکۆ بێکەس/شاعیری کورد

December 21, 2019

لێرەدا نامەیەکی شێرکۆ بێکەس دەخوێننەوە کە بۆ سامی هادی– بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێری ناردووە، نامەکە سەبارەت بە کتێبی (کورسی)ـیە، کە دەقێکی درێژ و واڵای شێرکۆ بێکەسە و کاتی خۆی کە بڵاو بووەوە گەلێ قسەوباسی بە دوای خۆیدا هێنا. هێندێک پێیان وا بوو کە تێکستێکی زۆر خراپە و هێندێکیش بە دەقێکی داهێنەرانە ناویان برد. (کورسی) ساڵی ٢٠٠٥ بڵاو بووەوە. نامەکە بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕی باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

دەقی نامەکە

 

برای بەڕێز
کاک سامی هادی

 

ئەم کاتەتان باش. دەربارەی قسەکردن لەسەر “کورسی” من گەیشتمە ئەو قەناعەتەی، کە هەر “مێزگرد” باشە. بۆ ئەمەیش من ئەم پێشنیارانە دەخەمە پێش چاوتان:

 

یەک: لە ماوەی سێ-چوار ڕۆژی تر مێزگردەکە ساز بکرێت هەر لای خۆتانەوە. خۆت سەرپەرەشتیی بەڕێوەبردن و ئامادەکردنی پرسیارەکان بگریتە ئەستۆ. وەختی کۆبوونەوەکە بکەوێتە سەعات دەی سەرلەبەیانی و چەند سەعاتێ بخایەنێ.

 

دوو: پێم باشە ئەم بەڕێزانە ئامادەی مێزگردەکە ببن (ئەگەر خۆشتان کەسانی تر پێشنیار دەکەن، ئەوەش هەر دەبێ): ١/شێرزاد حەسەن، ٢/عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، ٣/شاهۆ سەعید، ٤/نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ٥/دانا ئەحمەد. من لەوە دڵنیام کە سێ-چوارێکیان بە چاکی “کورسی”یان خوێندووەتەوە و نووسینیشیان هەبووە لەسەری.

 

سێ: لەم هەفتەیەوە تکایە ئاگاداری (بۆ فایلەکە) بڵاو مەکەنەوە.

 

چوار: خۆت ئەتوانی چەند تەوەرێ بۆ قسەکردن دەستنیشان بکەیت بەو ڕایانەیشەوە کە “کورسی”یان پەسەند نەکردووە، واتا بیانکەیتە پرسیار. بە ڕای من پرسیاری وەک ئایا ئەم دەقە چییە و تازەییەکەی لە چیدایە؟! ڕۆڵی سروشت لەم دەقەدا؟ سەرد و شیعر؟! مەسەلەی ئەو تەحولانەی بەسەر کورسیدا دێ؟! یادەوەریی کورسی و شار؟! هتد…

 

پێنج: هەوڵ بدرێ قسەکان دووبارە نەبنەوە. یان هەر یەکێک لە ڕوانگەیەکەوە لە دەقەکە بدوێ.

 

شەش: دوای “تەفریغ”کردن و نووسینەوە، بە دوو جار یان سێ جار لە (ڕەخنەی چاودێر)ـدا بڵاو بکرێتەوە.

 

حەوت: خۆتان دوو ڕۆژ دەستنیشان بکەن بۆ مێزگردەکە، با لەو دوو ڕۆژەدا خۆیان سەرلەبەیانیی ڕۆژێک دەستنیشان بکەن و بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە بکرێ. ئەگەر خۆیشیان حەز ئەکەن کەسانی دی بەشداری بکەن ئاساییە. هەر بژی.

 

برات
شێرکۆ بێکەس
٨ـی ٦ـی ٢٠٠٦

 

نامەکە