جیهانی بێدەنگ

جێفری مکدانیڵ

جێفری مکدانیڵ

November 25, 2019

جیهانی بێدەنگ، شیعرێکی جێفری مکدانیەڵە. شاعیرێکی ئەمریکییە و ساڵی ١٩٦٧ لەدایکبووە. شیعرەکە زیاتر کارێکی تەکنیکییە. هەم بە داڕشتن و هەم بە زمان، بەڵام خەیاڵیش تێیدا کار دەکات، لەپاڵیشیدا دیدێکی ڕەخنەیی و تەنزئامێزیش هەیە، کۆتایی شیعرەکەش تەواو سادە و ڕۆمانسی دەبێتەوەماڵپەڕی باڵندە

 

 

جیهانی بێدەنگ
جێفری مکدانیەڵ

وەرگێڕانی بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

 

لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی خەڵکی ناچار بکرێن
زیاتر لە چاوی یەک بڕوانن و
بە بێدەنگبوون ڕازییان بکەن،
حکوومەت بڕیاری دا بۆ هەر کەسێک لە ڕۆژێکدا
تەنیا سەد و شەستوحەوت وشە تەرخان بکات.

کاتێک زەنگی تەلەفۆنەکە لێدەدات
هەڵی دەگرم و دەینێم بە گوێمەوە، بێ ئەوەی بڵێم، ئەلو
لە چێشتخانەکەدا بە ئاماژە داوای شۆربای ماکەرۆنی بە مریشک دەکەم.
من بە تەواوی خۆم لەگەڵ ئەم شێوازە تازەیەدا گونجاندووە.

درەنگانێکی شەویش،
پەیوەندی بە خۆشەویستە دوورەکەمەوە دەکەم
بە شانازییەوە پێی دەڵێم، ئەمڕۆ تەنیا پەنجاونۆ وشەم بەکار هێناوە
هەموو ئەوەی ماوەتەوە بۆ تۆ هەڵم گرتووە

کاتێک وەڵامم ناداتەوە
تێدەگەم، کە ئەو هەموو وشەکانی ئەمڕۆی بەکار هێناوە
منیش بە هێواشی دەچرپێنم، خۆشم دەوێیت
چلوحەوت جار و نیو دەیڵێمەوە،
دواتر هەردووکمان بێ وشە لەسەر هێڵەکە دەمێنینەوە و
گوێ لە هەناسەکانی یەکتر دەگرین