دوو شیعری چارڵز سیمیچ

چارڵز سیمیچ

چارڵز سیمیچ/ سربیا-ئەمریکا

April 23, 2020

چارڵز سیمیچ لە ٩ی مایسی ١٩٣٨ لەدایکبووە، شاعیری سڕبیی- ئەمریکییە و هاوڕێکخەری بەشی شیعری گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو بووە. سیمیچ لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ کۆمەڵە شیعری “جیهان کۆتایی نایەت” خەڵاتی پولیتزەری بۆ شیعر بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٨٦یش لە لیستی کۆتادا بووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەڵات بۆ هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣- ١٩٨٣دا نوسراون، دیسانەوە لە ساڵی ١٩٨٧ لە لیستی کۆتایی هەمان خەڵاتدا بووە بۆ کتێبە شیعری “غەمە ناکۆتاکان”. ساڵی ٢٠٠٧ وەک پانزەهەمین ڕاوێژکاری شیعر لە کتێبخانەی کۆنگرێس دەستنیشانکراوە.

 

 

 

دوو شیعری چارڵز سیمیچ
لە ئینگلیزییەوە پشتیوان کەمال

 

 

 

کەشوهەوای ڕۆح

باران دەبارێت و ڕێژنە دەکات
دڵیشت غەمبارە،
بەڵام ناتەوێت بەمزوانە دانی پێدا بنێیت.

هێندە باران تا ڕووبارەکەی پێ سەرڕێژ بێت،
تا ڕاهیبەکانی نەخۆشخانەکە
لە بەلەمێکی سەوڵداردا شێتەکانیان ببەن.

کوڕەکەی دراوسێمان بنێرە،
با بە چەترە ڕەشە گەورەکەی تۆوە بڕوات
چەند بیرەیەک و لەگەڵ خۆیدا جگەرەش بهێنێت.

کاتێک پێدەکەنێت دایکێکی جوانە،
بەڵام کەمجار پێدەکەنێت،
تەنانەت ئەو کاتانەش کە شیر بە منداڵەکەی دەدات.
ناتوانیت ناوی بنێیت “ئارەزووی کێوییانە،”
گەمژانەشە گەر بڵێیت “من لەوە تۆقیوم
کە بە چاوەکانی بیردەکاتەوە،”

بیردەکاتەوە و بیردەکاتەوە
بارانەکەش لەسەر بانیژەکە دەنگێک دروست دەکات
دەنگی پێیە ڕووتەکانی و ژێرکراسەکەی.

 

 

 

دوو سەگ

سەگێکی پیری ترساو لە سێبەری خۆی
لە شارۆچکەیەکی باشووردا…
چیرۆکێک لە ژنێکەوە کە بەرەو کوێربوون دەچوو
لە ئێوارەیەکی خۆشی هاویندا
کاتێک سێبەرەکان خۆیان بە نێو
دارستانەکانی نیو هامپشایەردا دەخزاند…
شەقامێکی درێژ و تاکە سەگێکی شڵەژاو
چەند مریشکێکی تۆزاویی…
ئینجا تیشکی خۆرێکی بەتاو لەو شارۆچکە
بێناوەی باشووردا.

***

مارشی ئەڵمانییەکانی بیرهێنامەوە
کە  ١٩٤٤ بە بەردەم ماڵماندا تێپەڕین.
شێوەی وەستانی هەموویان لەسەر قەراغی شەقامەکە و
بە لاچاو تەماشاکردنیان.
زەوی دەلەرزی، مەرگ تێدەپەڕی…
سەگێکی سپی بچووک ڕایکردە سەر شەقامەکە
خۆی ئاڵاندە قاچی سەربازەکان.
وەک ئەوەی باڵی هەبێت، شەقێک هەڵی فڕاند…
ئەو شتەی لەپێش چاوم دەمێنێت!
ڕاکشانی شەو  و سەگێک بە باڵەوە.