سترانی سیپاڵ

تۆماس هوود

تۆماس هوود

November 28, 2019

لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە لە ئینگلترا، چینەکانی خوارەوە لە ژێر مەرجەکانی کارکردندا، کە خاوەن کارگەکان دایان نابوو بۆیان، بە تەواوی دەچەوسێنرانەوە. چەند کاتژمێرێکی زۆر بە بڕە پارەیەکی کەم کاریێکی زۆر و تاقەتپڕووکێنیان پێ دەکرا، . هەلىەت ئێستاش گۆرانکارییەکی وا گەورە بەسەر ئەم دۆخەدا نەهاتووە، کردنی مرۆڤ بە ماشێنی کارکردن هێشتا گرفتێکی گەورەیە لە جیهاندا. ئەم شیعرەی تۆماس هوود، کە ساڵی ١٨٤٣ نووسیوییەتی، باس لەم دۆخە دەکات، یاخوود ڕەخنەی ئەم سیستمە دەکات، بەردەوام دەتوانرین بیخوێنینەوە و کاری خۆی بکات.
تۆماس هوود شاعیرێکی ئینگلیزییە،  ساڵی ١٧٩٩ لە لەندەن لە دایکبووە، هەر لەوێش لە ساڵی ١٩٤٥ مردووە-ماڵپەڕی باڵندە

 

 

سترانی سیپاڵ
تۆماس هوود
وەرگێڕانی زانا عوسمان، ڕێنوار نەجم

 

 

بە پەنجەی ماندوو و بریندارەوە
بە پێڵووی سوور و قورسەوە
ژنێک لە بەرگێکی ناژنانەدا دانیشتووە
یاریی بە دەزوو و بەکرەکەی دەکات
دروون.. دروون.. دروون
لەو هەژاری و برسێتی و چڵپاوەدا
هێشتا بەگەروویەکی تژی لە غەم
گۆرانیی “سترانی سیپاڵ” دەچڕێت

ئیش.. ئیش.. ئیش
لەگەڵ قووقەی کەڵەشێردا لە کازیوەی بەیانەوە
ئیش.. ئیش.. ئیش
تا ئەو کاتەی تیشکی ئەستێران لە ساپیتەوە دێن بەم دیودا
چەند جێی داغە کۆیلەیەک بی
لەگەڵ تورکە بەربەرییەکاندا
شوێنێک تێیدا ژن رۆحێکی بۆ دەربازبوون نەبێ،
ئەگەر ئەمە مەسییحییەت بێ!

ئیش. ئیش.. ئیش
تا ئەو کاتەی ئاوەز دەپوکێتەوە
هەر ئیش و ئیش و ئیش..
تا ئەو کاتەی چاوەکان قورس و تاریک دادێن
دروون و پینە و پەڕۆ
پەڕۆ و پینە و دروون
تا بەسەر قۆپچەکانەوە خەو دەمباتەوە
لە خەونیشدا هەر خەریکی دروونیانم

ئای، ئەی پیاوان و خوشکە ئازیزەکانتان
ئای، ئەی پیاو، دایک و ژنەکانتان
ئەوەی ئێوە پۆشیوتانە کەتان نییە
بەڵکو ژیانی ئینسانەکانە
دروون.. دروون.. دروون
لە هەژاری و برسێتی و چڵپاودا
بەیەک جار دوو دەزوو
هەم  دروونی کفن و هەم کراس

بەڵام من بۆ لە مەرگ دەدوێم؟
لەو وەهمە ڕامنەکراوە!
بە ئاستەم سڵ لە شێوە ترسناکەکەی دەکەمەوە
زۆر لە شێوەی خۆم دەچێت
زۆر لە شێوەی خۆم دەچێت
چوون من بەڕۆژووم لە مەرگ
ئای خودا، دەبێ ئەو نانە زۆر نازداربێ
ئەو گۆشت و خوێنەش زۆر هەرزان!

ئیش.. ئیش.. ئیش
ئەم کارەی من دوایی نایەت
پاداشتەکەم چییە؟ تەختەخەوێک لەپووش
تۆزێ وردە نان و جلێکی شڕ
ساپیتەیەکی پەڕپووت.. زەوییەکی ڕووتەن
مێزێک و کورسییەکی شکاو
دیوارێکی بەتاڵ، کە سوپاسگوزارم
جار جار سێبەرەکەم لەخۆ دەگرێت

ئیش.. ئیش.. ئیش
لە کازیوە تا خۆرنشین
هەر ئیش و ئیش و ئیش
چوون زیندانییەک لەپای تاوانەکەی کار بکا
دروون و پینە و پەڕۆ
پەڕۆ و پینە و دروون
تا دڵ بیمار و مێشک سڕ و
دەستەکان ماندوو دەبن

ئیش.. ئیش.. ئیش
لە ژێر هەتاوی کەمتینی سەرماوەزدا
هەر ئیش و ئیش و ئیش
لە ژێر خۆری بەتین و سووتێنەردا
کاتێک لە ژێر گوێسەبانەکاندا
بێچووە پەرەسێلکەیەک هەڵکورماوە
دەڵێی بە جریوەکەی مزگێنی هاتنەوەی خۆر و
مژدەی گەڕانەوەی بەهارم بۆ دەهێنێ.

ئای، بۆ هەڵمژینی شنەی شیرینی گوڵە شەوبۆ و نێرگزەکان
کە ئاسمان لە ژوور سەرمدایە و
گژووگیاش لەبن پێمدا
بۆ ساتێکی کورت
تا هەستی جارانم بۆ بهێنێتەوە
پێش ئاشنابوونم بە غەمی ئارەزووەکان و
وچانێک بەهاکەی ژەمێک بێت

ئای بۆ دەمێکی کورت
بۆ وچانێک.. قەیدی نییە، با زۆر کورتیش بێ
ساتێک نە بۆ خۆشەویستی نە بۆ هیوا
کەمێک گریان دڵم ئارام دەکاتەوە
وەلێ دەبێ فرمێسکەکانم
لە کۆڵیتە سوێراوەکانیاندا ئۆقرە بگرن
چوون هەر دڵۆپێک، بەربەستێکە
بۆ بەکرە و دەزووی ناو دەستم.

بەپەنجەی ماندوو و کۆڵەوارەوە
بەپێڵوی قورس و سوورەوە
ژنێک لە بەرگێکی ناژنانەدا دانیشتووە
یاری بە دەزوو و بەکرەکەی دەکات.

دروون.. دروون.. دروون
لەو هەژاری و برسێتی و چڵپاودا
هێشتا بەگەروویەکی تژی لە غەم
دەبێ ئەم ئاوازە بگاتە زەنگینەکان!
گۆرانی “سترانی سیپاڵ” دەچڕێت.