سووکایەتیکردن

ئونسی ئەلحاج

June 4, 2018

 

ئونسی ئەلحاج یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرەکانی ناو ئەدەبیاتی عەرەبی. لە ساڵی ١٩٣٧ لە لوبنان لە دایک بووە. لە پاڵ یوسف ئەلخال و ئەدۆنیس، لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری شیعر بوون، ئەو گۆڤارەی کاریگەریی گەورەی لەسەر ڕەوتی شیعری تازەی عەرەبی دانا. لە پاڵ نووسینی شیعردا وەک ڕۆژنامەنووس کاری کردووە. نزیکەی شەش دیوانی شیعری و چەند لێکۆڵینەوەیەکی هەیە. یەکەم دیوانی بە ناوی نە بە یەکەم دیوانی پەخشانەشیعری عەرەبی دادەنرێت. ئونسی لە ساڵی ٢٠١٤ لە لوبنان کۆچی دواییی دەکات. -باڵندە

 

 

 

سووکایەتیکردن
ئونسی ئەلحاخ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەلان

 

 

 

 

 ڕووبارێک لە داڕووخانەکان هەموو شتێک ڕادەماڵێت. پاشماوەکان تەرمەکان دەنێژن، تەرمەکانیش وەهمەکان. خوێن لە خاکدایە، نە دۆست بۆ هیچ کەسێک ماوە نە نیشتمان. نە دیوار بۆ من ماوە نە هەوا

دارستانی بێدەنگیم بسووتێنن، دارستانی دەنگم بسووتێنن. هیچ جێیەکم نەماوە تێیدا گوێی ڕادێرم، تێیدا کەسم خوش بوێت،  تێیدا بمرم. چیتر نازانم من کێم

دەمامکێک لەسەر ڕووخسارم کەوت، دەمامکێکی تریش، یەکێکی تریش
ئینجا ڕووخسارم کەوت
ئینجا سەر و ڕۆحم کەوتن
خۆشەویستی، کینە، ڕق کەوتن، پاشان بێباکی کەوت
ژیان و مەرگم کەوتن

دێموکریتس دەڵێ: “حەقیقەت لە قووڵاییی بۆشاییدایە”.

ئەی حەقیقەت، من ئێستا دەتبینم! لە باوەشتدا خۆم دەگەوزێنم!…
بە دڵنیایییەوە ئەم دیمەنە قێزەونە شایستەی ئەم تەمەنە نەبوو.
بە دڵنیایییەوە هیچ شتێکیش نییە لە وەستانێک بە سووکایەتیکردنەوە زیاتر بهێنێت، یان دانیشتنێک بە سووکایەتیکردنەوە، یان مەستبوونێک بە سووکایەتیکردنەوە، یان چەند وڕێنەیەکی پەرت پەرت بە دوای یەکدا، کە بە تفێک بۆ ڕووخساری جیهان کۆتایی بێت.
ئەگەر جیهان ڕووخسارێکی هەبێت، یان ئەگەر بەڕاستی جیهانێک بوونی هەبێت.