دەست پێ بکە

سیسیلیا سوند کریستنسن/ شاعیری دانیمارکی

December 25, 2018

سیسیلیا سوند کریستنسن خانمەشاعیری دانیمارکی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٣ـیە. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا یەکەمین دەفتەرەشیعری بە ناوی (تێکەڵەی چکلێت) بڵاو کردووەتەوە. لە تەمەنی ١٦ـساڵییەوە دەستی بە  شیعر و کورتەچیرۆک-نووسین کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا خەڵاتی یەکێتیی نووسەرانی دانیمارکی وەک نووسەری لاو بۆ کورتەچیرۆکەکانی بردووەتەوە. شیعرەکانی لە چەندین ئەنتۆلۆژیای شیعری دانیمارکیدا بڵاو کراونەتەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

دەست پێ بکە
سیسیلیا سوند کریستنسن
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

 

دەست پێ بکە

 

لەو تەختانەوە کە بۆنی گڕی ئاگریان لێوە دێ
منیش دەیانکوژێنمەوە
لە دڵەڕاوکێکانمەوە دەست پێ نکە
کاتێک دەکەومە
نێوانیان و نوقمیان دەبم
لەو فرمێسکانەی
کاتێک دەقیژێنم
بە دیوارەکەدا و سەری خۆمی پێدا دەکێشم
لەبەر ئەوەی لەو باوەڕەدا نیم
بمگریتە خۆت

دەست پێ بکە

لەو دڕکانەوە
کە ڕێڕەوی فرمێسکەکانم بەسەر ڕوومەتم لەت دەکەن
هەتا میکاژەکەم بڕژێتە
خوارەوە
خوارەوە
بەسەر زەوی
هەتا لەگەڵ تاڵەقژی پشیلەکە
تێکەڵی چەپەڵی و پیسی دەبێت

دەست پێ بکە

بە کوتانەسەر ئەو تۆنانەی کە لە قیژەکانمەوە دێت
هەتا خوار ئەرزەکە
کاتێک بەدەم ئێسمێسەوە شەکەت دەبم
چونکە من بە نووسین باشتر شەکەت دەبم
لەبەر ئەوەی
گوێت لێ نییە
کاتێک هەناسەم بۆ هەڵنامژرێ و
وشەکانم دەڵێن، ئەوەی دەوترێ و
ڕەنگە بۆ ئەوە بەسە
کە تۆ تێبگەیت
یان
ڕێم بدەیت بڕۆم

دەست پێ بکە

لەو خەوە ناخۆشانەی سەرەتا
کە تۆ پارچەپارچەت کردن
لە ئەوین دەست پێ بکە
هەتا بتوانم بخەوم
بێ ئەوەی لە عارەقە و ترس خەبەرم بێتەوە
و شتێکی دڵگیرانە بوو
کە بەسەر پشتت وەک مرۆڤ هەڵبستمەوە
لە تاریکیدا
چونکە من دواجار
دەڕوێمەوە کاتێک تێک نەشکێم
بەڵام ئێستا وا دیارە کە ئەمەش بێهوودەیە
کە تۆ لە شەودا هۆگرم بیت

دەست پێ بکە

لە شیعرێکەوە
کە لە هەزارەها دڵەڕاوکێ زیاتر دەڵێت
لەوە دەست پێ بکە کە من ناتوانم لێی بدوێم
و هاوکاریم بکە کە تێبگەم
کە ئەوە تەنها لەبەر ئەوەی نەخۆشم
تەنها لەبەر ئەوەی نەخۆشم
تەنها
لەبەر ئەوەی
نەخۆشم
کە من وا بەو شێوەیە دەترسم
چونکە تۆ هەردەم دەتەوێ ئازاد بیت
لەوە دەست پێ بکە و
بەرەو گڕی ئاگرەکە ڕامگوێزەرەوە