سەبارەت بە پەیامی باڵندە

بەختیار عەلی/شاعیر و ڕۆماننووسی کورد

March 18, 2019

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، کە دەکاتە ٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. شاعیرەکە لە لایەن ناوەندی باڵندەوە بۆ نووسینی پەیامەکە دەستنیشان دەکرێت.

 

ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر دەدات لە جیهانی ئێستادا، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر.

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. 

 

ناوەندی باڵندە، بۆ ساڵی ٢٠١٩، شاعیری کورد، بەختیار عەلیی بۆ نووسینی ئەم پەیامە هەڵبژاردووە. ئەو لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات: “جگە لەم هەڕەشانە کە لەسەر زمان و خەیاڵ هەیە، خودی شیعر لە ناوەوە، لە ناو کایەی شیعردا، کێشەی گەورەی هەیە. هەوڵی گۆڕینی شیعر بۆ شتێکی خودگەرا «سوبێکتیڤ»ـی ڕووت، بۆ جۆرە شیعرێک کە بەس کار لەسەر سۆزە سادەکانی مرۆڤ دەکات، هەستە سادەکان دەجوڵێنێت تا ئێستا گرفتی هەرە گەورەی شیعرە.”

 

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. هێندێک لە ڕۆمانەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون و پەخشانەشیعرییەکانی لە زمانی کوردیدا بایەخێکی ئەوتۆیان هەیە. یەکەمین کتێبی شیعریی بەختیار عەلی “گوناهـ و کەرنەڤاڵ”ـە و دواهەمین کتێبی شیعریی بریتییە لە “شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت.”

 

دەقی پەیامەکەی بەختیار عەلی، ئێوارەی ٢١ـی ٣، بڵاو دەبێتەوە.

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، شاعیری دانیمارکی پایک مالینۆڤسکی نووسیی.  پایک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا: “باوەڕم وا نییە شیعر ئەو توانا سروشتییەی هەبێت کە بتوانێت ئاشتی لە جیهاندا بخولقێنێت. هێزی شیعر ئەوەیە لە دەرەوەی دەسەڵات بوەستێتەوە. لە شیعردا پارە نییە، شکۆیەکی ئێجگار کەم هەیە، شیعر هیچ شتێکی نییە کە بتوانیت بە دەستی بهێنیت. لەو ڕووەوە شیعر هەر بەڕاستی دوایین قەڵا و سەنگەرە لە دژی سەرکەوتنی توقێنەری سەرمایەداری.”