شار

کۆستنتین کافاڤی

کۆستنتین کافاڤی/ یۆنان

January 20, 2020

لە شیعری نوێی یۆنانیدا، سێ شاعیرهەن کە زۆر دیارن، ریتسۆس و سیفریس و کاڤافی. لێرە یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی کاڤافی دەخوێننەوە.
کۆستنتین کاڤافی شاعیرێکی میسری-یۆنانییە. دەلێن ساڵانە نزیکەی ٧٠ شیعری دەنووسی، بەڵام ٦-٧ شیعری لێ دەرچێ، هەموویانی دەدڕاند. یەکەمین کتێبی لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا بڵاو کردووە، ئەویش دوانزە شیعر بوون تەنیا دەیدا بە هاوڕێ و شاعیرانی نێوەندە ئەدەبییەکە. دەڵێن کاڤافی پێش ئەوەی بمرێت، لە نەخۆشخانە، لەسەر وەرەقەیەک بازنەیەکی درووست کردووە و لە نێوەندەکەیدا خاڵێکی داناوە.

کاڤافی لە ساڵی ١٩٦٣ لەدایک دەبێت و ١٩٣٣ کۆچی دوایی دەکات.

 

 

شار
کۆستنتین کاڤافی
وەرگێڕانی بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

وتت: “دەڕۆم بەرەو سەرزەمینێکی تر، بەرەو دەریایەکی تر
شارێکی تر دەدۆزمەوە، باشتر بێت لەم شارە
هەموو هەنگاوێک کە دەینێم، بە هەڵەدا دەچێت
دڵیشم، وەک شتێکی مردوو، لە ناخمدا بە نێژراوی ڕاکشاوە.
هەتاکو کەی مێشکم دەبێت ئاوها وردوخاش بێت؟
ڕووم لە هەر لایەک دەکەم، بە هەر لایەکدا دەڕوانم
داڕمانێکی ڕەش دەبینم لە ژیانمدا، لێرە
سالانێکی زۆرم  بەڕێ کرد و
هەموویانم لەدەست دان و بە تەواوەتی وێرانم کردن”.

سەرزەمینی تر و دەریای تر نادۆزیتەوە.
ئەم شارە هەمیشە بە شوێنتەوەیە.
بە هەمان شەقامدا ڕێ دەکەیت و لە هەمان گەڕەکدا تەمەنت هەڵدەکشێ،
لە هەمان ماڵدا، دەبینی پیر دەبیت.
هەمیشە لەم شارەدا بە کۆتا دێیت
هیوا بە هیچ مەخوازە لە شاری تر:
هیچ کەشتییەک نییە بۆ تۆ، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ تۆ
کە تۆ لێرە، لەم قوژبنە بچووکەدا، ژیانی خۆتت بەهەدەر دابێ،
ئەوا لە هەموو شوێنێکی تری ئەم جیهانەدا وێرانت کردووە.