«قریوەیەک ژیانمی گرتە دەست»

پێشەنگ شێرزاد

پێشەنگ شێرزاد/ کوردستان

May 14, 2021

پێشەنگ شیرزاد لە شاعیرە تازە دەرکەوتووەکانی کوردە. لە ساڵی ١٩٩٨ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. پێشتر لە هەندێک گۆڤار و فێستیڤاڵەکاندا شیعری بڵاو بۆتەوە .

 

 

«قریوەیەک ژیانمی گرتە دەست»
پێشەنگ شێرزاد

 

 

 

لە هەیکەلی شەودا بێدەنگییەک هەیە؛
وەک بێدەنگی بودا،
وەک بێدەنگی جەستە وەختێک سەری پەڕێندراوە،
وەک بێدەنگی شەیتان،
یان وەک بێدەنگی دابڕان،
کە وەک پەناهەندە بۆی دەگەڕێمەوە.

لە هەیکەلی زامەکەیشمدا چەند گرێوگۆڵە هەن،
وەک حەقیقەت بەسەر لاپەڕە خوێناوییەکانی ژیانەوە کە ناهێڵێت ساڕێژ ببێت،
تۆ هەیکەلەکەیت یان پەلەپیتکە؟

***

 

ئاژاوەم لە ژیان ڕزگار کردووە و
بە گۆرانیش سنووری جیهانە پەرتبووەکەم کاڵکردۆتەوە،
بەڵام کێ دەتوانێت لەنگەرەکانی زەمەن تێکبشکێنێت؟
کێ بەسەر شەپۆلەکانی زەمەنەوە خۆی دەنووسێتەوە؟
تۆ کە زەمەنێکی بە بەردبوویت،
بە چنگ ڕیشی خۆت بڕنە.

 

بەڵام کێ بەو نهێنییەی شەو دەزانێت؟
ئەوەی نیمە لە شەودا دەستم دەکەوێت،
ئەوەی هەمە شەو لێم دەستێنێت.

***

 

لە قەدپاڵی چیایەکدا ڕاوەستاوم،
چیایەکی سەنگین وەک چەقۆی بەدکارێک بە سینەی پاکیزەیەکەوە،
یان شمشێری جەنگاوەرێک بەنێو بەردێکدا؛ چەقیوە.
لوتکە دێرینەکە منم.
ئەوەی هەزارەها ساڵی ویست تا ڕابماڵرێت.
ئێستا ئەو تاوێرانەم کە لە قوڵاییەوە سەر دەردێنن.
چیاکە بەسەر سەحرایەکی پیرەوەیە،
کە دەستەکان زوو زوو ڕووەو ئاسمان دێن، لم و توڕەیی و ڕەسمی ڕەشەبا بەسەر تەوێڵیانەوە دەسڕن،
ئەو دەستانە منم کە بە گۆرانی ئەم بیابانە ڕانایەت،
من ئەو دەستانەم کە پەنجەکانی بە دڵڕەقی جیهان وردبووە.

 

کێ ئەو دەستانە ساڕێژ دەکات کە زەمەن ڕیشەکێشی کردووە؟
کێ نەفەسێکی پێماوە لەم ڕەشەبایە دوورتر بڕوات و بێتەوە؟
دەستم نەبوو تا هیچم هەبێت،
هەرچیم هەبوو لە لوتکەدا بەجێما.

***

 

چاوەڕێ دەکەم،
جەستەم لەژێر بارانی ئەم سەحرایەدا بگەشێتەوە،
بەڵام جەخار کە دڵم هەروەک میکانیکێک لە دۆزەخەوە،
گڕ و تینوێتی بەسەر هەموو لەشمدا بەش دەکات.
ئەوەی تێرم ناکات بارانە،
خوداوەندان کڵێشەیان بەسەر پێڵومەوەیە،
ئەوەی تێرم دەکات فرمێسکە.

چاوم نۆتە ماندووەکان دەناسێتەوە بەڵام دەمم پڕە لە
لم،
کڵێشەی هیچ خودایەک بە کەڵکی ئەوین دێت؟
کام خودا دەتوانێت گۆرانی بچڕێت لەم تەنهاییەدا؟