دیواربەند

مه‌حموود ده‌رویش/شاعیری فه‌له‌ستینی

January 14, 2019

 

 

(“پێش خوێندنەوە”: مەحموود دەرویش ئەم قەسیدەیەی بە دەم هەستکردن بەوەی ئیتر مەرگ، ژیانی ئاوا دەکات، نووسیوە. ئەوەی لەم قەسیدەیەدا مایەی سەرنجدانە خودی مەرگ نییە وەک ئەوەی کە هەیە و ڕوو دەدات، بەڵکوو وێناکردنی مەرگە لە خەونێکی شاعیرانەدا و لەو ‘شوێن’ و ‘زەمەن’ـەی کە ئەم ئینسانە مەزنە خۆی خوڵقاندوونی و لە خەیاڵێکی داهێنەرانەدا مامەڵەی لەگەڵدا کردوون، بە جۆرێک کە هەردووک شوێن و زەمەن لەم قەسیدەیەدا لە بزاوت و گەمەکردنێکی بەردەوامدان. لە بە-کوردی-کردنی ئەم بەشەی قەسیدەکەدا، هەوڵم داوە هێندەی کرۆک و فەزای دەقەکە ڕێیان پێ دابێتم، دوور بم لە وەرگێڕانی حەرفی. من بۆ خۆم، مەرگدۆست نیم، بەڵام بریا وەک مردنی ناو ئەم قەسیدەیە، دەمردم!– وەرگێڕ).

 

دیواربەند
بەشێک لە قەسیدەکە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار

 

 

ئەمە ناوەکەی تۆیە/

ژنێک وای گوت و

لە ڕاڕەوە پێچاوپێچەکەدا لە چاو ون بوو.

لەوێ ئاسمان دەبینم لەبەر دەستی هەمواندایە.

باڵی کۆترێکی سپییش،

بەرەو منداڵێتییەکی ترم دەبات.

ئەوە خەون نەبوو، تا بڵێم ئەمە خەونە و دەیبینم.

هەموو شتێک واقیعییانە دەردەکەوێ.

من دەمزانی خۆم بە لاوە دەنێم و

دەکەومە فڕین و

دەبمە ئەوەی

کە لە دواهەمین فەلەکدا دەبێت ببم.

***

 

هەموو شتەکان سپی دەچنەوە،

ئەو دەریایەش

کە بە سەربانی هەورێکی سپییەوە هەڵواسراوە!

 

بە ئاسمانی سپیی موتڵەقەوە، “هیچ”یش سپی دەچێتەوە.

من هەبووم و نەشبووم.

بگرە لە سووچەکانی ئەم ئەبەدییەتە سپییەدا،

من تاکوتەنیا بووم!

بەر لە وادەکەی خۆم هاتم،

تاقە یەک فریشتەش دیار نەبوو

تا پێم بڵێت:

“لەوێ، لە دونیادا، چیت کردووە؟”

نە هووتافی پیاوچاکانیشم بیست،

نە ناڵەی گوناهکاران…

من لە سپێتیدا تەنیام، تەنیا!…

***

 

لەبەر دەرگای قیامەتدا

هیچ شتێ ئازارم نادات

نە زەمان و نە زریانەکان.

هەست بە سووکیی شتەکان،

یان قورساییی ئەندێشەکان ناکەم.

لەبەر دەرگای قیامەت؛

کەسێکم نەبینی تا بپرسم:

ئەمێستاکە، “کوێی” من، لە کوێیە؟

شاری مردووان لە کوێیە و

ئەی من لە کوێم؟

لێرە لەم ناشوێن و نازەمەنەدا،

نە ‘عەدەم’ هەیە، نە ‘بوون’!

***

 

منیش وەک ئەوە وایە

بەر لە ئێستا مردبێتم!
من ئەم خەونە دەناسمەوە و

دەشزانم بەرەو شوێنێ ڕێ دەکەم، نازانم کوێیە!

ڕەنگە لە شوێنێکدا

هێشتا زیندوو بم و

بشزانم چیم دەوێت!

ڕۆژێک دەبمە ئەوەی خۆم دەمەوێت.

***

 

ڕۆژێک دەبمە ئایدیایەک،

نە شمشێرێک دەیباتەوە وێرانەخاک، نە کتێبێک.

چەشنی بارانێک بە شاخێکەوە

لە خۆکردنەوەی گیایەکدا درز ببات،

ئیدی نە هێز،

نە عەدالەتی پەڕاگەندە،

سەرکەوتن بە دەست ناهێنن!

***

 

ڕۆژێک دەبمە ئەوەی خۆم دەمەوێت!

***

 

ڕۆژێک دەبمە باڵندەیەک،

بوونی خۆم لە عەدەمم دێنمە دەرێ.

ئەو دەمەی باڵەکانم دەسووتێن،

لە حەقیقەت نزیک دەبمەوە و

لە خۆڵەمێشەوە دێمە دەرێ و ڕادەبمەوە.

من پەیڤینی ئەو کەسانەم کە خەون دەبینن.

بۆ ئەوەی یەکەمین گەشتی خۆم

بەرەو ‘مانا’ تەواو بکەم،

وازم لە جەستە و دەروونی خۆم هێنا،

کەچی جەستەم سووتاندمی و دواتر ئاوا بوو.

من خۆم ئاوابوونم.

من ئاسمانزادەیەکم، وەک نێچیر ڕاو نراوم!

***

 

ڕۆژێک دێت ببمە ئەوەی خۆم دەمەوێت!

***

 

ڕۆژێک دەبمە بۆڵەترێیەک،

با لە ئێستاوە هاوین بمگوشێ و

ئەو ڕێبوارانە لە شەرابەکەم بخۆنەوە

کە بە سورەیاکانی شوێنێکی وەک شەکردا دەپەڕنەوە!

من پەیام و پەیامبەرم،

من ئەدرێسە بچووکەکانم و هەر خۆیشم پۆستەم.

***

 

ڕۆژێک دێت ببمە ئەوەی خۆم دەمەوێت!

***

 

ئەمە ناوەکەی تۆیە/ ژنێک وای گوت و

لە ڕاڕەوی سپێتیی خۆیدا لە چاو ون بوو.

ئەمەیە ناوەکەت،

سا ناوەکەت باش ئەزبەر بکە،

لەسەر هیچ حەرفێ جیاوازیت لەگەڵیدا نەبێ و

گوێ مەدەرە بەیداخی خێڵەکان!

ببە هاوڕێی ناوە ئاسۆیییەکەی خۆت،

لەگەڵ زیندووان و مردوواندا، تاقی بکەوە و

هاوڕێ، لەگەڵ غەریباندا، ناوەکەت ڕابهێنە

کە بە دروستی بێتە گۆ.

پاشان ناوەکەت

لەسەر یەکێ لە تاشەبەردەکانی ئەشکەوت بنووسە!

–        ئەی ناوەکەم: ئەو دەمەی من گەورە دەبم

تۆیش گەورە دەبیت.

هەڵم دەگریت و هەڵت دەگرم،

غەریب برای غەریبە!

پێکەوە، بە حەرفی بزوێنی نەزرکراو بۆ ‘نای’ـەکان،

مێینە کەمەندکێش دەکەین!
– ئەی ناوەکەم: ئەمێستاکە ئێمە لە کوێین؟

پێم بڵێ:

ئێستا، کەیە؟ ئەی سبەی، کەیە؟

زەمان چییە و شوێن چییە و

ئەی کۆن چییە و تازە چییە؟

***
ڕۆژێک دەبینە ئەوەی دەمانەوێت!

***

نە گەشتەکە دەستی پێ کرد،

نە ڕێگەکەش کۆتایی هات!

حەکیمەکان بە غوربەتی خۆیان نەگەیشتن.

غەریبەکانیش بە حیکمەتی خۆیان نەگەیشتن.

لەو  هەموو گوڵەش،

بێ لە گوڵاڵەسوورە، چ گوڵێکمان نەناسییەوە!

دەسا با بچینە سەری سەرەوەی دیواربەندەکان:

زەمینی قەسیدەم سەوز و لە بەرزاییدایە.

لە بەربەیاندا، کەلامی خوا، زەمینی قەسیدەی منە!

منیش دوورم…

دوورم من!

***

لە هەر بایەکدا،

ژنێک گەمە بە شاعیرەکەی خۆی دەکات.

– ئەو ڕێیە بگرە

کە خۆت بە دیاری پێشکەشت کردم،

ئەو ڕێیەی کە وێران بوو!

 

 

مێینەییم بدەرەوە.

من هیچم نەماوە، ئەوە نەبێت

لە چرچولۆچییەکانی دەریاچە ورد ببمەوە.

سبەینێم لێ ببە و دوێنێم بدەرەوە.

دوای تۆ،

دوێنێی من یان کۆچ دەکات یان دەگەڕێتەوە.

***

– تۆش؛ ئەی ژنەکە!

گەر پێت خۆشە، قەسیدە ببە بۆ خۆت!

من لە قەسیدەدا، بێ لە تۆ چی دیکە شک نابەم.

وەرە و “من”ـەکەی خۆت ببە!

من ئەم مەنفایە بەو نامانە تەواو دەکەم

کە دەستەکانی تۆ، بۆ کۆتریان جێ هێشت!

کاممان دەبینە “من”،

بۆ ئەوەی ئەزیش ببمە ”ئەو”ـەکەی تر؟

 

ئەستێرەیەک

لە نێوانی نووسین و قسەدا دەڕژێت و

 

(یادگاری)یش سەرەقەڵەمی

ختوورەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە:

ئێمە لە زەمانی شمشێر و شمشاڵدا،

لە نێوانی ‘هەنجیر’ و ‘سوبێر’دا لە دایک بووین.

ئەودەم مردن هێواشتر بوو. ڕۆشنتر بوو.

ئەوکات مردن

پشووی دەمڕێژنەی ئەوانە بوو

کە لە ڕێژگاوی ڕووبار دەپەڕینەوە.

کەچی ئەمێستا،

دوگمەیەکی ئەلێکترۆنی بۆ خۆی هەموو شتێکە.

نە بکوژێ گوێ لە کوژراوەکان دەگرێ و

نە شەهیدێک وەسیەتی خۆی دەخوێنێتەوە!

***

 

تۆ لە کام باوە هاتیت؟

ناوی زامەکەی خۆت بڵێ،

ئەو ڕێیانە بناسەوە کە دوو جار تێیاندا ون دەبین!

هەموو ترپەیەک لە تۆدا ژانم دێنێتێ و

دەمباتەوە بۆ زەمەنێکی خورافی.

خوێنەکەشم ئازارم دەدات،

خوێیش ئازارم دەدات، خوێنبەریش ئازارم دەدات.

***

 

لە گۆزە شکاوەکەدا

ژنانی کەناراوەکانی ‘شام’،

شینوزارییان لە دەست درێژیی ڕێگا دەکرد و

بە گڕەی خۆرەکەی مانگی ئابیش داخ بووبوون.

من پێش لەدایکبوونم،

ئەو ژنانەم لە سەرەڕێی کانی بینیبوون و

گوێم لە دەنگی ئاوی ناو گۆزەکە بوو، دەیلاواندنەوە:

بۆ خاتری ئەوەی زەمەنی ئاسوودەیی بێتەوە

ئەو ژنانە، دەچوونەوە بۆ لای هەور!

***

 

‘سەدا’ گوتی:

هیچ شتێک ناگەڕێتەوە

جگە لە ڕابووردووی کەسە بەهێزەکان نەبێت

بە سەر ستوونە بەردینەکانی دەم ئاسۆوە!

“ئاسەواری ئەوان، ئاڵتوونی بوو، ئاڵتوونی!”

نامەی ستەمدیدەکانیش بۆ سبەی:

نانێکمان بدەرێ بەشمان بکات و

ئێستایەکی بەهێزیشمان پێ ببەخشە.

ئیتر ئێمە ناتوانین بچینەوە ناو یەکتر و

جێگەی یەکتر بگرینەوە و

ئیتر ناتوانین نەمر بین!

***

 

سەدا گوتی:

منیش شەکەت بووم بە دەست

ئەم ئومێدە کوشندەیەی خۆمەوە.

شەکەت بووم بە دەست داوی جوانییەکانەوە:

لە دوای ‘بابل’ دڵ بە چیی خۆش بکەم؟

ئەو دەمەشی ڕێگا بەرەو ئاسمان کرایەوە و

ئامانجی کۆتایییش لە هەناوی مەجهوول هاتە دەرێ،

ئیدی پەخشانەکان وەربوونە ناو سەڵەوات و

سروودەکان کاڵ بوونەوە!

***

 

سەوزە… زەمینی قەسیدەم سەوز و لە بەرزاییدایە!

ئەم زەمینە سەوزەم،

لەناو لیتاوی شیوەکەی خۆمەوە

بەسەر خۆمدا دەڕوانێت!

تۆ لە ماناکەی خۆتدا نامۆیت.

هێندە بەسە کە بە تەنێ هەر خۆت لەوێ بیت،

بۆ ئەوەی ببیتە خێڵێک!

من گۆرانیم چڕی بۆ ئەوەی

ڕەهەندێکی بەهەدەرچوو

لە ئازاری کۆترێکدا کێشانە بکەم،

نەک بۆ ئەوەی

شەرحی ئەوە بکەم کەخودا بە ئینسانی دەڵێت!

من پێغەمبەر نیم

هەتا بانگەشە بۆ سرووشێ بکەم و

جاڕی ئەوە بدەم کە خەرەندی من سەرکەوتنە!

***

 

من غەریبم بە هەموو ئەو زمانەی خوڵقاندوومە؛

ئەگەر عاتیفەی خۆم بە حەرفی “ز” گەردنکەچ بکەم،

کەچی عاتیفەم، بە حەرفی “ی”، گەردن بە من کەچ دەکات!

ئەو وشانەشی کە دوورن لێمەوە،

زەمینێکیان هەیە کە هاوسێی ئەستێرەیەکی باڵاترە.

ئەو وشانەشی کە نزیکن لێمەوە، مەنفایەکیان هەیە!

کتێبیش بەشی ئەوە ناکات بۆ وەی بڵێم:
پڕ بە پڕی ونبوون

من لێرە حزوورم هەیە!

ئەو دەمەشی بۆ خۆم گەڕام،

ئەوانی ترم دۆزییەوە.

ئەو دەمەشی بۆ ئەوان گەڕام،

جگە لە ‘خۆم’ـی غەریب، چی ترم لەواندا نەدۆزییەوە،

بڵێی من تاکێکی قەرەباڵغ نەبم؟

***

 

منی غەریب،

لە “شیرەڕێ”ـوە (*) هەتا گەیشتن بە ئازیز،

شەکەت بووم.

بە دەست ئاوەڵناوی خۆمەوە شەکەت بووم.

هەتا دێت ‘فۆرم’ تەسک و ئاخافتنیش فراوان دەبن!

لەناو وشەکانی خۆمدا، ئیتر جێگەم نابێتەوە.

لە ئاوێنەکاندا تەماشای خۆم دەکەم:
بڵێی ‘من’، ‘ئەو’ بم؟

بڵێی ڕۆڵی خۆم لە کۆتافەسڵدا بە چاکی بگێڕم؟

بڵێی شانۆنامەکەم بەر لە نمایش،

بە چاکی خوێندبێتەوە یان سەپێنراوە بە سەرمدا؟

بڵێی من ئەو کەسە بم کە ڕۆڵەکە دەگێڕێ،

یاخود ئەو کەسەی کە بووەتە قوربانی

ئیفادەکەی خۆی گۆڕیوە

بۆ ئەوەی لە پۆستمۆدێرنەدا بژی، پاش ئەوەی

نووسەری شانۆنامەکە لە سەمتی دەقەکە لای دا و

ئەکتەر و بینەرانیش بڵاوەیان لێ کرد؟

منیش لە پشت دەرگاکەوە دانیشتم و

کەوتمە ڕوانین:

بڵێی ‘من’، ‘ئەو’ بم؟

ئەمە زمانی منە.

ئەم دەنگەش، ئازاری خوێنەکەمە و

کەچی نووسەرەکە، کەسێکی ترە!

من لە خۆم نیم، گەر هاتم و نەگەیشتم.

من لە خۆم نیم، گەر نوتقم دا و هیچم نەوت.

من ئەو کەسەم

کە حەرفە تەمومژاوییەکان پێی دەڵێن:

بنووسە بۆ ئەوەی هەبیت!

بخوێنەوە بۆ ئەوەی پەی ببەیت!
گەر ویستت بدوێیت، کردار بنوێنە.

دژەکانت، لە ناو مانادا یەک دەگرن!

دەبێ ناوەوەت ڕۆشن بێت!

***

 

هەرچوار دەورم دەریاوانە و کەچی بەندەرێک نابینم!

بێهوودەیی، منی خاڵی کردەوە لە ئیشارەت و دەستەواژە،

کاتێکم نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی

بۆ چاوترووکانێکیش بێت،

پێگەی خۆم لە نێوان دوو پێگەدا بدۆزمەوە!

من هێشتاکە پرسیارەکەی خۆمم نەکردووە،

پرسیاری لەیەکچوونی کازیوەییی نێوان دوو دەرگا:

دەرگای چوونەدەرەوە و دەرگای هاتنەژوورەوە!

مردنێکیشم نەدۆزییەوە هەتا ژیانی پێ ڕاو بکەم.

دەنگێکیشم نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی هاواری پێ بکەم:

هێی ئەی زەمەنی تیژڕۆ!

تۆ، منت لەو حەرفە ئاڵۆزانە فڕاند کە پێیان دەگوتم:

ئەو شتەی ڕاستەقینەیە، دڵنیا بە! هەمان شتیش خەیاڵییە.

***

 

ئەی ئەو زەمەنەی چاوەڕێی هیچت نەکرد!

چاوەڕێی چ کەسێکت نەکرد

کە لە وادەی لە دایک بوونی خۆی دواکەوت!

لێگەڕێ ڕابوردوو تازە ببێتەوە،

ئاخر ئەو ڕابوردووە

یادی تاقانەی خۆتە لەنێوانی من و تۆدا.

یادی ئەو ڕۆژانەیە،

ئێمە هاوڕێکانی تۆ بووین

نەک قوربانیی نێو ماشینەکانت!

لێگەڕێ ڕابوردوو هەروەک خۆی بێت،

نە کەس یـخ بدات و، نە کەسیش یخـی بدات!

***

 

ئەو شتانەم بینی

کە مردووان بیریان دەکەوێتەوە و ئەوەشی لە بیریان دەچێت.

ئەوانم دەبینی؛ گەورە نابن و،

کات لە سەعاتەکانی دەستیاندا دەخوێننەوە.

ئەوان هەرگیز،

نە هەست بە مردنی ئێمە دەکەن و،

نە بە ژیانی خۆیشیان.

هەستم دەکرد، من هیچ نەبووم و نابمە هیچیش!

هەستم دەکرد، هەموو ڕاناوەکانیش شی دەبنەوە.

ڕاناوی ‘ئەو” لە ڕاناوی “من”

یان لە ڕاناوی “تۆ”دا

دەتوێتەوە.

نە “هەموو”یەک هەیە، نە “بەش”ـێک!

نە زیندوویەکیش بە مردوویەک دەڵێت:

ببە بە من!

***

 

ڕەگەز و هەستەکانیش، شتاقیان شی دەبنەوە.

منیش نە جەستەی خۆم لەوێندەرێ دەبینم و،

نە هەست بە هەڕەتی مردن

یان بە ژیانی یەکەمجارم دەکەم.

وەک ئەوەی من لە خۆم نەبم..

من کێم؟

من کەسێکی مردووم یان لەدایکبووم؟

***

 

کات؛ سفرە!

ئەو دەمەی مەرگ بەرەو سەدیمی گەردوون هەڵی فڕاندم،

بیرم لای لەدایکبوون نەبوو.

ئاخر ئەودەم، نە زیندوو بووم، نە مردوو.

ئاخر لەوێ، نە عەدەم هەیە، نە وجود!

***

 

سستەرەکەم پێم دەڵێ؛ ئیستاکە حاڵت باشترە!

دواتر بە دەم بەنجکردنمەوە پێم دەڵێت:

“هێور بە و شایستەی ئەو خەونە بە

کە پاش کەمێکی تر دەیبنیت”.

***

 

پزیشکە فەرەنسییەکەمم بینی!

بینیم دەرگای زیندانەکەی دەکاتەوە و دارکارییم دەکات،

دوو پۆلیسیش لە پۆلیسەکانی دەوروبەری شار،

هاوکاریی دەکەن!

***

 

باوکمم بینی

بە بووراوەیی لە حەج گەڕابووەوە،

خۆری حیجاز لێی دابوو.

بە پۆلە فریشتەکەی دەوری خۆی دەگوت: بمکوژێننەوە!

***

 

هەندێ کوڕوکاڵی خەڵکی ‘مەغریب’م بینی

یاریی تۆپانێیان دەکرد.

بە دەم بەردبارانکردنی منەوە هاواریان دەکرد:

ئەی ئەو باوکەی ڕێگەی گۆڕستانت هەڵە کردووە،

دایکی خۆمانمان بۆ جێ بهێڵە و،

بە کەشتییەکەت بگەڕێوە!

***

 

” ڕێنێ شار”م بینی

لەگەڵ ” هایدیگەر “

بە دووریی دوو مەتر لەولای منەوە دانیشتبوون،

بینیمن شەرابیان دەخواردەوە و

کەچی باسی شیعریان نەدەکرد!

هەڤپەیڤین دەبووە تیشک،

“سبەینێ”یەکیش، ڕاگوزەرانە چاوەڕێی دەکرد!

***

 

سێ هاوڕێکەی خۆمم بینی شیوەنیان دەگێڕا و،

بە دەزووی زێڕین کفنیان بۆ من دەدووری!

***

” مەعەڕڕی “م بینی

ڕەخنەگرەکانی لە دەوری قەسیدەکەی خۆی دەردەکرد:

من کوێر نیم، ئاخر ئەوەی من پەی پێ دەبەم، ئێوە پێی نابەن

“پەیپێبردن” نوورێکە دەچێتەوە سەر عەدەم، یاخود شێتبوون!

***

 

وڵاتێکم بینی،

بە دەستە سپێدەییەکانی خۆی

لە ئامێزی دەگرتم و پێی دەگوتم:

شایستەی بۆنی ‘نان’ بە!

شایستەی گوڵەکانی سەر شۆستەش بە!

ئاخر تەندوورەکەی دایکت هەتا ئێستاش داگیرساوە و،

سڵاویش وەک کولێرەی نان گەرمە!

***

 

سەوز دەچێتەوە،

زەمینی قەسیدەم سەوز دەچێتەوە.

یەک ڕووبار بەسە بۆ ئەوەی بە چرپە،

بە پەپوولەیەکی مێینە بڵێم:

–        وای، خوشکەکەم!

بە تەنێ ڕووبارێک بەسە

بۆ فریودانی ئەفسانە کۆنەکان

هەتا لەسەر باڵی هەڵۆ بمێننەوە،

هەڵۆیەک ئەو دەمەی

بەیداغ و لوتکە دوورەکان دەگۆڕێت،

ئەو لوتکانەی تێیاندا سوپاکان،

مەمالیکی بیرچوونەوەیان بۆ من دانا!

میللەتێک نییە بچووکتر بێ لە قەسیدەکەی ئەو!

کەچی لە قەسیدەکەیدا،

چەک، وشەکان بۆ مردووان و زیندووان بەرهەڵڵا دەکا و،

حەرفەکانیش

شمشێری هەڵواسراوی بەرپشتوێنی فەجر دەدرەوشێننەوە!

بیابانیش، بە گۆرانی دەمێ کەم دەکا و دەمێکیش زیاد.

***

 

تەمەنێک نییە بەشی ئەوە بکات

کۆتاییی خۆم بە سەرەتامەوە گرێ بدەم.

شوانەکان حیکایەتەکەی منیان برد و

بەسەر جوانییەکانی داروپەردوودا

چوونە قووڵاییی گیاوە و،

بە ژەنینی زوڕناکان و بە گوتنەوەی قسەی باوی قافیەدار

سەرکەوتنیان بەسەر بیرچوونەوەدا وە دەست هێنا و،

دەنگی نووساوی یادگاریشییان

لەسەر بەردی ماڵئاوایی بۆ من جێ هێشت و

ئیتر نەگەڕانەوە!

***

 

ڕۆژەکانمان پڕ بوون لە ڕەعیەتبازی،

ڕەعیەتبازییەک لە نێوان خێڵ و شاردا!

منیش، ئەی ژنەکە، شەوێکی تایبەتم بۆ کەژاوەکەی تۆ

کە بە سەراب ڕازابووەوە، نەدۆزییەوە.

تۆش پێت گوتم:

من بەبێ تۆ، چ پێویستیم بە ناوەکەی خۆمە؟

بانگم کە،

ئاخر من ئەو دەمە تۆم خوڵقاند کە ناوت نام و،

تۆش ئەو دەمە منت کوشت کە بوویتە خاوەنی ناوێک!

وای، چۆن منت کوشت!

منێکی غەریبی هەموو ئەم شەوە،

بمبە بۆ دارستانەکانی شەهوەتت،

لە ئامێزتم نێ و

بمگوشە و

هەنگوینی پاراوی شەوی بووک و زاوایەتی،

بڕێژە سەر شانەی هەنگ و

بە قەد پڕبوونی دەستەکانت لە با

پەرشوبڵاوم بکە و

پاشان کۆم کەرەوە.

ئەوەتا شەویش ڕۆحی خۆی

تەسلیمی تۆ دەکات هۆ پیاوە غەریبەکە!

ئاخر ئەستێرەیەک نییە من نەبینێ و

نەزانێ خانەوادەکەم بە ئاوی لازیوەرد دەمکوژن!

سا بمدەرێ،

– ئەو دەمەی من گۆزەکەم بە دەستی خۆم دەشکێنم -،

ئێستای بەختەوەری خۆمم بدەرێ!

 


 

 

سەرنجی وەرگێڕ:

(*) شیرەڕێ: لە دەقە ئەسڵییەکەدا بە (درب الحلیب) هاتووە، پاش گەڕانێکی ورد، بۆم دەرکەوت مەبەست لەو پۆلە ئەستێرەیەیە کە بەشێکن لە سیستمی خۆر لە کەوندا و پێیان دەوترێت (مجرة). بۆ نموونە وەک (درب التبانة) کە لە جیۆگرافیادا بە زمانی کوردی کراوەتە (ڕێگەی کاکێشان). منیش لە بەر ڕەزمی قەسیدەکە بە چاکم زانی کە (درب الحلیب) لە بری “ڕێگەی شیر”، بە “شیرەڕێ” تەرجەمەی بکەم. بۆ نموونە، ئەگەر ڕێگەیەک ڕکە و سەخت بێت، کورد پێی دەڵێت ”بزنەڕێ” نەک “ڕێگەی بزن”.

– ڕێنێ شار: شاعیرێکی فەرەنسییە.

– هایدیگەر: فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە.

– مەعەڕڕی: مەبەست لە ‘ئەبو عەلای مەعەرری’ـی شاعیرێکی عەرەبە.

 

(وەرگێڕ – ئوسترالیا – ویلایەتی کوینسلاند – پایزی 2017 ی بریسبن).

سەرچاوە:

http://mahmouddarwich.blogspot.com/2006/02/blog-post.html