نەوال شەریف بۆ باڵندە دەدوێت

نەوال شەریف، لە کاتی شیعرخوێندنەوەدا

December 29, 2018

 

 

نەوال شەریف، کچەشاعیری ئەمازیغی، لەدایکبووی ١٩٩٣ـیە. لە ساڵی ٢٠١٥ـوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتیمانیی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەڕێوبەرایەتیی شەپۆلی ڕۆشنبیری. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیری و لاوانە. دیوانێکی شیعریی هەیە بە ناوی “من خراپم”. لێرەدا گفتوگۆی تایبەتی ماڵپەڕی باڵندە دەخوێننەوە، لەگەڵ نەوال شەریفدا، کە تێیدا لە مەڕ بۆچوونی خۆی سەبارەت بە شیعر و شاعیریەتی  و دنیای نووسین دەدوێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە شیعر زەمەنێکی تایبەت بە خۆی هەیە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

سازدان و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

باڵندە: کەی بڕیارت دا ببیتە شاعیر؟ باسی ئەزموونەکەتم بۆ بکە لە سەرەتاوە.

نەوال شەریف: ناتوانین بڕیار بدەین ببینە شاعیر. پێم وایە بۆ من لە سەرەتاوە شتێکی حەتمی بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان شیعر بنووسم، چونکە من لە چاوگەیەکی شیعرییەوە لە دایک بووم. بەو پێیەی دایکم ئەمازیغییە و ڕێکەوتیش وای خواست من لە ناوچەی “تابانت الهضبة السعيدة” لە دایک بم، بۆیە هەر لەوەتەی چاوم کردووەتەوە داربیی بەڕەونەقم بینیوە، کە لە بەردەممدا نووشتاونەتەوە و گوێم لە خوڕەی تاڤگە و دۆڵەکان بووە. بەسەر شاخەکاندا سەر کەوتووم و هەموو ئیوارانێکیش ڕانی نەنکمم کردووە بە سەرین و گوێم لە چیرۆکە ئەفسانەیییە نایابەکانی گرتووە. ئا لەم شتە بچووکانەوە هەستکردنێکی قووڵی ڕاستگۆیانە لە دایک دەبێت. من کچی سروشتم، کچی دۆڵم، چۆن دەکرێت شتێک نەنووسم نزیک بێت لە شیعرەوە. سەرەڕای ئەمانەش باوکم زۆر حەزی لە ئەدەبیاتی فەڕەنسی و ئەدەبیاتی ڕۆژئاوایی بوو بە گشتی. بۆیە زۆربەی کتێبەکانی کتێبخانەکەی ماڵەوەمان فەڕەنسی بوون، منیش هەر کتێبێکم بە زمانی عەرەبی دەخوێندەوە، هەر لە تەمەنێکی زووەوە هەوڵم داوە وەری بگێڕم بۆ فەڕەنسی. هەروەها لە قوتابخانەشدا لە وانەی نووسینی (داڕشتن)دا زۆر باش بووم، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خولیا زۆرەی ئەو کاتەم بۆ وردبوونەوە و تێڕوانین لە هەموو شتەکانی چواردەورم و پرسیارکردن دەربارەیان. لە تەمەنی هەرزەکارییشمدا یەکەم بەرکەوتنم لەگەڵ جوبران خەلیل جوبراندا ڕووی دا. لەگەڵ تێکستەکانیدا زۆر بە پیرۆزی و ڕێزەوە مامەڵەم دەکرد، هەموو شەوێک دەمخوێندەوە و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: “ئێستا کاتی بەیەکگەیشتنە لەگەڵ پەیامبەردا.”

 

باڵندە: گرنگی شیعر لەم سەردەمەدا چییە؟

نەوال شەریف: شیعر کات و شوێن ناتوانێت دیاری بکات، هەمیشە گرنگە، لەبەر ئەوەی بەشێکە لە بوون، بەشێکە لە جیهان و بەشێکیشە لە خۆمان. کاتێک دایکێک منداڵی دەبێت ئەوە شیعرە. ماچی باوکەکان شیعرە. هەڵکشان لەناو خۆشەویستیدا شیعرە. مەرگیش شیعرێکی قووڵە. جیابوونەوە شیعرە. هەر ژیان بە گشتی قەسیدەیەکی درێژە، هەرچەند کورتیش دەربکەوێت.

 

باڵندە: بەڵام تۆ هەر بە شیعر وەڵامت دامەوە. بۆ نموونە دەڵێیت “کاتێک دایکێک منداڵی دەبێت ئەوە شیعرە”! من ئەم پرسیارەم بۆ گرنگە: بۆچی شیعر بخوێنینەوە؟

نەوال شەریف: شیعر پێش ئەوەی بیخوێنینەوە دەبێت تێیدا بژین، شیعر پرسیارە. کاتێک شیعرێک دەخوێنینەوە ئێمە دەمانەوێت وەڵامی پرسیارێک بە پرسیارێکی تر بدەینەوە.

 

باڵندە: پەیوەندی شیعر بە زەمەنەکەی و کۆمەڵگەکەیەوە چییە؟

نەوال شەریف: زەمەن ڕووی بەرانبەری شوێنە. شیعری ڕاستەقینە بڕوای بە زەمەن نییە، بەڵام بۆ خۆی زەمەنێکی هەیە لە دەرەوەی بوون، زەمەنێکە کە پەیوەندیی بە شوێنەوە نییە. بەڵام دەتوانێت گۆچانێکی جادوویش بێت بۆ زۆرێک لەو دیاردانەی کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت، وەک توندوتیژی و وێرانکاری و جەنگ.

 

شیعری ڕاستەقینە بڕوای بە زەمەن نییە، بەڵام بۆ خۆی زەمەنێکی هەیە لە دەرەوەی بوون

 

باڵندە: باشە. بە فەڕەنسی دەنووسیت؟

نەوال شەریف: پێشتر دەمنووسی.

 

باڵندە: ئەی ئێستا بۆ نا؟

نەوال شەریف: حەز دەکەم بە فەڕەنسی بخوێنمەوە و بە عەرەبی بنووسم.

 

باڵندە: هەستت چۆنە بەرامبەر کاردانەوەی خوێنەرەکانت بۆ کارەکانت؟

نەوال شەریف: پێم وایە خوێنەرەکانم هەست بەو وزەیە دەکەن کە لە ناوەوەمدایە. وزەیەکی نامۆ و چێژبەخشیشە. پێشم وا نییە بکرێت هەموو کەس ئەو شتانەیان بە دڵ بێت کە دەینووسین، بەڵام وەک خۆم بە گشتی دەستخۆشییم لێ کراوە و قسەی باش لەسەر کارەکانم کراوە لە لایەن خوێنەرەکانەوە. هەرچەند بۆ خۆم پێم وایە جارێ من دەستم نەکردووە بە نووسین.

 

باڵندە: جگە لە شیعر شتێکی تر هەیە جێی بایەخدانت بێت؟

نەوال شەریف: بەڵێ. لە بواری تریشدا دەنووسم جگە لە شیعر، شانۆنامە، چیرۆک، هەوڵی نووسینی ڕۆمانیش، بەڵام ئەمانە کەسە زۆر نزیکەکانم نەبێت کەسی تر نەیبینیون. ڕەنگە ئەگەر کامڵ بوون کاتێک بێت بڵاویان بکەمەوە. حەزم لە هونەری شێوەکاری و سەمای تەعبیرییش هەیە.

 

کاتێک شیعرێک دەخوێنینەوە ئێمە دەمانەوێت وەڵامی پرسیارێک بە پرسیارێکی تر بدەینەوە

 

باڵندە: گرنگی دەدەیت بە سیاسەت یان بیرێکی سیاسی؟

نەوال شەریف: وەک حیزب؟

 

باڵندە: بە گشتی.

نەوال شەریف: من چەپ بووم. ( بە پێکەنینەوە). دەتوانین بڵێین چەپگەرم. پاپەندیم بە هیچ حیزب و لایەنێکەوە نییە، بەڵام وەک پرەنسیپ، من چەپم.

 

باڵندە: باشە گەر پێت بڵێم باشترین شیعر تا ئێستا خوێندبێتەوە کامەیە؟ چی دەڵێیت؟

نەوال شەریف: شیعری باشم زۆر خوێندووەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو شیعرانەی کە حەزم لێیان بووە، شاعیرەکانیان خۆیان کوشتووە. (بە پێکەنینەوە)

 

من کچی سروشتم، کچی دۆڵم، چۆن دەکرێت شتێک نەنووسم نزیک بێت لە شیعرەوە

 

باڵندە: پەیوەندی لە نێوان شاعیربوون و خۆکوشتندا چییە؟

نەوال شەریف: بەڕاستی نازانم. منیش زۆر جار ئەم پرسیارەم لە خۆم کردووە. هەندێک جار دەڵێم، ڕەنگە شاعیر حەز بکات بەرپەرچی هەموو یاسایەک بداتەوە، بیەوێت لە هەموو شتێکدا ئازاد بێت، تەنانەت خۆیشی کاتی مردنەکەی دیاری بکات.

 

باڵندە: دواپرسیار، تۆ بە ڕاستی خراپیت؟

نەوال شەریف: ڕێژەیییە. ڕەنگە جیهان هەمووی خراپ بێت. لەوانەشە خراپە تەنیا وەهمێک بێت. بە تێڕوانینی من، خراپە وشەیەکی جێگیر نییە، وەک “سەماکەرەکە” وایە. خراپە چەندێک لە کۆمەڵگەشدا وەلانرێت، هێشا لە نەستدا جوانە.

 

باڵندە: باشە با بە شێوەیەکی چاولێکەرانە تەواوی بکەین. دواوتەت؟

نەوال شەریف: بێزار بوویت؟ دواوتەم: دەمەوێت هەشتا ساڵ بژیم. (بە پێکەنینێکی زۆرەوە)