وەشانخانەی باڵندە زنجیرەی کتێبە شیعرییەکانی وریا مەزهەر بڵاو دەکاتەوە

بەرگی کتێبەکانی وریا مەزهەر

November 13, 2021

وەشانخانەی باڵندە لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ شیعر، زنجیرەی کتێبە شیعرییەکانی شاعیر و چیرۆکنووسی کۆچکردووی کورد وریا مەزهەر چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

وریا مەزهەر لە ٢٩ـی ٢ـی ١٩٧٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە ٢٦ـی ٤ـی ٢٠١١ـدا هەواڵی خۆکوشتنەکەی لە وڵاتی فینلەندا لە شاری هێلسینکی بڵاو بووەوە، بەڵام هەر ئەوکات باوکی شاعیر، فارووق مەزهەر، ڕەتی کردەوە هۆکاری مەرگی کوڕەکەی، خۆکوشتن بووبێت.

وریا، کە هەندێک جار ناوەکەی هەڵدەگێڕایەوە و بە و.م.ئایرۆ دەینووسی، بە کوردی چەند کتێبێکی شیعر و بە فارسییش چەندین کۆمەڵەشیعر و یەک-دوو کۆمەڵەچیرۆکی هەیە. شیعرە فارسییەکانی لە کۆتاییی تەمەنە کورتە ٣٥ـساڵانەکەیدا نەختەنەختە خوێنەریان بۆ درووست بوو. لەگەڵ مەرگە کتوپڕەکەیدا وەک شاعیرێکی دیار ناسرا. ئەو نووسینی وەک پڕۆژەیەکی ڕۆژانە دەبینی و زووزوو کتێبە چکۆلەکانی بە چاپی هەرزان و تیراژی کەم، بڵاو دەکردنەوە. شیعر بۆ ئەو بە دیوێکدا گەڕانە بە دوای دیوە شاراوەکانی زماندا و بە دیوێکیشدا تێڕامانە لە ژیانە ساردە ڕۆژانەیییەکانی خۆی.

پڕۆژەی کتێبە شیعرییەکانی وریا مەزهەر لە وەشانخانەی باڵندە لە لایەن شاڵاو حەبیبەوە سەرپەرەشتی دەکرێت. لە ئێستادا سێ کتێبی ئەم شاعیرە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. هەندێک لەم کتێبانە پێشتر بە فارسی بڵاو بوونەتەوە، یەکیان بریتییە لە “تەلەڤزیۆنی خراپ” کە شاعیر و وەرگێڕ بەڕۆژ ئاکرەیی کردوویە بە کوردی، ئاکرەیی هاوکات سەردەمێک کە لە سوێد دەژیا، هاوڕێی وریا مەزهەر بووە. هەروەها دوو کتێبی دیکەی وریا، بە ناوەکانی “هاوار مەکە لەم ئاوێنەیەدا کەس نییە” و “کتێبی ناوداران” شاڵاو حەبیبە کردوونی بە کوردی و لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی “وریای خۆت بە ئازیزم، لە پڕ هەموو شتێک وێران دەبێت” چاپ و بڵاو دەبنەوە. کتێبی سێیەمی وریا مەزهەر، بۆ یەکەم جارە بڵاو دەبێتەوە و بریتییە لە وەرگێڕانێکی ئەو شاعیرە لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی. وریا شیعرەکانی شاعیر و وەرگێڕی ئێرانی کیامەرس باغبانیی کردووە بە کوردی و شاڵاو حەبیبە بە ناوی “بێدەنگی درەختێکە” ئامادەی کردووە بۆ چاپ. باغبانی هاوڕێی نزیکی دوایین ساڵەکانی ژیانی وریا مەزهەر بووە.

جێی ئاماژەیە، ئەرشیفی وریا مەزهەر لای کیامەرس باغبانی، کە ئێستا لە هێلسینکی دەژیت، پارێزراوە و یەکەمین کتێبی بڵاونەکراوەی وریای پێشکەش وەشانخانەی باڵندە کردووە. هەروەها لە نزیکەوە ئاگەداری پڕۆژەکەیە و بڕیارە لە داهاتوودا کتێبی زیاتر لەم ڕووەوە چاپ و بڵاو ببێتەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی دوایین ساڵەکانی ژیان و شیعرەکانی وریا مەزهەر، جگە لە نووسینێکی بەڕۆژ ئاکرەیی کە لە سەروەختی مەرگی وریادا نووسراوە، هیچ نووسینێکی تر لە کتێبەکاندا بڵاو نەکراوەتەوە؛ شاڵاو حەبیبە لەو بارەیەوە گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لەگەڵ باغبانیدا ئەنجام داوە و بڕیارە لە داهاتوودا بە ناوی “بەخێوکەری ڕووبار” چاپ و بڵاو ببێتەوە. بە پێشنیاری باغبانی، ئەم کتێبە هەڵگیراوە بۆ کاتێکی تر.

باڵندە، ناوەندێکی کولتووریی سەربەخۆی قازانجنەویستە و لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرانی بە ڕێوە دەچێت. پڕۆژەی شیعرەکانی وریا مەزهەر، هەوڵێکە بۆ ڕێزلێنان لە قەڵەم و ئەدەبیاتی ئەو نووسەرە. وەک وەفایەکیش بۆ یادی وریا و خانەوادەکەی، کۆپیڕایتی کتێبەکانی، بۆ کلارا مەزهەری کچی، پارێزراوە.

بەرگی کتێبەکانی وریا مەزهەر، تێکۆشەر خالید وەک هاوکاریی وەشانخانەی باڵندە بێبەرامبەر نەخشاندوونی و لە دەستپێکی پڕۆژەی باڵندەوە وەک دیزاینەرێک هاوکار بووە.

سێ کتێبەکەی وریا مەزهەر، ڕۆژی ١٨ـی مانگ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب بڵاو دەبنەوە.