چونکە ژنەکان دەزانن

لازۆ ئازاد/ کوردستان

April 6, 2019

لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و دەچێتە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت.  لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە  لازۆ  ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام. – ماڵپەڕی باڵندە 

 

 

 

چونکە ژنەکان دەزانن
لازۆ ئازاد

 

 

هەنگاوی پیاوانە و پتەو

 بێ هێشتنەوەی مانا

 بۆ هیچ جووڵەیەک

هەنگاوی خێراو و نەژمێردراو

وەک ئەوەی راکردن لەو ئەڤینە

ئەرکێکی سەربازی مانادار بێت و

ئەستێرەکانی سەر شانی زۆرتر بکات

هەر بەو جۆرەی بەڵێن درابوو

کەسیان ئەو چیرۆکەیان نەگێڕایەوە

وەک ئەوەی بێچووە پشیلەیەکی خنکاو بێت ئەو ئەڤینە

بە خێرایی و بێ بیرکردنەوە لە خاکێکی دوورەدەست و شێداردا شاردیانەوە

ژیانێکی ئارام و

(باش)یان بەڕێ کرد

تا ئەو کاتەی

کچە چاو سەوز و قژ خورماییەکە

بە باوکی وت

ئەڤین چییە؟

بە دایکی وت  لە کێ دەچم؟

 

ئاگرێکی زێڕین و پەنهان لە ژێر

سنگی نەرم و سپییدا گۆرانی دەگووت

وشەکان دوا مەنزڵگەی خۆڵەمێشیی ئەو ئەڤینە بوون

بڵێسەی دڵشکان وەک پیاوێکی باڵابەرزی چاوخومار بوو.

 

کەس نەیزانی ئەو دەرگایانە، چۆن

لە یەک کات و ساتدا هەموویان بەیەکەوە

 داخران،

کەس نەیزانی ئەو هەموو تیرە

چۆن وەکو  برا بەیەوەکەوە بارین

کەس نەیزانی ئەو هەموو وشەیە چۆن هەموو بە یەک هەناسە

 خرانەوە ناو یادەوەری و خۆیان

لە نووسین شاردەوە

کەس نەیزانی

ئەو هەموو جانتایە

ئەو هەموو باوەشە گەرمە

ئەو هەموو لێوە تەڕو بە ماچ خووساوە

ئەو هەموو کراسە سیلکانە

ئەو هەموو گۆرەوییە تەنک و ئەو هەموو سەتەنە بریسکەدارانە

ئەو هەموو سوراو و ئەو هەموو گوارە شۆڕانە

چۆن و کەی و بۆ کوێ

کۆکرانەوە؟

بۆ کوێ بران و نەگەرانەوە؟