نامەکان

ئەحلام موستەغانمی/شاعیری جەزائیری

September 18, 2019

ئەحلام موستەغانمی شاعیر و نووسەری جەزائیری لە ١٣ـی ئەپرێڵی ١٩٥٣ لە توونس لە دایک بووە. ئەو لەم شیعرەیدا لە ڕێی خۆشەویستی و نامەکانەوە، دەچێتە زۆر دۆخی وڵاتەکەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

نامەکان
ئەحلام موستەغانمی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

بۆ ئەو خۆبەخشەی کە هەموو ناوێکی پێ بەخشیم، جگە لە ناوی خۆی!

 

 

 

 

ئەم ئێوارەیە ڕووخساری تۆ لە کوێوە گەڕایەوە لام؟

چۆن لە ناوەڕاستی ئەو خەمە پایزییەمەوە دەرکەوت؟

بۆت دەنووسم و ئاسمان لە پشت پەنجەرەکەمەوە دەگری، لە یادگەشمدا وێنەی زۆرمان هەیە لە هەموو وەرزەکاندا.

پێش ڕۆژێک وێنام دەکرد کە من لەگەڵ تۆدا پێشوازی لە وەرزەکان دەکەم،

وا دەردەکەوێت کە بە تەنیا پێشوازییان لێ بکەم…

هێشتا بە کۆڵانەکانی مێژوودا دەگەڕێم…

لەو ڕووخسارەم دەگەڕێم کە شێوەیم ون کردووە لە ڕووخساری گەشتیار و نامۆکاندا.

لە ڕووخساری شۆڕشگێڕ و سەرکردەکاندا.

لە یادگەمدا دەیان پیاو هەن، لە هەموو کیشوەرەکانی جیهانەوە.

هیچ ڕووبەرێکی بچووک لە لەشمدا نییە کە لێوی پیاو بەسەریدا نەتلابێتەوە.

دوای تۆ زۆر نامۆ بووم.

لە نامۆبوونە گەورەکەمدا، بۆی هەیە خەمەکانم لەناو لەپی تۆدا کۆ بکەمەوە و چاوەڕێی پەرجوویەک بکەم…

بۆی هەیە ماچێکت لێ بدزم و لە شارە دوورەکاندا لەگەڵ یەکێکی دی جگە لە تۆ پیاسە بکەم…

بۆی هەیە؛ کە لەگەڵتدا دزە دەکەم بەرەو ترێی خەلیل، لەگەڵتدا دەخشێم لەسەر زەوییە چاکەکەدا.

دەکەومە تەنیشتە ماندووەکەت…

ئایا دڵت دەتوانێ هەڵمبگرێت، کاتێک کە وا پێویست دەکات هەڵگرتن کەم بکاتەوە؟

ئایا دەکرێت لەوێدا هەموو ئەو خەونانە بەدی بێنین کە تەواو نەبوون؟

چەندە دڵتەنگ بووم دوای تۆ…

بەڵام تەنیا وێنەکەت سەفەری کرد و گەڕایەوە لام،

تەنیا وێنەکەت لەگەڵمدا خەوت لە هۆتێلەکانی جیهاندا.

تەنیا لێوەکانت، ئەوانەی لەشم دەلەرزی بۆیان.

ئەوجارەیان لە دوورەوە چاوەڕێی دەنگتم دەکرد، گەشتیارێکی نامۆ بووم لە وڵاتێکی نامۆدا…

ویستم بتبینم بەو شێوەیەی کە دەمەوێت هەبیت…

بە داخەوە، ئاسمان ئەوکات باراناوی بوو و لەوێ نەبووم…

بۆیە ئیرەییم پێ بردی…

ئەیلوولی 1973

*   *   *

 

خەم گەورە بوو هاوڕێ…

هەرگیز لەو شارەدا هاوین نایەت…

با لە ئاسمان جیا نابێتەوە.

من ماندووم،

کاتێک هەموو دەرگەکان دادەخرێن،

جوانترین کراسەکانم لەبەر دەکەم و دادەنیشم بۆت دەنووسم

ئەیلوولی 1973

٭   ٭   ٭

ئەوڕۆ لە دوایین هەواڵەکاندا باس لە 101 کیلۆمەتر دەکەن،

بە درێژی قسە لەسەر ژمارەیەک دەکەن کە لە یادگەی شەهیدەکاندا نییە.

چونکە ئاو لە پلەی سەددا دەکوڵێ، منیش وام لێ هاتووە لە پلەی سەدویەکدا دەکوڵێم.

جوانترین کراسەکانم دادەکەنم و بە ڕووتی بۆت دەنووسم.

خۆشبەختەکان ئەو کەسانەن کە مردن و لەو باوەڕەشدان کە سنووری سەدویەکیان بەزاندووە و ڕێگەشیان پێ داوین…

ژمارەیەکی ڕەها…

ئەو ئێوارەیە شتێکی مەزن دەنووسم.

بارودۆخم هاریکارە بۆ شێتی.

 

ئۆکتۆبەری 1973

٭   ٭   ٭

هێشتا هەموو بەیانییەک بە حوکمی نەریت، ڕۆژنامە دەکڕم.

هێشتا قاهیرە دوودڵە، بەغداد ڕەت دەکاتەوە، دیمەشق بەرگری دەکات و عەممان پشوو دەدات.

بەیرووتیش سەما دەکات.

هێشتاش بە ڕووتی بۆت دەنووسم.

ئۆکتۆبەری 1973

٭    ٭    ٭

ئەو ئێوارەیە کاتێک زانکۆم بەجێ دەهێشت، خۆپیشاندانێکی قوتابییان بەرەو شەقام گوزەری پێ کردم

(عربي بن المهیدي)

دەبوو هاوار بكەم تاوەكوو لە هۆش خۆم بچم.

خەونێکم بیر کەوتەوە، هیوام وا بوو لەو ساتەدا سەد ملیۆن عەرەب دابەزنە نێو شەقامەکان

کە ملیۆنان گەنج بخشێن بەرەو کورسییە ناپاکەکان

کە کۆشکە عەرەبییەکان لە ساتێکدا هەڵتەکابان

کە مێژوو لە شەقامی شەهیدەکاندا دەستی پێ کردبا

کە وەک ئەوان بمانگوتبا (نا)

بەڵام، تەنیا لەگەڵ گەنجەکاندا هوتافم دەکێشا،

(بە ڕۆح، بە خوێن، ڕێگەکە تەواو دەکەین) و

دەگریام.

ئۆکتۆبەر

٭   ٭   ٭

پێم وایە جەنگ کۆتایی هاتووە

وێڕای ئەوەی مانشێتی ڕۆژنامەکان هێشتا قەبارە گەورەکەیان پاراستووە و ڕەنگە سوورەکەیان

من بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی هیچ ناکەم

نۆڤەمبەر

*

ئێستا دڵنیاین کە جەنگ کۆتایی هاتووە

دیل و کوژراو و خۆشی و پرسە و جوێنەکانمان گۆڕییەوە،

درووشم و تۆمەتەکانیش و

مەدالییەکان لەسەر سینەکان زیادیان کرد

دیسەمبەر

*

ئەم بەیانییە لە خۆم دەپرسم دەکرێت لە کوێ بیت؟

هەرکات دواهەمین یەکتربینینمان دێتەوە یاد هەست بە ترس دەکەم بۆت.

خوێندنەوەی نامە تاقانەکەت دووبارە دەکەمەوە.

لەسەر یەکەم ڕستە دەوەستم (تۆ سوپرایزێکی جوانیت، قژی تۆ هێندەی کینە دێرینەکەی من ڕەشە، خەرمانەیەکی پیرۆزیشی بەسەر ڕووخسارە ئەبەدییەکەتەوە کێشاوە)

ڕەنگە ئەمە جوانترین شت بێت پێت گوتبم و

لە دواییدا… هیچی تر نا

گوتت تۆ ئالوودەی نۆشکردنی بێدەنگی و دووکەڵ و شەرابیت.

تێگەیشتم ڕەنگە چیتر لە جەزائیرەوە بۆم نەنووسیت

کۆتاجار یەکترمان تێیدا بینی سەری ساڵی ڕابردوو بوو،

لە قاوەخانەیەک دانیشتین باسی ”خۆشەویستی و جەنگ و هاوسەرگیریمان” کرد

تۆم خۆش ویست… وەک هەموو سەرەتای ساڵەکانیش دڵتەنگ بووم.

هیوام خواست گەر بهاتبایە بۆ تۆ بوومایە…

تەمەنم بیست ساڵ بوو،

دەترسام دوای تۆ بۆ هیچ شتێکی تر نەبم!

لای من تۆ ئەوپەڕی ڕەتدانەوە و شۆڕشت دەتنواند و دەکرا ببیتە سەرەتای شتێکی

جوان لە ژیانمدا،

بەڵام بۆی دەرچووین…

تۆ دەتگوت: ”منیش هەروەها… هەست دەکەم لێرە سەر بە هیچ شتێک نیم بۆیە دەبێت بڕۆم”

لێتم پرسیی: کام ماوە تێیدا دڵخۆشترین بوویت؟

گوتت: کاتێک شتێکی ترم هەڵدەگرت جگە لە ڕۆژنامەکان!

– ئەی چیت دروست کرد؟

هەوڵم دا شووناسێک ببەخشمە ئەو منداڵانەی نامۆ بەم دنیایە لە دایک دەبن و

دەرچووین…

چاومان بە هاوڕێیەک کەوت پێی گوتین کەسێک دوێنێ خۆی کوشتووە!

بێدەنگی دایگرتین…

ئەوەی خۆی کوشت وێنەکێشێکی مەغریبی بوو ویستی ئیمزایەکی خەمگین لەسەر تابلۆی ژیانی بکات،

بۆیە خۆی کوشت!

کەسێکی باش بوو،

هیچ خولیایەکی نەبوو جگە لە هەناسەدان.

ئەوان مەترسییەکانی هەناسەدانیان دەزانی، بە خولیایەک دەست پێ دەکات و لە پڕێکدا دەبێتە بنەما.

ئەوەیان دەزانی، بۆیە گازە ژەهراوییەکانیان بڵاو کردەوە، ئاسمانی ئەو شارە باشەیان پڕ کرد.

هونەرمەندەکە سەفەری کرد تا بە دوای ئۆکسجیندا بگەڕێ.

هاتە لای ئێمە، بەڵام نەیتوانی دوور لە ئاسمانی یەکەم بژیێت.

لە پڕێکدا بۆی دەرکەوت کە بۆڕییەکانی هەناسەدانی لەوێ لە بیر کردووە، بۆیە خۆی کوشت.

خەڵکی بە خێرایی بە بەردەممدا تێدەپەڕین،

هەندێکیان شەقامەکانیان تەی دەکرد بەبێ ئامانج و منیش لە نێوانیاندا دەڕۆیشتم.

لەنێو سیمایاندا بە دوای شتێکدا دەگەڕام، ڕەنگە سیمای ئەو گەنجە مەغربییە.

لێیانم دەڕوانی و دەمپرسی: ئەمانە شایەنی ئەوەن کەسێک لە پێناوی دۆزەکەیاندا بمرێت؟

هونەرمەندەکە مرد! (کچێک بە پانتۆڵێکی تەسکەوە  چاوەڕێی کەسێک دەکات کە نایەت)

هەر بەڕاست مرد؟ (پیرەپیاوێک لە سەوزەفرۆشەکە دەپرسێ… ئەگەر قەیرانی پیاز چارەسەر بکرێت)

ئەوەم بە هاوڕێیەک گوت: وەڵامی دامەوە: سەرەتا دەبێت کێشەکانی جەماوەر چارەسەر بکەین.

وەهایان لێ بکەین تێرنان ببن، لەژێر سەقفێکدا پارێزراو بن، جل بپۆشن و خەون ببینن.

تەنیا ئەوسا دەتوانن

بیر لە کێشە گەورەکان بکەنەوە.

ناکرێت لە مرۆڤێک کە خەریکە زریان دایدەپۆشێت بپرسیت: بۆ خۆت ناپارێزی بە چەترێک لە کاتی بارانبارندا؟

سەرەتا با لەنێو زریانەکە دەری بهێنین!

گەڕامەوە زانکۆ و هەوڵم دەدا خەیاڵی ئەو ڕێژەئاوە بکەم کە ڕۆژانە دەمانخنکێنێت

بەر لەوەی داببڕێین پێت گوتم: “ئەمڕۆ تەواوی هاوڕێکانم چوونە ڕیزی شەهید و بەندکراو و خۆکوژەکانەوە، تەنیا منم کە زیندانەکان ڕەتم دەکەنەوە و هەرکات دیدارم لەگەڵ مەرگدا هەبووە نەدەهات”!

لە پڕێکدا پرسیت:

مردنت خۆش دەوێت؟

گوتم: پێم وا نییە… بەڵام لێی ناترسم

لێدوانت دا: نابیتە خۆبەختکەر تا خۆشت نەوێت و

لێک جیا بووینەوە

ساڵێک تێپەڕی بەسەر ئەو دیدارەدا، بەسەر ئەو لێکجودابوونەوەیە

بەردەوام لە هاوڕێیان پرسیارت دەکەم، ڕەنگە تەنیا بۆ ئەوە بێ پێت بڵێم: ئیستا مردنم خۆش دەوێت.

کچانی هاوڕێم لە زانکۆ هێشتا  پرسیاری تۆم لێ دەکەن،

بە یەکێکیانم گوت، تۆ خۆبەخشیت، نەهاتووی بۆ جەزائیر تا لەناومان بژی، پێکەنی.

چونکە ئەو وێنای فیدایەکی هێندەی جوانی وەک تۆی نەکردبوو، ڕەنگە باوەڕی پێ نەکردبم.

پێم وا بێ لەژێر کاریگەریی کۆماری ئەفلاتووندا بووبێت.

ئەو وا دەبینێت جەنگ بۆ ئەوە خوڵقاوە کە مرۆڤایەتی لە ناشیرین و نەخۆش و جەستە لاوازەکان ڕزگار بکات

سەرکەوتم لە باوەڕپێهێنانی بەوەی کە چێ گیڤاراش قۆز بووە و

گەر بهاتایە لە سینەما کاری بکردایە ئەفسانەی عومەر شەریفی تێک دەشکاند.

هەروەها لەیلا خالید هێندەی جۆرجینا سەرنجڕاکێش بووە

بەڵام سێ نەشتەرگەریی کردووە بۆ شێواندنی ڕووخساری

تاوەکوو بتوانێ بەردەوامی بە ئەرکەکەی بدات.

ئەمە چ ئازایەتییەکە!

بیرم نایە هیچ ئافرەتێک بە درێژاییی مێژوو ڕووخساری خۆی شێواندبێت بە ئەنقەست، تاوەکوو خزمەت بە ئەرکەکەی بکات،

نە جان دارک و نە جەمیلە و نە ئەنجیلا

بەڵام بیرم دێ ماری ئەنتوانێت پارەی خەیاڵی دەدا بۆ کراسێکی نوێ بۆ شەوچەرە و

و مادام ئەوناسیس بێوەژنە کەنەدییە کۆنەکە ئەویش پارەی خەیاڵی سەرف دەکرد بۆ کراسێک

ئەوناسیس بیوەژنە تازەکەش بە هەمان شێوە تەنیا بۆ ئەوەی بە ڕێکی بمێنێتەوە

پێستی بە نەرمی و دەمی داخراو بمێنێتەوە

پارەی خەیاڵیتر شاژنە عەرەبییەکان و خێزانی حاکمەکان دەیدەن

بە مشتێک مرواری یان شووشەیەکی بۆنی دەگمەن

نابینی! بوو بە پێویستی کە مردنم خۆش بوێت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار