ئەمەریکا

ئالن گینسبێرگ/شاعیری ئەمەریکی

June 2, 2018

 

ئەمەریکا
ئالن گینسبێرگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەشید مەحموود

 

ئەمەریکا هەموو شتێکم پێت بەخشی و ئێستاش من هیچم.
ئەمەریکا دوو دۆلار و بیستوحەفت سەنت لە ۱۷ی کانوونی دووەمی ۱۹٥۷.
ناتوانم لەسەر خۆم بم.
ئەمەریکا کەی کۆتایی بە جەنگی مرۆڤەکان دێنین؟
بڕۆ و بە بۆمبەکانت خۆت بگێ.
ئاسوودە نیم و بێزارم مەکە.
شیعرەکانم نانووسم تا نەیەمەوە سەرەخۆم.
ئەمەریکا کەی دەبیتە فریشتەیی؟
کەی جلەکانت دادەکەنی؟
کەی لە گۆڕەکەتەوە لە خۆت دەڕوانی؟
کەی لە ئاست ئەو ملیۆن ترۆتسکییانەتدا دەبیت؟
ئەمەریکا بۆچی کتێبخانەکانت لێوڕێژن لە فرمێسک؟
ئەمەریکا کەی هێلکەکانت دەنێریت بۆ هیندستان؟
بێزار بووم لە داخوازییە شێتانەیییەکانت.
کەی دەتوانم بە کەشخەیی بڕۆمە سوپەرمارکێتێک و ئەوە بکڕم کە دەمەوێت؟
ئەمەریکا دواجار ئەوە من و تۆین کە بێخەوشین نەک جیهانی داهاتوو.
ئامێرە پێشکەوتووەکانت زۆرن بۆم.
وات لێ کردم بمەوێت ببم بە قەشە.
دەبێت ڕێگەیەکی تر هەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم ئارگیومێنتە.
بەرۆوز٭ لە تەنجەیە** و باوەڕ ناکەم بگەڕێتەوە، ئەمە ناڕەوایە.
ئایا تۆ کارێکی ناڕەوا دەکەی یان ئەمە گاڵتەیەکی ڕاستەقینەیە؟
هەوڵ دەدەم بگەم بە خاڵێک.
دەست لە خولیاکانم هەڵناگرم.
ئەمەریکا وازم لێ بێنە، دەزانم چی دەکەم.
ئەمەریکا وا خونچەی هەڵووژەکان هەڵدەوەرن.
چەندین مانگە ڕۆژنامەم نەخوێندووەتەوە هەموو ڕۆژێک کەسێک دەدرێتە دادگا بە هۆی تاوانی کوشتن.
ئەمەریکا بەزەییم بە wobblies*** دێتەوە.
ئەمەریکا لە منداڵیدا کۆمۆنیست بووم و داوای لێبووردنیش ناکەم.
هەر هەلێکم بۆ بڕەخسێت بۆ کێشانی ماریوانا لە دەست خۆمی نادەم.
چەندین ڕۆژ لە ماڵەوە ڕادەکشێم و لە گوڵەکانی نێو دۆڵابەکە دەڕوانم.
کە دەڕۆمە گەڕەکی چینییەکان دەخۆمەوە و سەرخۆش دەبم، بەڵام هەرگیز گان ناکەم.
مێشکم پێم دەڵێت کێشەیەک ڕوو دەدات.
دەبوایە بمبینی کە مارکسم دەخوێندەوە.
دەروونشیکارەکەم پێم دەڵێت کە زۆر باشم.
وێردەکانی خوا ناخوێنم.
خاوەن ڕوانینێکی سۆفییانە و لەرینەوەیەکی گەردوونیم.
ئەمەریکا هێشتان پێم نەگوتووی کە چیت لە ‌خاڵە ماکس کرد کە لە ڕووسیاوە هاتبوو.
مەبەستم تۆیە.
ڕێگە بە گۆڤاری تایمز دەدەیت ژیانی سۆزداریت ببات بە ڕێوە؟
ئاڵوودەی گۆڤاری تایمزم.
هەموو هەفتەیەک دەیخوێنمەوە.
بەرگەکەی لێم دەڕوانێت هەر کاتێک سەیری گۆشەی فرۆشگای شیرینییەکە بکەم.
لە ژێرزەمینی کتێبخانەی گشتیی بێرکلی دەیخوێنمەوە.
هەمیشە باسی بەرپرسیارێتیم بۆ دەکات. بازرگانەکان جددین. فیلمبەرهەمێنەکان جددین. هەموو کەسێک جددییە جگە لە من.
هەندێک جار ڕوو دەدات کە من ئەمەریکام.
دووبارە وا لەگەڵ خۆمدا دەپەیڤم.

 

ئاسیا دژم دەوەستێت.
دەرفەتی پیاوێکی چینیم بۆ هەڵنەکەوتووە.
باشترە لە سەرچاوەی نیشتیمانیم ڕابمێنم.
داهاتی وڵاتەکەم پێک هاتووە لە دوو ماریوانا و ملیۆنان ئەندامی زاوزێ و کاری ئەدەبیی تایبەتی بڵاونەکراوە کە بە خێراییی ۱٤۰۰ مایل لە کاتژمێرێکدا ڕێ دەکەن و بیستوپێنج هەزار شێتخانەش.
هیچم نەگوتووە لە بارەی زیندانەکانم و نە ئەو ملیۆنان بەشخوراوەی کە لەژێر تیشکی پێنجسەد خۆردا لەنێو گوڵدانەکانمدا دەژین.
قەحپەخانەکانی فەڕەنسام ڕەت کردنەوە، شوێنی دواترم تەنجەیە.
دەمەوێت ببم بە سەرۆک، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە من کاسۆلیکیم.

 

ئەمەریکا چۆن دەتوانم وێردێکی پیرۆز بنووسم لەم ڕەوشە سەخیفەی تۆدا؟
وەک هێنری فۆرد بەردەوام دەبم، شیعرکانی منیش وەکو ئۆتۆمبیلەکانی ئەو بێهاوتان، لەوەش زیاتر ئەوانەی من لە ڕەگەزی جیان.
ئەمەریکا شیعرەکانمت پێ دەفرۆشم بە ۲٥۰۰ دۆلار، بۆ هەر یەکێکیان ٥۰۰ دۆلار، کە هەرزانتره لە شیعرە کۆنەکانت.
ئەمەریکا تۆم مۆنی ئازاد بکە****
ئەمەریکا لایەنگرە ئیسپانییەکان ڕزگار بکە*****
ئەمەریکا ساکۆ و ڤانزیتی نابێت بمرن******
ئەمەریکا من کوڕەکانی سکۆتسبۆڕۆم.*******
“ئەمەریکا کاتێک حەفتساڵان بووم دایکم دەیبردمە کۆبوونەوەی کۆمۆنیستەکان، نۆکیان پێ دەفرۆشتین، چنگێک بە بلیتێک بوو، هەر بلیتێکیش بە نیکڵێک بوو، ئاخافتنیش بە خۆڕایی، هەموو کەسێک فریشتە بوو، بەسۆزیش بوون بەرامبەر کرێکارەکان، هەموویان زۆر دڵسۆز بوون، تۆ نازانی ئەو پارتە چەندە باش بوو لە ۱۸۳٥، سکۆت نییەرینگ پیاوێکی پیری مەزن بوو، دایکە بلووری و کرێکارە مانگرتووەکان ئیوینک وێبلیش، کە بۆ یەکەمجار ئیسرائیل ئامتەر وتاربێژە ییدیشییەکەم بینی گریام”********
هەموو کەسێک پێویستە سیخوڕ بێت.
ئەمەریکا بەڕاستی تۆ ناتەوێت بڕۆیتە جەنگ.
ئەمەریکا ئەوە ڕووسییە بەدکارەکانن.
ئەو ڕووسییانە ئەو ڕووسییانە و پیاوە چینییەکانن. ئەوانیش ڕووسییەکانن.
ڕووسیا دەیەوێت بە زیندوویی بمانخوات. هێزی ڕووسیا شێتە. دەیەوێت ئۆتۆمبیلەکانمان لە گەراجەکانمانەوە ببات.
دەیەوێت شیکاگۆ بڕفێنێت. ڕیدەرس داگێستێکی سووری دەوێت*********. کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبیلەکانمانی دەوێت لە سێبیریا.
بیرۆکراسییە مەزنەکەی ئەو بەنزینخانەکانمان بەڕێوە دەبات.
ئەوە باش نییە. ئۆهـ. وای له هیندییەکان کرد بخوێنن. پێویستی بە ڕەشپێستە گەورەکانە. ها!
وامان لێ دەکات ڕۆژانە شازده کاتژمێر کار بکەین. فریاکەون.
ئەمەریکا ئەمە زۆر ترسناکە.
ئەمەریکا ئەمە ڕەنگدانەوەی سەیرکردنی تیڤییەکانتە لەسەر من.
ئەمەریکا ئایا ئەمە دروستە؟
وا باشترە کارێک بکەم.
ڕاستە نامەوێت بێمە ناو سوپا یان له بەشە وردەکانی کارگەیەک کار بکەم، بەهەرحاڵ چاوکز و دەرووننەخۆشم.
ئەمەریکا وا شانە لاوازەکەم دەخەمە ژێر ئەو بارە.

 

بێرکلی، ١٧ی کانوونی دووەمی 1956

 

پەراوێزەکان:

*بۆورۆز: ولیەم بۆورۆز نووسەرێکی ئەمەریکییە (١٩١٤-١٩٩٧).

**تەنجە: شارێکی مەغریبییە.

***Wobblies : کرێکارەکان.

****تۆم مۆنی: بەرپرسی کرێکارەکان بووە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بە هۆی تەقینەوەیەکەوە لە سان فرانسیسکۆ دەستگیر کراوە لە ساڵی ١٩١٦دا.

*****لایەنگرە ئیسپانییەکان: هێزێکی چەکداریی چەپ بوون، لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە پشتگیری دەکران.

******ساکۆ و ڤانزیتی: دوو کرێکاری ئیتاڵی بوون، لە سێدارە دران بەبێ دادگاییکردن.

*******کوڕەکانی سکۆتسبۆڕۆ: ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی ساڵی ١٩٣١ لە سکۆتسبۆرۆ لە ویلایەتی ئالاباما، کە نۆ پیاوی ڕەشپێست دادگایی دەکرێن بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر دوو ئافرەت و لە سێدارە دەدرێن.

********ئاماژە بە چەند چالاکوانێکی کۆمۆنیست دەدات کە لە پێناو ئاشتی و دادپەروەریدا کاریان دەکرد نەک لە پێناو ئاژاوە و جەنگ و توندوتیژی، هەروەک راستڕەوەکانی ئەمەریکا وێنایان دەکردن. سکۆت نییەرینگ کە پسپۆڕ بوو لە بواری ئابووری و دایکە بلوور کە ناوی ڕاستەقینەی “ئیلا ڕیف بلوورە” یەکێک بوو لە ئەندامە گرنگەکانی پارتی سۆسیالیستی ئەمەریکی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، لە پێناو مافی کرێکارەکاندا دەجەنگا. کرێکارە مانگرتووەکانیش؛ کۆمەڵێک کرێکاری ڕادیکاڵی کارگەی ئاوریشم بوون لە شاری پاترسۆن لە ویلایەتی نیوجێرسی. ئیسرائیل ئامتەر ڕابەری پارتی سۆسیالیستی بوو لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا.

*********ڕیدەر داگێستێک: Readers Digest ناوی گۆڤارێکە، کە لە دێڕەکەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕووسەکان گۆڤارێکی هاوشێوەی بەڵام بە ڕەنگی سوور دەوێت.