بۆ ئیستیفانی، پۆلی سێهەم، کە کارتێکی بۆ دروست کردم

ئارسیلیس گیرمەی

ئارسیلیس گیرمەی/ ئەمریکا

May 9, 2020

ئارسیلیس گیرمەی
١٩٧٧ – ….

شاعیرێكی ئەمریکییە، لە کالیفۆڕنیا لە دایکبووە و لەوێش گەورە بووە. خاوەن بڕوانامەی ماستەرە. چوار کۆمەڵە شیعری هەیە، یەکەم کۆمەڵەیان لە ساڵی ٢٠٠٧دا بڵاوبۆتەوە بە ناوی ددانەکان.

 

 

بۆ ئیستیفانی، پۆلی سێهەم، کە کارتێکی بۆ دروست کردم
ئارسیلیس گیرمەی
وەرگێڕانی دابان قاسم جاف

 

 

*
فیل لە سەر هێڵێکی پرتەقاڵی،
لە ژێر بازنەیەکی زەرددا، واتا خۆر.
شەش هێڵی ئاسۆیی سەوز،
ڕەنگەکانی سەرەوەش، واتا گوڵ.

*
یەکەمجار چوارگۆشەکانی
تێپی سکۆتلەندیم لێکردەوە،
لۆچەکانی پەڕی وێنەکێشانم هەڵدایەوە،
من لە ژوری دانیشتم.

مانگی شەشە.
لە ناو کارتەکە، وشەیەکی
درێژ نووسراوە، دواتر
ناوی ئیستیفانی:

لیۆئیستفیۆیباری

ئیستیفانی لۆرە

*
لیۆئیستفیۆیباری؟

*
لیۆئیستفیۆیباری: تێرمێکی زانستی و لاتینییە واتا: گوڵی دەمە شێر.

لیۆئیستفیۆیباری: واتا ئاڕاستە، وەک ئایا بۆ
باکور؟ باشور؟ ڕۆژهەڵات؟ ڕۆژئاوا؟ یان بۆ لیۆئیستفیۆیباری دەڕۆیت؟

*
چەند جارێک هەوڵمدا، ئەم
وشەیە بە دەنگی بەرز بخوێنمەوە.
لۆ يسفوريبريی. لۆ ايسفوربيريی
لۆيسفورباری. لۆيسفوريباری.

*

ئەمە چ وشەیەکە؟

بیرم کردەوە لە ڕستەدا بەم جۆرە بێت،

“کوڕە، من پێویست دەکات بچمەوە
ماڵەوە، لە یادم چوو لیۆئیستفیۆیباری بهێنم.”

یان

“هیچ شتێک وەک باران خۆش نییە، بارانی گەرم،
پەنجەرە بکەوە وگوێ بۆ مۆسیقا شل بکەوە و
گیایەکی درێژی لیۆئیستفیۆیباری هەیە.”

یان

چۆن دەگەینە پیترسبێرگ؟ بە ئۆتۆمبیل
دەڕۆین یان لیۆئیستفیۆیباری ببەین؟

*

من چوار خولەکم لەگەڵ ئەم وشەیە بەسەر برد
بەبێ ئەوەی بزانم مانای چییە.

*

ئێستا کۆتایی ساڵە، بیرم کردەوە نامە بۆ خوێندکارەکانم بنووسم،
بۆ ئیستیفانی لۆرە، بەم شێوەیە:

بۆ ئیستیفانی لۆرەی زیرەک!

سڵاو ئەزیزم، هیوادارم باش بیت. ئێستا سەیری ئەو کارتەم کرد کە بۆ منت دروست کرد بوو، زۆر جوانە. ئەو شێوازەی ئاسمانت پڕ کردووە لە چۆلەکە، جوانە. پێم وایە تۆ خۆشەویست، ئەزیزیت، و خوێن شیرینیت. بەڵێ، کارتەکە دڵفڕێن بوو. تەنها یەک پرسیارم بۆ تۆ هەیە.
واتای وشەی لیۆئیستفیۆیباری چییە؟

*
دووبارە هەوڵم لەگەڵ دا.
دیسان دووبارەی دەکەمەوە،
لیۆئیستفیۆیباری.
لیۆئیستفیۆیباری.
لیۆئیستفیۆیباری.

*

بە ئیسپانی دەیڵێمەوە.
لیۆئیستفیۆیباری
لیۆ- ئی- ستف- یۆ- یبا- ری
لیۆ- ئی- ستف- یۆ- یبا- ری

ئینجا بەخاوی،

لو  ئيس فو ا ری باری
لو  ئيس  فو ايريباری

*

خۆشەویستی بۆ هەموانە،
خۆشەویستی بۆ هەموو ئەوانەیە کە خۆشەویستی دەکەن
ئەو خۆشەویستەیت خۆشبووێت کە خەڵک خۆشی دەوێت
هەموو خەڵک خۆشەویستی خۆشدەوێت
ئایا خۆشویستنی هەموو کەسێک
خۆشەویستیت بۆ خۆشەویستی خۆشبوویت
چون خۆشەویستی هەموو کەسێکە
خۆشەویستی بۆ هەمیشەیە
خۆشەویستی بۆ هەمیشیی جەستەیە
خۆشەویستی خۆشویستنی جەستەت خۆش بوویت
خۆشەویستی جەستە، جەستەی خۆشەویستە
خۆشەویستی جەستەیە هەموو جەستەیەک خۆشەویستییە
ئایا هەموو جۆرە خۆشەویستییەک
بۆ خۆشەویستی خۆشەویستییە
بۆ خۆشەویستی هەموو کەسێک خۆشەویستی خۆشدەوێت
خۆشەویستی هەموو کەسێکت خۆشبوویت
خۆشەویستی بۆ هەمووانە.