ژیانم قبووڵ کرد تا لەمەی هەیە زۆرتر بژی

ئاسۆ سەڵاح/شاعیری کورد

April 30, 2021

ئاسۆ سەڵاح لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. پەیمانگای کۆمپیوتەری تەواو کردووە. ئەو لەم شیعرەیدا بە سەرنجەوە لە ژیان و مرۆڤ و بوونەکەی دەڕوانێت. دەیەوێت شیعرێکی واتاگەرایەنە بنووسێت و لەو بارەیەوە هزرێک بخاتە ڕوو. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ژیانم قبووڵ کرد تا لەمەی هەیە زۆرتر بژی
ئاسۆ سەڵاح

 

خووم بە ژیانەوە گرتووە
هەریەکەمان خوو بە شتێکەوە دەگرین:
وەک باڵندەکان کە بە فڕینەوە خوویان گرتووە و
وەک ڕووبارەکان کە بە ڕۆیشتنەوە بەدخوو بوون و
وەک مرۆڤی مۆدێرن کە بووەتە کۆیلەی کاپیتاڵیزم.

 

شەوێک لە خۆمم پرسی؛ بۆ لێرەم؟ من کێم؟
ئەم هەڵەی شوێن و شووناسەم خستە ژێر پرسیارەوە
بیرم لە گوللەی تەقیوی سەرەتا دەکردەوە کە خۆمم
بیرم لە هەڵەیەک دەکردەوە کە زەمەن سەپاندوویەتی بەسەر زمانمدا

 

هاتنەبوون وەک پەرچەکردارێک لە باوانمەوە قبووڵ دەکەم
بەڵام ژیان هەڵدەبژێرم، کە بە مەبەستەوە ڕوو دەدات
وەک باشترین بژاردە نا، بەڵکوو وەک ئەخلاقیترین تۆڵە.

 

بێدەنگیم هێنایەوە ناو زمانم، تا لە مەرگ ڕزگاری بکەم
ژیانم قبووڵ کرد تا لەمەی هەیە زۆرتر بژی و
لەژێر کاریگەریی یەئسی مندا کامڵتر بێت،
هەرچەندە هەڵوێستێکی بە ئازارم وەرگرتووە و
ڕیشەییترین بڕیاری یەکلاکەرەوەی نێو زمانم داوە،
بەڵام هێشتاش پێم وایە دەبێت ژیان بەردەوام بێت
تا گوللەی تەقیوی سەرەتا بە ویستی خۆم بتەقێنم.