سندی، سڵاوم بگەیەنە بە داروبەرد

بەشدار سامی/شاعیری کورد

July 4, 2021

بەشدار سامی، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات».  لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و دنیاکەی خۆی بکات بە شیعر. لێرەدا ڕوونتر ئەمە دەردەکەوێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

سندی، سڵاوم بگەیەنە بە داروبەرد
بەشدار سامی

 

چونکە هێشتا هاوار دەکەم / ناچارم بیرتان بخەمەوە کە پەیڤی من ژیانی منە / بە هەر دەرد و ئازار و کەسەرێکەوە /

 

هاوڕێم سندی / دەست پێ دەکەم / چونکە چارەیەکی دیکەم نییە / تکایە پێیان بڵێ دەست لە کونە لوت و کونی قوونیان دەربهێنن و جوان دانیشن / دەنا حەیای هەر کەسێک بچێت خەتای من نییە /

 

وەک ئەو سەگانەی نیوەشەوان ئازاری خۆیانیان بیر دەکەوێتەوە و پەنایەک نادۆزنەوە / ژانی خۆمم بیرکەوتووەتەوە و بەم تاریکەشەوەی هاوینە نازانم لەکوێدا بقیژێنم /

 

سەرەڕای هەموو دەردێک / هاوینە و داروبەرد دەسووتێ / ئەوەش واتا ئێستا کارێکی گەمژانەیە بیرکردنەوە لە یاری تایکواندۆ / ئەسپسواریش هەروەها /

 

من دەزانم سەختە بەڵام سەبارەت بە گەمژەکانیش دەبێت هاوار بکەم /

 

بە ئیسماعیل سابیر بڵێ / ئەوانەی نەبوون بە نووسەر بەچی لە ژان ڕایان کردووە! / ئەو شەوەی کە نائومێد بووم و هیچ ڕێگەیەکیشم نەبوو تا بگەم بە هاوڕێکانم / بووم بە شاعیر و سەبارەت بە زۆر شت و زۆر کەس هاوارم کرد / ئێستاش ماندوو بووم و گوێم لە ترپەی دڵم نزیک کردووەتەوە و دەنووسم: ئەوانەی سەردەمانێک پەنیرم بوون / یادیان بەخێر /

 

بە عومەر کەریم بڵێ / چۆن بوویت بەو فۆتۆگرافەرە باشە / غەزەب /

بە سەباح ڕەنجدەری شاعیر بڵێ / شیعرێکیم خوێندەوە زۆر جوان بوو / تکایە با بەردەوام بێت / بەڵام بە کاوەخۆ / هیچ کەسێکی لەپێش نییە / ئەو ڕۆژەشم لەبیرە کە لە نێو پاس بە شەقامەکانی سلێمانیدا دەسوڕاینەوە / لە کورسییەکەی دواوە ئەحمەدی مەلا و دۆستێکی دانیشتبوون / تەنیشتمان شاڵاو حەبیبە بوو / تۆزێک لەولاتر سەباح ئیسماعیل دەبیندرا / ناوی ئەوانی ترم لەبیر نییە / پاس دەڕۆیشت و ئێمەش تەماشای شەقام و بینا بەرزەکان و ئەو خەڵکانەمان دەکرد کە بە شۆستەکاندا دەڕۆیشتن / ئەدی بە بیرت دێ یەکەم دیدارمان لە ئوتێلێکی سلێمانی بوو، نزیکەی دە ساڵ بەر لە ئێستا / یادی بەخێر زاهیر ڕۆژبەیانی هێشتا نەمردبوو /

 

بەڕۆژ ئاکرەیی / چونکە ژیانی بۆ نووسین تەرخان کرد / جگە لە نووسین هیچ پیشەیەکی تر نازانێت / تۆ ئەوەی پێ مەڵێ / خۆم بۆی دەگێڕمەوە / دەشمەوێت بزانم چۆن دەتوانێت /

 

ڕەشید مەحموود / هەندێ شیعری مەحموود دەرویشی بۆ تەرجەمە کردبووم / لە جێگەدا هێنامییە دەرەوە /

 

بەرز و پیرۆز بێت یادی شاڵاو حەبیبە / سەعات دووی شەو بیری دەکەوێتەوە بچێتە ماڵەوە / سەرخۆش بێت یان هیچی نەخواردبێتەوە / ئەو هەر سەعات دووی شەو بیری دەکەوێتەوە بگەڕێتە ماڵەوە /

 

بە ئازا یووسف بڵێ/ تا ژیانی تاریک دانەیەت و بە پێوە بمێنێتەوە ناچارە دەمارێکی شەڕکردن بخاتە جەستەیەوە/

 

بیری بڕیار موحەمەد و دانا فایەق دەکەم / زۆر زۆر / چونکە ناویانم هێنا پێنج خولەک هەڵدەستمە سەر پێ /

 

تۆ هیچ بە یەکێتی نووسەرانی کورد مەڵێ / لە قوونیان بەم / بەڵام / هێندە ڕێز لە عەبدوڵرەحمان فەرهادی دەگرم / لە هەر شوێنێک تێبپەڕێت من لێرەوە ئیحترامی دەگرم /

 

بە سابیر ڕەشید بڵێ / “سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ئومێدی مەی پێشکەش” / بەس ئەو دەتوانێت لە یەک کاتدا بیر لە مایۆ و سوخمە و چیرۆکنووسین بکاتەوە /

 

بە بەشدار سامی بڵێ / ئەوەی ڕوویدا بە گوونت /

 

ئەگەر چوویە سلێمانی / بە هاوڕێکانم بڵێ / ئەو ڕۆژەی تووشی شێرپەنجە بووم و بێ پارە و بێچارە و بریندار لە جێگەدا کەوتبووم / نانی ئەوانم دەخوارد / ڕەوەز حەمەساڵح شاهیدە / سەبارەت بە هەولێریش بەڕۆژ ئاکرەیی و بارزان عەلی حەمەی سلێمانی لەبیر نەکەیت /

 

بە یادی سامی هادی / چونکە بە یادەوەری دەژی و ئێمەش هەر بەهۆی ئەوەوە یادەوەری نووسەرانی ڕووسیامان دۆزییەوە، /
بە بەختیار حەمەسوور بڵێ / یەسنین لە سی ساڵیدا خۆی هەڵواسی / مایکۆفسکی گولـلەیەکی نا بەسەری خۆیەوە و نەجاتی بوو / ئیزاک بابل تیرباران کرا / بۆڵگاکۆف بەهۆی هەژاری و سەفەرنەکردنەوە وشک هەڵهاتبوو، ژنەکەشی هەروەها / مەندڵشتام بەهۆی هۆنراوەیەکی حیزەوە، کە دژ بە ستالین نووسیبووی، لە تڕی سەی چوو /

 

سەرکەوت جەبار / جار جار بیرم دەکات و هەواڵم دەپرسێت / ئەو لە من زیاتر لە دۆستایەتی تێدەگات /

 

سڵاو دەنێرم لۆ ڕێبین خدر / لە هەر کوێیەکی دنیا بێت /

 

شەوێک ساڵی دووهەزار و دوانزە / من و ئاریان ئەبوبەکر و حەمە مەنتک و شاڵاو حەبیبە / لە ئوتێلێک لە عەنکاوە ماینەوە / من چونکە نەمدەزانی لەسەر ئاودەستی غەربی دابنیشم / لە نێو عەلاگەیەکی ڕەشدا کردم / پاشان لە پەنجەرەی ژووری نازانم ژمارە چەندەوە فرێم دا خوارەوە / شڵپ کەوتە سەر شەقام / پیاوێک، کە لە یادەوەری مندا گووهەڵگرەوە ماوەتەوە / دەستی دایێ و وایزانی شتێکی زۆر گرنگی دۆزیوەتەوە / بە پەلە خستەیە نێو سەیارەکەیەوە و نەختێک ڕۆیشت / پاشان سەیارەکەی راگرت و ڕای کردە دەرەوە / ڕەنگە تێگەیشتبێت کە چ کەتنێکی کردووە /

 

هاوڕێم سندی / تکایە / سڵاوم بگەیەنە بە ئەڕشەد عاسی و پێی بڵێ ئەو ڕۆژەم لەبیر نەکردووە کە نەیهێشت بشکێم /
چاوی ماچ دەکەم /

 

من زمانم هەیە چاکەی ئەو کەسانەش دەدەمەوە کە لە ژیانی مندا قۆندەرە بوون / زارم بکەمەوە پەنجا کەس دەدڕێن / هێندە دەزانم جاریکی دیکە هەستمەوە سەر پێ بە جادە و کۆڵانەکاندا بڵاو دەبمەوە /

 

هێندە بێمنەتم دەتوانم بەبێ دەرپێ لە پیرزینەوە تا تەیراوە بە پیاسە بڕۆم /

 

هاوڕێیەکی ساڵانی قەدیمم هەبوو / ناوی حەسەن بوو / باوکی پێی دەگوت حەسۆ / دایکی بە حەسۆکە بانگی دەکرد / ساڵانی ساڵ شەوان بەر لە خەوتن دەستی دەکرد بە عەرەقخواردنەوە / کە سەرخۆش دەبوو تەلەفۆنی بۆ دەکردم و دەیگوت: عەرەق هەزار سودی هەیە بەڵام تۆ واز لە سودە حیزەکانی بێنە / یەک زیانی سەخیفی هەیە بۆت باس دەکەم: / “بەر لە خواردنەوە ئەگەر تەلەفزیۆنەکەت نەکوژێنیتەوە دواتر کە وەک کەر بێ هۆش بوویت لە بیرت دەچێت بیکوژێنیتەوە / بەوەش ناچار دەبیت سەری مانگ پارە بدەیتە فەرمانگەی کارەبا /
خۆ ئەوان گوێت لێ ناگرن تا تۆ بارودۆخی خۆتیان بۆ روون بکەیتەوە /
یادی بەخێر حەسەن / دە ساڵە هیچ هەواڵێکی نییە بەڵام دەڵێن ئێستان لە ئەمریکا دەژی و وەزعی فیتە / شەوان بەر لە خەوتن پیتزایەک و قاپێک فینگەر بەتاقی تەنیا دەخوات /

 

هاوڕێم سندی / تۆ حوسێن ناناسیت / خزمێکی نزیکی خدر جوندی دراوسێمان بوو / زوو زوو دەمبینی / حوسێن نەخۆشییەکی سەختی هەبوو / دایم بە خەیاڵی دروست کردنی فرۆکە دەژیا / سەرەتا بە دروستکردنی وێنەی فرۆکەیەک دەستیپێکرد / بەڵام شکستی هێنا / لە هەوڵی دووەمیدا / بە کاخەز نزیک بە سەد دانە فڕۆکەی دروست کرد / لەم هەوڵەیدا تارادەیەک سەرکەوتوو بوو / دەیتوانی فڕۆکەکانی تا ئاسی دە پێیی بفڕێنێ /
لە هەوڵی سێیەمیدا بە تەنەکە شتێکی دروست کرد / چونکە لە فڕۆکە نەدەچوو / حەوت شەو و حەوت ڕۆژ نەخۆش کەوت /
حوسێن بەڵام بێ ئومید نەبوو. / کە ناوی بۆ خزمەتی سەربازی هاتەوە / لە فاو جلی لەبەر کرد / ئێوارەیەک فڕۆکەی دوژمن نزیک دەبێتەوە /
حوسێن چونکە خۆی بە باوکی هەموو فڕۆکەکانی جیهان دەزانی / بێ ترس دەچێتە دەرەوەی رەبیە و هاوار دەکات ئەوەتا فڕۆکە، ئەوەتا فرۆکە، / ئەوە هەر دووپات دەکاتەوە تا فرۆکەی دوژمن، ساڕوخێکی تێ دەگرێ و خۆی و هاوەڵەکانی دەبن بە خۆڵ /
لەوکاتەوە دایکی وەک خەبیری دروست کردنی فرۆکە
موچەی شەهیدانەکەی حوسێن وەردەگرێت. /
بە رەحمەت بێ حوسێن / نەخۆشییەکی سەختی هەبوو /
بەڵام قەت نائومێد نەبوو./

 

دکتۆر دەڵێت نابێت شەکر بخۆیت / نابێت گۆشت بخۆیت / نابێت خواردنی نێوقوتوو بخۆیت / نابێت شتێک لە روون سوورکرابێتەوە بخۆیت / جگەرە قەدەغەیە / عەرەق قەدەغەیە / پسکویت قەدەغەیە / ئەدی چ بکەم! / تۆ بڵێی مەبەستی ئەوە نەبێت من دەبێت دانیشم و هێواش هێواش گوو بخۆم /

 

ژیانم شەکرە بەڵام ئەگەر باش بیر بکەیتەوە تێدەگەیت چەند برینداری فڕێک چای شیرین و جگەرەیەکم /

 

(دوێنێ سەعات یەکی شەو بۆ دکتۆرەکەمم نووسی سڵاو ئەو بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبوو / مەبەستم بوو پێی بڵێم تەکیلاش هەر عەرەقە / کە / دڵنیابوومەوە خەوتووە / بەهەلم زانی و تەکیلام بە چنگێک خوێ و دوو لیمۆوە خواردەوە / هێندە سەرخۆش بووم نەمدەزانی لەکوێدا ژانم و لەکوێدا سەما / خۆشەویستەکەم / خۆشبەختانە ماڵەوەم نەدۆزییەوە هەر لەسەر ئەو شەقامانەی زستانی پار وەک بەراز پتەو بووم، بۆ ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە دامە پڕمەی گریان /

 

خۆشەویستەکەم / ئەگەر ئیمانت هەیە / من لەبەر تۆ تاریک داهاتم / لەبەر ئەوانەش کە تۆ خۆشت نەویستن)

 

بمبەخشە سندی / یەکدوو ڕستەم لە نێو دوو کەوانەدا بۆ خۆشەویستەکەم نووسی و بستێک لە تۆ دابڕام / ویستم بیرت بخەمەوە لە هەولێر بەتایبەت بندیواری قەڵات بە ئاراستەی چایەخانەی مەچکۆدا ئەگەر چوویت، وریابە بیئەی ئەم شارە وایە، سەرەتا لەوێ دەکوژرێی /

 

هاوڕێم سندی / ئەو ڕۆژەی بەتەنیا مامەوە هاتیە تەنیشتم /
سوپاس و ماچ / ئیتر بۆ پێشەوە /