بۆ ئەوە نانووم تا خەون ببینم

مەحموود دەرویش/شاعیری فەلەستینی

April 6, 2018

مەحموود دەرویش لە ١٣ـی مارسی ١٩٤١ـدا لە گوندی البروە، ڕۆژهەڵاتی عەکا-فەلەستین لە دایک بوو. ٩ـی ئۆگەستی ٢٠٠٨ لە تەمەنی ٦٧ـساڵیدا و لە ئەمەریکا کۆچی دواییی کرد. دەرویش شاعیر و نووسەری فەلەستینی، زیاتر لە سی دەفتەرەشیعری بڵاو کردەوە. شیعرەکانی پتر پەیوەستن بە فەلەستین (وەک بەرگرییەک) و بابەتی سیاسەت و مەرگ و ئەڤینەوە. ئەو لەناو خوێنەرانی عەرەب و جیهانیشدا، ناوێکی دیارە و تەنانەت لەناو ئیسرائیلیشدا خۆشەویستە، چونکە نووسەر یان کەسایەتییەکی دژەیەهوودی نەبوو، عیبرییشی بە باشی دەزانی. بە شاعیری نەتەوەییی فەلەستین ناسرابوو. ساڵانێکی زۆر لە ژیانی لە قاهیرە، توونس، بەیرووت و پاریسدا بەسەر برد. یەکەمین دەفتەرەشیعری کاتێک بڵاو کردەوە، کە تەنیا ١٩ ساڵی بوو. بە دووەمین دەفتەرەشیعری، بە ناوی گەڵاکانی زەیتوون لە ١٩٦٤ـدا وەک شاعیرێکی پێشڕەوی شیعری بەرگری ناسرا. – باڵندە

 

بۆ ئەوە نانووم تا خەون ببینم
بۆ ئەوە دەنووم تا تۆ لە یاد بکەم

مەحموود دەرویش
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شیلان ئەحمەد

 

 

 

ئای لەم چێژە، نووستن بە تەنیایی
خەوێکی ئارام و بێ‌هەراوهوریا
لەناو پێخەفی ئاوریشمدا

 

تکایە لێم دوور بکەوە
تاکوو بتوانم بتبینم
لەوێ، بە تەنیایی…

 

لەو کاتەوەی کە من تۆم بیر دەچێتەوە
هیچ شتێک لە بێتۆییدا ئازارم نادات
نە شەو سینگم بریندار دەکات
نە لێوەکانی تۆ

 

لەسەر تەواوی جەستەی خۆم دەنووم
بەبێ هاودەم
نە دەستەکانت بەر جەستەم دەکەون
نە پێیەکانت وەکوو دەنکێک بادەم
لە دڵم دەدەن

 

کاتێ کە دەرگاکە دادەخەیت
لە بێتۆییدا هیچ شتێکم کەم نییە
هەردوو مەمکەکانم هیی خۆمن
ناوکم، خاک، نیشانەکانی لەشم
دەستەکانم
قاچەکانم
هەموو شتێک لە مندا هیی خۆمن

 

تۆیش هەندێک وێنەی پڕچێژت هەیە
ئەوانیش لەگەڵ خۆتدا ببە
تا لە مەنفادا خەوڕەوێنت بن
دیدەت بەرز بگرە و
وەک دواهەمین پێک هەڵیدە و…
دەیشتوانی بڵێیت:
خۆشەویستیت لەناوچوونە، وێرانییە
بەڵام ئەوکاتە من
وەک کەسێکی هێمن و لێزان
گوێ لە جەستەی خۆم دەگرم

 

هیچ شتێک ئازارم نادات
لە بێتۆییدا
جگە لە گەردوون…