بۆ نموونە

سلێمان جونی/شاعیری عێراقی

April 1, 2018

سلێمان جونی، شاعیر و شێوەکاری عێراقی لەدایکبووی ساڵی 1971ـە لە بەغداد و لە ساڵی ١٩٩١ـیشەوە نیشتەجێی وڵاتی دانیمارکە. یەکێکە لەو شاعیرانەی بە جیلی شاعیرانی نەوەدەکان ناسراوە. سەرەتا بەرهەمەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردووەتەوە، دواتر کۆمەڵەشیعرێکی بە تیراژێکی کەم لەژێر ناونیشانی (درەختی شاعیر درەختی ڕوئیا)ـدا لە ساڵی 1999 لە بەغداد چاپ کردووە. ئەو لە ساڵەکانی 2007، 2008 و 2009ـدا سەرنووسەری گۆڤاری (کەناری ڕۆشنبیری) بووە.

 

بۆ نموونە
سلێمان جونی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئالان پەری

 

1
بۆ نموونە… من ئەو زارۆکەم، کە گۆگان وێنەکەی کێشا و تۆیش ئەو خانمەی، کە دێیتە نێو مۆزەخانەکەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت، منیش هەستوسۆزم بۆت دەجووڵێت؛ لە تابلۆکە دێمە دەرەوە و دەستت دەگرم و بە یەکەوە ئەو ڕۆژانە بە ڕێ دەکەین، کە نامانەوێت پێیان بگەین.

 

2
بۆ نموونە… ئەو کاتەی خۆمان دەکەین بە شانۆکەدا، من وەک ئادەم خۆم دەنوێنم و تۆیش وەک حەوا، تۆ لەسەر دیوارەکەم داهۆڵێک دەنەخشێنیت و منیش باخچە، دوای چەند ساڵێک، سەربازەکان باخچەکە داگیر دەکەن و داهۆڵەکەیش سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ دانیمارک، تۆ لە باراندا دەخنکێیت و منیش لە سەرمان دەمرم.

 

3
بۆ نموونە… من مرۆڤێکی نیاندەرتاڵم و تۆیش لەسەر دیواری ئەشکەوتێکی کۆن وێنە دەکێشیت، دواتر ئاسەوارناسەکان بە خۆیان و کەلوپەلیانەوە، گەشتیارەکان بە خۆیان و کامێراکانیانەوە تا کۆتاییی ژیان چراکان دەکوژێننەوە و دەرگاکان دادەخەن، لەو کاتەدا من بۆ دیوارەکە دەڕوانم و تۆ دەدۆزمەوە، هەناسەکانت ڕێکوپێکە و پەنجەکانت دەلەرزن، منیش وەک هەمیشەی جارانم وێنەی خۆم لە پەناتدا دەکێشم، تۆیش دەشڵەژێیت و وەک هەمیشە پێم دەڵێیت:
لە ڕاڕەوەکە گوێم لە دەنگی پێی کەسانێکە.
منیش وەک هەموو جارێک پێت دەڵێم: ئەوە ئەو هەوایەیە کە ئەم هەموو ئازارە لەناوماندا دەجووڵێنێت.
دواتر خەو دەمانبات و دڵنیایییەک لە پەنامانەوە دەخەوێت.

 

درەختی شاعیر درەختی ڕوئیا

 

4
بۆ نموونە تۆ، ئەو کاتەی لە باسی کتێبێکی فەلسەفە دێیتە دەرەوە و دەچیتە نێو باخچەیەک لە دیوار، لەوێ هەر بە ڕێکەوت چاوت بە داهۆڵێک دەکەوێت.
دەڵێیت: ئەوە تۆیت.
منیش دەڵێم: ئەمە کیسەیەکە لە وشە.
دواتر لە دەستمەوە دەمگریت و بەرەو دەرەوەی ژیان دەگوزەرێیت، کە ئاوێنەی زۆری تێدایە وەک کەناردەریایەکی درێژ لە تانک و زرێپۆش.
دەڵێیت: وا زاووزێ دەکەین.
من دەڵێم: ئەمانە گێڕانەوەیەکی نادرووستن.