نیکانۆر پاررا

ده‌رباره‌ی نیکانۆر پاررا

نیکانۆر پاررا، شاعیری چیللی، لە ٥ـی سێپتەمبەری ١٩١٤ لە سان فابیان دێ ئەلیسۆ لە دایک بووە، لە ٢٣ـی جه‌نیوه‌ریی ٢٠١٨ـدا، لە تەمەنی ١٠٣ـساڵیدا لە لا ڕێینا کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، ماتماتیکزان و فیزیکیستی خەڵکی چیللی بوو، کە بەرهەمەکانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەدەبیاتی ئەمەریکای لاتین هەبووە. خولقێنەری شێوازی نوێگەرای دژەشیعرە و بە بۆچوونی ڕەخنەگرانێکی وەک هارلۆد بلووم، نیاڵ بینس و ڕۆبێرتیۆ بۆلانۆ باشترین، یان یەک لە باشترینەکانی ئەدەبیاتی ڕۆژئاوایە. پاررا چەندین خەڵاتی وەک، خەڵاتی میللیی ئەدەبیاتی چیللی (١٩٦٩) و خەڵاتی سێرڤانتسی لە ٢٠١١ـدا وەرگرتووە، هەروەها مەزندە دەکرێت کاندیدی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتیش بووبێت. شاعیرانێکی ناودار شیعرەکانی ئەویان بۆ ئینگلیزی وەرگێڕاوە، وەک ئالن گینزبێرگ و ویلیام کارلۆس ولیامز. شێوازی شیعری پاررا بە درێژاییی سەردەمەکان جیاواز بووە. لە گەنجیدا، کۆتاییی سییەکان، بە شێوازی شیعری ڕوون، کەوتە ژێر کاریگەریی فێدێریکۆ گارسیا لۆرکاوە و ئەدەبیاتەکەی وەک وەڵامێکی ڕەخنەگرانە دەرکەوت. پاش وازهێنان لەم شێوازە، چونکە ڕیالیزمی سۆسیالستی لەگەڵ بۆچوونەکانیدا یەکی نەدەگرتەوە، شێوازێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی دژەشیعر داهێنا، کە بە شێوەیەکی بەرچاو؛ ڕەخنەگرانە، پرسیارگەرا و سیاسی بوو. شیعرە پۆستمۆدێرنەکانی ئەو، هەڵگری ناوەڕۆکی کولتووری عەوامانە و شیعری فۆلکلۆرین، کە هەوڵ دەدات بەرهەمەکانی زیاتر جەماوەری بن. دواهه‌مین كۆمه‌ڵه‌شیعری پاررا سێ مانگ دوای مردنی بڵاو كرایه‌وه‌ به‌ ناوی «دواهه‌مین كه‌س كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ده‌كوژێنێته‌وه‌».

[ssba-buttons]