ماریای پیر

چێ گیڤارا/شاعیری ئه‌رجه‌نتینی

January 28, 2019

ئێرنستۆ چێ گیڤارا، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری ئەرجەنتینی، کە لە کیووبا شۆڕشی دەست پێ کرد و لە هاڤانا بووە وەزیر و ٩\١٠\١٩٦٧ لە بۆلیڤیا کوژرا، لە ١٤\٦\١٩٢٨ لە ڕۆزاریۆ لە دایک بووە. جیا لەوەی ئەم سەرکردەیە ئایدیا و کردارە سیاسییەکانی باڵی بەسەر زۆرێک لە سەردەمەکاندا کێشاوە و هێشتا هەر نەمرە، خوێنەرێکی باشی ئەدەب و لە ناویشیدا شیعر بووە. وەک هەر چەپ و سۆسیالیستێکی دیکە، لە تەمەنی گەنجی و هەڕەتی گەیشتنیدا بە مارکسیزم و کۆمۆنیزم، چەند شیعرێکی نووسیون. ماریای پیر یەکێکە لەو شیعرانە، کە بە مردن دەست پێ دەکات و بە ئومێد کۆتایی دێت. تێیدا چێ لەگەڵ ژنەجووتیارێکی پیردا کە کچەکەی گەریلایە، باس لەو زوڵم و ستەمە دەکات کە دەسەڵاتە سیاسییە که‌پیتالیست و ئیمپریالیستەکان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناویانە، هەروەها ئەمانە چۆن ناتوانن خۆیان لە بەرامبەر ئاییندەدا، لە بەرامبەر ئەو مرۆڤە بەهیوا و ئیرادە پۆڵایینە شۆڕشگێڕانەدا بگرن، کە سبەی دێن و ڕزگاری و دادپەروەری و یەکسانی لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. – ماڵپه‌ڕی باڵنده‌

 

 

 

 

ماریای پیر
چێ گیڤارا
وه‌رگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبووبەکر

 

 

 

ماریای پیر،

دەمرین.

ئەمەت بە جددی بۆ باس دەکەم…

 

ژیانت تەزبیحێک بوو لە ئەگەر؛

نە خۆشەویست بوویت، نە سیحەت و ماڵت ھەبوون…

جگە لە برسێتی، شتێک ھاوبەشی ژیانت نەبوو.

 

حەز دەکەم لە بارەی ئومێدەکانتەوە قسە بکەم؛

سێ ئومێدە لێکجیاوازەکەت

کە بێ ئەوەی بزانیت،

کچەکەت لێتی وەرگرت…

 

دەستە پیاوانەکانی کچەکەت

بخە نێوان دەستە زەردھەڵگەڕاوەکانت و

مەچەکە بەھێز و خاکە بەربادەکەتی پێ بسڕە

لەم شەرمەزارییە شکۆدارەی

دەستی چارەکارمدا.

 

گوێ بگرە،

داپیرەی پرۆلیتار…

بڕوات بە مرۆڤی ئاییندە ھەبێت

بڕوات بەو داھاتووە ھەبێت،

کە نایبینیت.

 

نوێژ بۆ خودای بێبەزەیی مەکە

کە ژیانێکی ئومێدەوارانەی لێ کردیت…

مردنێکی بەڕەحمەتیش داوا مەکە،

تا ئەو دەمەی کەڵەکێوییە دووڕەگەزەکەت دەبینیت

گەورە دەبێت…

چونکە ئاسمانی کەڕ و تاریک

دەتپێچێتەوە…

بۆ بەخششی ئەمەیش،

تۆڵەسێنێکی سوورت دەبێت.

 

سوێند دەخۆم بە مەبدەئەکانم:

ھەموو نەوەکانت

لە بەرەبەیانێکی نوێدا دەژین.

لە ئاشتیدا بمرە؛

ئەی جەنگاوەری پیر!

 

دەمرین،

ماریای پیر…

سی کفن وا دێن

دەڵێی ماڵئاوا و

نیگایەک بکە…

ڕۆژێک دەڕۆین

دەمرین،

ماریای پیر…

دیوارەکانی ژوورەکەیش

دوورتر دەکەونەوە؛

کاتێک مردن ھاوسەرگیری لەگەڵ ڕەبوودا دەکات و

لە قوڕقوڕاگەتدا عەشق دەکەن…

 

ئەوانەیش سێ کەڵەکێوییە بڕۆنزییەکەن

(تاقه‌ ڕووناکی کە شەوەکانت ڕۆشن دەکەنەوە)

ئەو سێ نەوەیە لە برسان وشک بوونەتەوە،

بۆ ناکۆکیی قامکە پیرەکان دەگرین…

بەڵام کاتێک بۆ ھەمیشە بزەیەکیان دۆزییەوە،

ئیتر ئەوە دەبێتە ھەموو شتێک.

 

ماریای پیر،

ژیانت تەزبیحێک بوو لە ئەگەری بچووک بچووک…

جگە لە برسێتی، شتێک ھاوبەشی ژیانت نەبوو.

ژیانت ڕەزیلانە بوو،

ماریای پیر…

 

کاتێک سێبەری ئاسوودەییی ئەبەدی،

ئازاری چاوانت دەسڕێتەوە…

کاتێک ئەو دەستانە دەگوشیت،

کە لە تاو شتن ڕزیون…

-دوایین ئامۆژگاریی ئەو –

بیریان لێ بکەرەوە و

بگری؛

ماریای پیر، داماو…

 

مەیکە

نوێژ بۆ خودا مەکە

کە ژیانێکی ئومێدەوارانەی لێ کردیت…

مردنێکی بەڕەحمەتیش داوا مەکە؛

ژیانت بە برسێتی داپۆشرابوو

وا بە ڕووپۆشێک لە ڕەبوویش تەواو دەبێت.

 

بەڵام دەمەوێ بە گوێتدا،

بە دەنگی نزمی پیاوێکی پڕ لە ھیوا

لە بارەی تۆڵەسێنێکی تا سەر ئیسقان سوور و

لێوانلێو لە پیاوەتی،

بچرپێنم…

دەمەوێ بۆ ئەمە

بە مەبدەئەکانم سوێند بخۆم…

 

دەستە پیاوانەکانی کچەکەت

بخە نێوان دەستە زەردھەڵگەڕاوەکانت و

مەچەکە بەھێز و خاکە بەربادەکەتی پێ بسڕە

لەم شەرمەزارییە شکۆدارەی

دەستی چارەکارمدا.

 

لە ئاشتیدا بنوو،

ماریای پیر…

لە ئاشتیدا بنوو،

ئەی جەنگاوەرە پیرەکە!

 

سوێند دەخۆم…

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار