ئه‌وه‌ی له ‌سینه‌م چه‌قیوه‌ ڕۆتر بچێت ئاسانترە

داستان مارف/شاعیری کورد

August 14, 2019

 

 

داستان مارف لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە. یەکەم شیعری لە ٢٠١١ـدا لە گۆڤاری هەناردا بڵاو بووەتەوە. ئەو لەم چەند شیعرەدا سەرنج دەخاتە سەر خۆشەویستی، شیعر، دنیای شیعرییانە و مرۆڤ و ژیانەکەی. باڵندە بە خۆشحاڵییەوە شیعرەکانی داستان مارف بڵاو دەکاتەوە، بەو هیوایەی زیاتر شیعری ئەو ببینین. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ئه‌وه‌ی له ‌سینه‌م چه‌قیوه‌ ڕۆتر بچێت ئاسانترە
داستان مارف

 

 

  

١

دەستەکانم دەتیانەوێت؛ لێرە نیت و لە گیرفانمیان دەنێم.

 

٢

یەک خەونمان هەبوو، یەک خەممان هەبوو، بووبووین بە یەک.

تۆ لە ماتماتیکدا سەرکێش بوویت و جیا بووینەوە.

 

٣

تۆ له‌ ڕه‌نگت که‌م نه‌بوو،

منیش نه‌مویست تاوس بخه‌مه‌ ئه‌رکه‌وه‌.

 

٤

شاعیرەکان دڵخۆش نین؛

وشەکان بە بەرگی خیانەتەوە دەگەنە جێ.

 

٥

مانگ دڵخۆش نییە؛

مانگ نایەوێت لە شیعرێکی خراپدا بێت.

 

٦

مرۆڤەکان دڵخۆش نین؛

مرۆڤەکان تەنیا مانەوە.

 

٧

وێنەکێشەکان دڵخۆش نین؛

وێنەکێشەکان دەزانن، هەموو ڕەنگی دونیا ئەم تاریکییە، ڕوون ناکاتەوە!

 

٨

له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ مانگ دیاره‌

دایبخه‌، با درۆی شاعیران نه‌یه‌ته‌ ژوورێ.

 

٩

له‌ ته‌ک غه‌ریبه‌یه‌که‌وه‌ ڕێ دەکەم

ده‌نگی دانه دانه‌ی به‌ڕێکردنی ته‌زبیحه‌که‌ی ده‌بیستم،

پاااااااااپپ.

سڵاوکردن له‌ هاوڕێیه‌ک!

مرۆڤه‌کان به‌ناومدا ده‌ڕۆن و هه‌ست به‌ بوونم ناکه‌ن

به‌ناو مرۆڤه‌کاندا ده‌ڕۆم و هه‌ست به‌ بوونیان ناکه‌م.

ئێره‌ پێی ده‌گوترێت شار، ئه‌م ڕۆژگاره‌ش،

دونیای نوێ!

 

١٠

”ژیان گله‌ییكردنه‌ له‌ دونیایه‌ك، كه‌ نه‌مانتوانی ئه‌زموونی بكه‌ین.”

باڵندەیەک بۆ دڵدانه‌وه‌ی خۆی ده‌ڵێت: هێنده‌ له‌ ئاسمان ماینه‌وه‌، سێو گله‌یی له‌ نیووتن كرد.

 

١١

ئه‌وه‌ی له‌ نێوان من و ده‌ره‌وه‌دایه‌، دیوار و په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌

لێره‌ ده‌نگی دڵ و زرمه‌ی ڕاچه‌نین دێت،

له‌ ده‌ره‌وه‌ خرمه‌ی یارییه‌ ئاگرینه‌كان،

ئه‌وه‌ی جیامان ده‌كاته‌وه‌ دیوار و په‌نجه‌ره‌یه‌كه!

 

١٢

له‌ پێناو دروستکردنی شیعرییەتدا، ته‌نیا ناوت ده‌نووسم.

 

١٣

بمناسەوە:

شیعر دەستەواژەیەکی بچووکی ئازارە،

لەم ئازارەدا، شیعر برینە.

ئازار و برین دەبنە شیعر و تۆ دەکەمە ناونیشانی ئەم شیعرە.

 

١٤

مەگەڕێوە،

ئه‌وه‌ی له ‌سینه‌م چه‌قیوه‌،

ڕۆتر بچێت،

ئاسانترە.