پێغه‌مبه‌رێکی کوژراو به‌ده‌م فڕینه‌وه

داستان مارف

داستان مارف/ کوردستان

September 17, 2021

داستان مارف لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە. یەکەم شیعری لە ٢٠١١ـدا لە گۆڤاری هەناردا بڵاو بووەتەوە. ئەمە دووەمین شیعری داستانە کە وێبسایتی باڵندە بڵاو دەبێتەوە.

 

 

پێغه‌مبه‌رێکی کوژراو به‌ده‌م فڕینه‌وه
داستان مارف

 

 

 

١

بۆ نوسینی شیعر جەزبە نامگرێت،
بەساردی ڕۆژگار دەنوسمەوە.

٢

لە قاچەوە سەرما دەگاتە سەرم.
“زەوی کێشەکەیە”

٣

لەپەنجەرەکەوە وێنەی مانگ دەگرم،
مانگ ده‌خه‌مە تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌‌،
لەسەر وێنەکە دەنوسم: مانگی من بۆ تۆ.
“ڕۆمانس لە مەجازدا”

٤

با لە درەختەکان دەدات و گڤەی دێت،
دڵۆپە ئاوی کانیەکە، لە سەر بەردێکەوە تک تک دەچۆڕێتە جۆگەیەیەکی دی،
زیکزییکەکانی شەو،
سبەینانی کوکوختییەکان،
تۆنی دەنگتن کە دەربارەی عەشق دەدوێیت.

٥

دوریت تیرێکە ڕووەو ناوچەوانم،
نزیکیت تیرێکە لە سەرمدا.

٦

به‌م تاجە دڕکەوە که‌ سه‌رمی ته‌قاندووه‌،
خه‌ون له‌ کەللەمدایە‌؛
خاچ ده‌که‌مه‌ باڵ و ده‌فڕم.
“وڕێنەی پێغه‌مبه‌رێکی کوژراو به‌ده‌م فڕینه‌وه”‌

٧

زستان بەڕێوەیە،
بە کراسێکی سوورەوە تۆش لەگەڵیدا.
چوار وەرزەی ڤیڤاڵدی کۆت دەپۆشن و شەراب دەخۆنەوە و لە چاوەڕوانیدان؛
بە کراسێکی سوورەوە تۆش لەگەڵیاندا.

٨

کاری ئۆنلاین
مامەڵەی ئۆنلاین
عشق و ژیانی ئۆنلاین!
“داوای لێبوردن لە کارل مارکس”

٩

قەرەباڵغییەکان ساختەن
مرۆڤ تەنهایە.
“سێڵفیەک”

١٠

نائومێدی دۆخێک نییە ڕووبدات،
تۆ نائومێدیت؛
من مرۆڤ نیم،
مرۆڤ دۆخێکە ڕودەدات.