ئەمەریکا

دونیا میخائیل/شاعیری عێراقی

June 2, 2018

 

 

ئەمەریکا
دونیا میخائیل
وەڕگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەشید مەحموود

 

تکایە لێم مەپرسە، ئەمەریکا
بیرم نییە
لە کام شەقام
یان لەگەڵ کێ
یان لەژێر کام ئەستێرە
لێم مەپرسە
ڕەنگی خەڵکم لە بیر نییە
واژۆکانیشیان
بیرم نییە کە ئایا ڕووخساری ئێمە و
خەونی ئێمەیان هەیە
ئایا گۆرانی دەڵێن یان نا
لە ڕاستەوە دەنووسن یان چەپ
یانیش نانووسن
لە ماڵەکاندا دەخەون
یان لەسەر شۆستەکان
یان لە فڕۆکەخانەکان
سێکس دەکەن یان نایکەن
تکایە لێم مەپرسە، ئەمەریکا ناویانم لە بیر نییە
شوێنی لەدایکبوونیشیان
خەڵک گیائاسا
لە هەموو شوێنێک لە دایک دەبن ئەی ئەمەریکا
لێم مەپرسە…
بیرم نییە
کاتژمێر چەند بوو
لەژێر کام کەش
یان زمان
یانیش کام ئاڵادا بوون
لێم مەپرسە
بیرم نییە چەند بەژێر خۆردا ڕۆیشتوون
چەندیش مردوون
شێوەی گەمییەکانم لە بیر نییە
یان ژمارەی وێستگەکان
چەند جانتایان هەڵگرتبوو
یان جێیان هێشتبوو…
بە گازەندەوە هاتن
یان بێ گازەندە
بوەستە لە پرسیارکردن ئەمەریکا
دەستت بۆ ماندووەکانی
کەناری ئەوبەر درێژ بکە
دەستت درێژ بکە بێ پرسیارکردن و
لیستی چاوەڕوانی
سوودی چییە جیهان ببەیتەوە و
ڕۆح بدۆڕێنی؟
کێ گوتی ئاسمان
هەموو ئەستێرەکانی
دەدۆڕێنێت گەر شەو بێوەڵام تێپەڕێت؟
پسوولەکانت بۆ ڕووبار جێ بهێڵە
بۆ خۆشەویستەکەمم جێ بهێڵە
کاتێکی زۆر تێپەڕی و
ئێمەش لە دوو کەناری دوور شەپۆل دەدەین
ڕووباری نێوانیشمان سەرەونگوون دەبێت
“وەک ماسییەکی پێگەیشتوو”
ڕۆژگارێکی زۆر تێپەڕی ئەمەریکا
(درێژتر لە حیکایەتەکانی داپیرەم لە ئێواران)
چاوەڕێی ئاماژەیەکین
تا گوێچکەماسییەکان فڕێ بدەینە نێو ڕووبارەکە
دەزانین ڕووبار پڕە لە گوێچکەماسی
ئەو گوێچکەماسییەمانی لا گرنگ نییە
بەڵام بۆ گوێچکەماسییەکە گرنگە
بۆچی ئەم هەموو پرسیارە دەکەیت؟
پەنجەمۆری ئێمەت دەوێت
بە هەموو زمانەکان
منیش گەورە بووم
گەورەتر بووم لە باوکم
لە شەوچەرە بێ شەمەندەفەرەکاندا پێی دەگوتم:
ڕۆژێک لە ڕۆژان دەڕۆینە ئەمەریکا
ڕۆژێک دەڕۆین
گۆرانییەک دەڵێین
وەرگێڕدراو یان وەرنەگێڕدراو
لای پەیکەری ئازادییەوە…
ئێستاش ئەمەریکا ئێستا
هاتمە لات بەبێ باوکم
مردووەکان بەر لە قوڕ پێ ڕادەگەن
بەڵام هەرگیز گەورە نابن ئەمەریکا
وەک تارمایی و ڕووناکی بە نۆرە
دێنە خەونەکانمان
یان لەگەڵ تیرەئەستێرە
یانیش دەبنە پەلکەزێڕینە
لەسەر ئەو ماڵانەی لەوێ جێمان هێشتن
هەندێک جاریش تووڕە دەبن
لەبەر ئەوەی کەمێک
درەنگ دەکەوین…
ئێستا کاتژمێر چەندە؟
دەترسم پۆستەیەکی تۆمارکراوتم پێ بگات ئەمەریکا
لەم کاتژمێرەی
کە ئیتر بە کەڵکی هیچ نایەت
وەک پشیلەیەکی ماڵی
ئازادی نەوازش دەکەم و
ناشزانم چی لێ بکەم
لەم کاتژمێرەی
کە ئیتر بە کەڵکی هیچ نایەت…
خۆشەویستەکەشم کە لەوێیە
لە کەناری ئەوبەری ڕووبار
گوڵێکی بە دەستەوەیە بۆم
منیش هەروەک دەزانن
گوڵی ژاکاوم خۆش ناوێت
دەستنووسی خۆشەویستەکەم
هەموو ڕۆژ لە پۆستەکەوە دەدرەوشێتەوە
دەری دەهێنم لەنێو ڕێکلامە بازرگانییەکان و
ئۆفەرە تایبەتەکان کە:
“دانەیەک بکڕە و دانەیەکی تر بە خۆڕایی وەرگرە”
هەواڵێکی بە پەلەش
تۆ ملیۆنێک دۆلار دەبەیتەوە
گەر بەشدار بیت لەم گۆڤارە و
لیستی نرخەکانیش
بۆ دانی پارە بە قیست.
دەستنووسی خۆشەویستەکەمم خۆش دەوێت
هەرچەندە هەر ڕۆژە و زیاتر شپرزە دەبێت
یەک وێنەمان هەیە
تەنیا یەک وێنە ئەمەریکا
دەمەوێت
ئەو چرکەساتە ڕاکردووەی وێنەکەم دەوێت
لە هەموو گۆشەکان دەیناسمەوە
ئەو چرکەساتە بازنەیییە پیرۆزە
بیهێنە پێش چاوت ئەمەریکا
یەکێکمان لە وێنەکە بێینە دەرەوە و
ئەلبوومەکە بە تەنیایییەکی قەرەباڵغەوە جێ بهێڵین
یان ژیان ببێتە کامێرایەکی بێ فیلم
بیهێنە پێش چاوت ئەمەریکا
بەبێ چوارچێوە
شەوەکان دەمانبەن
بەیانی
خۆشەویستەکەم
بەیانی
شەوەکان
دەمانبەن
بەبێ چوارچێوە
مۆزەخانەکان لە خەو هەڵدەستێنین
بۆ تاهەتایە
کاتژمێرە لەکارکەوتووەکانمان چاک دەکەینەوە
لە مەیدانە گشتییەکان زەنگ لێ دەدەین
هەرکاتێک شەمەندەفەرەکەمان لە دەست چوو
بەیانی
ئەی خۆشەویستەکەم
بەیانی
دوو گەڵای درەختێک دەپشکوێنین
هەوڵ دەدەین نەبین بە سەوزایییەکەی
کاتێک بە دەم سەماکردنەوە دەکەوین
با دەمانبات
بۆ ئەو شوێنانەی ناوەکانیان لە بیر دەکەین
لەبەر ئەوەی بە ڕێگەی خۆیاندا دەڕۆن
دڵخۆش دەبین
بۆ کیسەڵەکان…
بەیانی لە چاوەکانت دەڕوانم
تا لۆچە نوێیەکانی هێڵی
خەونی داهاتوومان ببینم
کاتێکیش قژە خۆڵەمێشییەکەم دەکەیتە کەزی
لەژێر باران
یان خۆر
یانیش مانگدا
هەموو تاڵە قژەکان دەزانن
کە
هیچ
شتێک
دوو جار ڕوو نادات
هەر ماچێکی نیشتیمان
مێژوو و
جوگرافیا و
زمان و
دڵتەنگی و
داگیرکاری و
وێرانکاری و
جەژنی هەن
کاتژمێرێکیش لێ دەدات…
کاتێک دووبارە ملت ئازاری پێ دەگات خۆشەویستەکەم
کاتت نابێت بۆ گزی و
گرنگیی پێ نادەیت
ئازار لەنێومان دەچەقێت
وەک بەفرێک کە نەتوێتەوە
بەیانی
خۆشەویستەکەم
بەیانی
لە سندووقە دارینەکە دوو ئەنگوستیلە
زەنگ لێ دەدەن
کە هەمیشە
لەنێو دوو دەستدا دەدرەوشانەوە
بە شڵەژاوییەوە
لە بەگژداچوونەوەی
نائامادەیی
بەیانی
سپی
گشت ڕەنگەکانی بەیان دەکات
ئاهەنگ بۆ ئەوانەی کە ون بوون
یان شاراوەبوون لە سپیدا دەگێڕین
لە کوێوە بیزانم ئەمەریکا
کامە ڕەنگ درەوشاوەتر
یان تۆختر
یان نامۆتر
یانیش کارلێکی زیاترە لەگەڵ ڕەنگەکانی تردا؟
لە کوێوە بیزانم ئەمەریکا…