لایلایە بۆ ئایلان

هێنریک نۆوردبارد/ شاعیری دانیمارکی

April 26, 2018

هێنریک نۆوردبارد، شاعیری دانیمارکی، لە ٢١ـی مارسی ١٩٤٥ـدا لە دایک بووە و پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبێڵە. یەکەمین دەفتەرەشیعری خۆی بە ناوی (شیعر)ـەوە لە ساڵی ١٩٦٦ـدا بڵاو کردووەتەوە. چەندین خەڵاتی ئەدەبیی لە دانیمارک و ئەورووپادا پێ بەخشراوە. ئەندامی بۆردی خەڵاتی نێودەوڵەتیی نازم حیکمەتە. زۆربەی ژیانی خۆی لە نێوان تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیادا بەسەر بردووە. زمانی عەرەبی، تورکی و چینی بە باشی دەزانێت. – باڵندە

 

 

 

لایلایەی سەر بێشکە
هێنریک نۆوردبارد
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

 

منداڵە بچکۆلانەکەی جەنگ لە کام لاوە؟
ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا؟
بە ڕای تۆ لە چ شوێنێکی ئەم دنیایەدا
هاوڕێیەک دەدۆزیتەوە؟

 

منداڵە بچکۆلانەکەی جەنگ
کامیان بۆ تۆ باشترە؟
پێخەفێکی دڕاو؟
کفنێک لە تەختەی تابووت؟
یان پۆشاکێکی ڕزگارکەر؟

 

منداڵە بچکۆلانەکەی جەنگ
لە کوێ حەز دەکەیت بمریت؟
لەژێر مووشەک
یان لەسەر دەریاچەیەکی کراوە؟

 

منداڵە بچکۆلانەکەی جەنگ
بۆ کوێ دەڕۆیت؟
بە ئارەزووی خۆت هەڵبژێرە
بەڵام وا بکە جارێکی تر نەتبینینەوە.