شیعر لە پاشەکشەدایە؟

حسەین لەتیف/شاعیر و نووسەری کورد

June 1, 2018

حسەین لەتیف

 

ئەوەی لە پاشەکشەدایە شیعر نییە، بەڵکو خوێنەری شیعرە، پاشەکشێکردنی تایپێکی خوێنەرە، ئەو تایپە لە خوێنەر پێکەوە زەوقێکی نزم و سادەیان هەیە، تێگەیشتنیان بۆ شیعر ڕەگی لە ڕابردوودایە نەک لە ئێستادا، چونکە خوێنەرێک کە باکگراوندێکی ئایینیی هەبوو، دەرچووی حوجرەکان بوو، ناتوانێت چێژ لە گۆران ببینێت کە بە کێشی خۆماڵی نووسیویەتی. خوێنەرێک بە وەسفی فۆتۆگرافییانەی گۆران ڕاهاتووە، ناتوانێت چێژ لە پەخشانەشیعر و شیعری پەخشانی شێرکۆ ببینێت.

 

کێشەکە لە چێژی خوێنەردایە نەک لە شیعر خۆیدا. خوێنەر لە ڕابردوودا بە دوای ڕوونی و ڕەوانیدا گەڕاوە، لە ئێستاشدا هەمان چاوەڕوانیی لە شیعر هەیە، لە کاتێکدا شیعری نوێ چەندە گوتنە ئەوەندەش شاردنەوە و نەگوتنە. گوتن لە شیعری نوێدا گوتنێکە بە پەنهانی. زمان لە شیعری نوێدا چەندە توانای بەیانکردنی هەیە، ئەوەندەش توانای شاردنەوەی هەیە.

 

لە شیعری نوێدا خوێنەر دەبێت ڕۆڵی پشکنەر ببینێت، کۆدەکان بکاتەوە، نەگوتراوەکان بدۆزێتەوە، وەک عەباس بەیزوون دەڵێت: (گوتراو لە شیعردا دەرکەوتنی ترۆپکی شاخە سەهۆڵینەکەیە.)1 بەشێکی زۆری نەبینراوە، ئەوەی کە دەبینرێت بەشێکی ئێجگار کەمە. ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە شیعری نوێ کار لەسەر نیشانە و ئاماژە و چڕی دەکات، کە وا دەکات ئەگەر شیعر لە ڕابردوودا وەک هەر بوارێکی تر جەماوەری بووبێت؛ لە ئێستا و لە ئاییندەدا بوارێکی نوخبەوی بێت، ئەمەش بە قازانجی خودی شیعر تەواو دەبێت، چونکە بە پلەی یەکەم ڕزگارکردنی شیعرە لە زەوقی گشتی بەرەو زەوقی تایبەت. مەبەست لە زەوقی گشتی ئەوەیە خوێنەری شیعر لە ڕابردوودا پێشوازییان لە شیعری حەماسی و لیریک و پیاهەڵدان کردووە، بە دەگمەن شاعیرێک دەدۆزینەوە لیریکی نەنووسیبێت، لەبەر ئەوەی لە لایەن زەوقی گشتییەوە پێشوازیی لێ کراوە. ڕوونی و ڕەوانیی سروودەکان ڤیزای چوونە ناو خوێنەر بوو.

 

لە ئێستادا بە پێچەوانەوەیە، شاعیرانی لیریک و سروود و پیاهەڵدان کەم بوونەتەوە، هەر بۆیەشە خوێنەرانی سەر بە تایپی زەوقی گشتی لە شیعر تۆراون. ئەمە گۆڕانێکی چۆنایەتی و هۆشمەندانەیە کە لە شیعردا ڕووی داوە. شیعر وەک هونەرێکی زمانی، کە لە ڕابردوودا سەر بە دەنگ بووبێت، ئەوا لە دنیای نوێدا سەر بە بێدەنگییە، چونکە خوێنەرێکی دەوێت بیرکەرەوە و ئەندێشەمەند بێت، وەک (وەک هونەرێکی بێدەنگ بۆ شوێنی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆی دەگەڕێتەوە، ڕەنگە ئەمە لە بەرژەوەندیی شیعر خۆیدا بێت، داواکردنی کاریگەرنەبوون لە شیعر وا دەکات نەکەوێتە ژێر مەرجی دەرەکی و سەربەستییەکی گەورەتری هەبێت.)2

 

هەموو ڕزگاربوونێکی شیعر لە مەرجی دەرەکی و داواکاریی پێشوەخت گەڕانەوەی شیعرە بۆ سروشت و جەوهەری شیعر خۆی.


 

پەراوێز
۱ـ عەباس بەيزوون، وەرگێڕانی عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، هەر تەنها مانگ نییە لەژێر درەختا بیر دەکاتەوە، چ۱، غەزەلنووس2015، ل18
۲ـ ه، س، پ ل22-

 


سەرنج: ئەم گوتارە دوورودرێژترە و لە باڵندەدا تەنیا بەشێکی بڵاو دەبێتەوە.