زستانی بێ پاڵتۆ

ئیسماعیل سابیر/شاعیری کورد

August 23, 2018

 

 

ئیسماعیل سابیر، لە شاعیرانی نوێی کوردە، لە ساڵی ١٩٩٤ـدا لە ناوچەی گوێڕ-موسڵ لە دایک بووە و هەنووکە لە هەولێر نیشتەجێیە. دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆیەیە و بە پارێزەرییەوە خەریکە. ماوەی سێ ساڵێکە دەستی بە شیعرنووسین کردووە. لەم شیعرەدا- کە بە تاریکی دەست پێ دەکات و بە کەوتن کۆتایی دێت- سەرنجی گەردی لەسەر شارەکان و پێگەی مرۆڤە تێیاندا. لێکپچڕانی هەستەکان و پەیوەندییەکان، بیرکەوتنەوەی یادێکی خۆش، تاریکی، هەڵوەدابوون لە شارەکاندا، ڕوانین لە جامی پاسەکانەوە- وەک تاقە توانایەک- و بێهیوابوون، لە ئادگارە سەرەکییەکانی ئەم شیعرە و جیهانەکەی ئەمڕۆمانن، کە تێکستەکە چاوی خستوونەتە سەر. گەردی بەردەوام دەبێت لە شیعرنووسین و بەو هیوایە دەنووسێت، کە شیعرێکی بێگەرد و تژی لە جیهانەکەی خۆی بخولقێنێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

زستانی بێ پاڵتۆ
ئیسماعیل گەردی

 

شارەکان تاریک و تەمن
شەقامەکان جمەیان دێ لە ئۆتۆمبێل
هەموان وەکو مەڕ سەریان لە دوای یەک ناوە
مرۆڤەکان بە پاڵتۆی گەرمەوە بەسەر شۆستەکانەوەن
بە تەنیشت یەکەوە دەڕۆن و سەیری یەک ناکەن
پشیلەکان لەتاو سەرما لەنێو کۆڵانە تاریک و کەلاوەکاندا، فڕکان فڕکانیانە.
تاریکی بەرگی هەموو کووچەیەکی داپۆشیوە
تەنیا هۆتێل و مۆڵەکان لە دوورەوە وەکو ئەستێرە ڕووناک دیارن
کاتێک لە باڕ و سینەماکان دێینە دەرەوە،
ئەوکات بۆمان دەردەکەوێ چەندە کاتی خۆمان بە فیڕۆ داوە،
بڕوا بکەن ڤۆدکا ناتوانێ ئەو هەموو ساردییە گەرم بکاتەوە
کەوا لە دوای ماڵئاواییی ئازیزانێکەوە بۆمان دروست بووە.

 

دەگەڕێینەوە، بەرگەی زستان ناگرین
سواری پاسەکان دەبین و
بە ئومێدی گەڕانەوە، دەگەڕێینەوە
سەرمان بە جامی پاسەکاندا دەخشێنین
لەو خەڵکەی دەرەوە دەڕوانین
کەوا دوو-دوو سێ-سێ
لەگەڵ یەکتر، بەسەر شۆستەکاندا دەڕۆن
لە ترسی سەرما دەستەکانیان لەنێو پاڵتۆکانیان گرمۆڵە کردووە
لە کاتی هەر قسەکردنێکیاندا
هەڵم، لە چەشنی دووکەڵی جگەرە لە لێوەکانیانەوە هەڵدەستێ…

 

زستانە و هەموو شوێنێکی ئەم شارە ساردە
هۆتێلەکان سارد
باڕەکان سارد
کتێبخانەکان سارد
شەقامەکان سارد
تەنانەت ناو پێخەف و سێکسکردنیش لەم شارە سارد بووە.

 

لە شەوێکی زستاندا
ئارەزووی کافێیەکی هێمن و بێدەنگ لە کەللەمدایە.
حەزم بە کووپێک قاوە و
دیدارێکی تۆیە.

 

دەمێکە بیری چاکەتوپانتۆڵ و
ژوانی کافێیەکی هێمن دەکەم
دەمێکە بیری ماچێکی گەرم و
پیاسەیەکی بێ چەتر
لە ڕۆژێکی باراناویدا دەکەم
لەو زستانەدا.

 

زستان
ناوێکی ترە بۆ دابڕان
ناوێکی ترە بۆ کاپتیالیزم
ناوێکی ترە بۆ برسیبوون و گریانی پڕۆلیتارەکان
بەبێ پارە
ناتوانین خاوەنی پاڵتۆیەک بین
بەبێ پارە
پاڵتۆکان لێمان ڕادەکەن.

 

لە زستاندا
دەستکێشەکەم لێ دزرا،
کڵاوە خورییەکەم لەناو قەرەباڵغیی شاردا لێ ون بوو
پاڵتۆکەشم لە دەستم هەڵات و چووە باوەشی ئمپریالیزمێکەوە
پێڵاوەکانم دڕان و
قاچەکانم لە تاو سەرمای زستان،
ئیفلیج بوون،
بەر بوومەوە و لە هەنگاونان کەوتم!