سێ شیعری لوییز گلووک

لویس گلووک

لویس گلووک/ ئەمریکا

October 8, 2020

ئەکادیمیای سوێدی بۆ خەڵاتی نوبێل “لوییز گلووک“ـی ئەمەریکیی وەک براوەی ٢٠٢٠ـی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات ناساند، لەبەر “دەنگێکی شاعیرانە، کە بێترس بە جوانییە سەختکۆشەکەی دەنگی تاکی، جیهانی کرد”. گلووک ٢٢ـی ئەپڕیڵی ١٩٤٣ لە نیو یۆرک لە دایک بووە. “سەرکەوتنی ئاشیل”، “زەنبەقی کێوی”، “شەوی داوێنپاک و وەفادار” لە کتێبەشیعرەکانی ئەون. –ماڵپەڕیباڵندە

 

 

سێ شیعری لوییز گلووک
لە ئینگلیزییەوە سەنگەر عەبدولکەریم

 

 

 

 

هەموو پیرۆزیەکان

 

تەنانەت ئێستاش ئەم سروشتە خۆی کۆدەکاتەوە.
گردەکان تاریک دەبن. گایەکان بە جووتە شینەکەیانەوە خەوتوون.
کێڵگەکان خاوێن کراونەتەوە.
گورزە دانەوێڵەکان جوان کۆکراونەتەوە و لە تەنیشت
ڕێگاکە لە نێو گوڵە کێوییەکاندا کۆپەڵتە کراون، کاتێک مانگی دداندار هەڵدێت:
ئەمە بێرونی دروێنەیە یان نەخۆشی درم.
ژنەکەش بەسەر پەنجەرەکەدا نوشتاوەتەوە بە دەستی درێژکراوەوە، وەک ئەوەی پارە بدات،
تۆوەکانیش، جیاکراوە و زێڕین بانگ دەکەن:
وەرە بۆ ئێرە
وەرە بۆ ئێرە، بچکۆل
ڕۆحیش لە درەختەکە دەردەچێت

 

 

 

 

داستانێک

 

دوو ژن بە هەمان بانگەشەوە
هاتنە بەردەم پاشایەکی دانا.
دوو ژن، بەڵام تەنها یەک ساوا.
پاشا دەیزانی یەکێکیان درۆ دەکات.
ئەوەی گوتی ئەوە بوو، با ساواکە
بکرێت بە دوو بەشەوە؛ بەو شێوازە
کەس بە دەستی بەتاڵ ناڕواتەوە.
شمشێرەکەی دەرکێشا.
دواتر، لە دوو ژنەکە،
یەکێکیان لە بەشەکەی خۆی خۆشبوو: ئەمە نیشانەکە بوو،
وانەکە بوو.
وایدابنێ دایکت دەبینی
لە نێوان دوو کچدا دابەش بووە:
دەتوانی چی بکەیت بۆ ڕزگارکردنی
جگە لە ئامادەیی بۆ لەناوبردنی خۆت ــ
دەزانێت کامە منداڵە ڕاستەقینەکەیە،
ئەوەیان کە ناتوانێت بەرگەی دابەشکردنی
دایکی بگرێت

 

 

 

 

منداڵە خنکاوەکان

 

دەزانی، هیچ داوەرییەکیان نییە.
بۆیە سروشتییە، کە دەبێت بخنکێندرێن،
سەرەتا سەهۆڵەکە دەیانباتە ناوەوە،
دواتر، هەموو زستان، ملپێچە خوورییەکانیان
لەدوایانەوە سەرئاو دەکەون، کاتێک نوقم دەبن و لە کۆتاییدا هێور دەبن.
گۆمەکەش بە قۆڵە ڕەشە زۆر و زەبەندەکانییەوە بەرزیان دەکاتەوە.
بەڵام مەرگ دەبێت جیاوازتر بۆیان بێت،
هێندە نزیک لە دەستپێکەوە،
وەک ئەوەی هەمیشە کوێر و سوکەڵە بووبن.
بەو جۆرە ئەوەی ماوە دەبێتە خەون، چراکە،
ئەو قوماشە سپییەی چاکەی مێزەکەی داپۆشیوە،
لاشەکانیان.
بەڵام هێشتا گوێیان لەو ناوانەیە کە بەکاریان دەهێنا
وەک دنەدانێک دزە دەکاتە گۆمەکەوە:
چاوەڕێی چی دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەوە،
بگەڕێنەوە ماڵەوە، لە نێو شەپۆلەکاندا وندەبێت، شین و هەمیشەیی