ناسنامە

مەحموود دەرویش/شاعیری فەلەستینی

May 17, 2018

 

ئەم شیعرەی مەحموود دەرویش، یەکێکە لە بەناوبانگترین شیعرەکانی، کە لە تەمەنی گەنجیدا نووسیویەتی. چیرۆکی ئەم شیعرە لەو ڕۆژەدا دەست پێ دەکات کە مەحموود دەرویش دەچێتە وەزارەتی ناوخۆ و دەیەوێت ناسنامەکەی تازە بکاتەوە. ئەو کارمەندەی لەوێ کارەکان ڕایی دەکات (هەڵبەت خەڵکی ئیسرائیلە) دەبێت ئیستمارەیەک پڕ بکاتەوە کە چەند زانیارییەک دەربارەی ئەو  کەسانە بنووسێت کە ناسنامە دەردەکەن یاخود تازەی دەکەنەوە. لەو خانەیەدا کە دەبێت نەتەوەکە بنووسرێت، لە مەحموود دەرویش دەپرسێت، خەڵکی کوێیە. مەحموود دەرویش لەو کاتەدا وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: (عەرەب)! کارمەندەکە بە سەرسووڕمانێک و ناڕازییبوونێکەوە لێی دووبارە دەکاتەوە، دیسان لە وەڵامدا مەحموود دەرویش دەڵێت، عەرەب. پێی دەڵێت: (تۆماری بکە، من عەرەبم). ئەم دێڕە زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت کاتێک دێتە دەرەوە، هەر لە پاسەکەدا لە ڕێی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەستنووسی یەکەمی ئەم شیعرە دەنووسێت.
ئەم شیعرە چەندین جار و بە چەندین شێوە چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە، هەر جارەو بەشێکی لابراوە یان گۆڕانکارییەکی تێدا کراوە، بە گشتی بە چەند شێوازێکی جیاواز ئەم تێکستە دێتە بەرچاومان.
 لەگەڵ هەر گرژی و توندوتیژییەکدا کە لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا ڕوو دەدەن، وەک ئەوەی ئەم ڕۆژانە هەیە، ئەم شیعرە وەک شیعرێکی بەرگریی فەلەستینی دێتەوە ناو فەلەستینییەکان. – باڵندە

 

 

ناسنامە
مەحموود دەرویش
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

 

تۆماری بکە، من عەرەبم
ژمارەی ناسنامەکەم پەنجا هەزارە
هەشت منداڵم هەیە و
نۆیەمیشیان دوای هاوین لە دایک دەبێت.
ئایا بەمە تووڕە دەبیت؟

 

تۆماری بکە، من عەرەبم
لەگەڵ هاوڕێیانی زەحمەتکێشدا لە کانەبەرد کار دەکەم
هەشت منداڵم هەیە
نان و جلوبەرگ و دەفتەریان
لەسەر بەرد بۆ دەردەهێنم
لەبەر دەرگاکەی تۆدا
ناپاڕێمەوە بۆ خێر. خۆم بچووک ناکەمەوە.
ئایا بەمە تووڕە دەبیت؟

 

تۆماری بکە، من عەرەبم
من ناوێکم بێ نازناو
لە وڵاتێکدا سەبرم گرتووە
کە هەموان لە گێژاوی تووڕەییدا دەژین.
پێش ئەوەی زەمەن لە دایک بێت ڕەگوڕیشەم داکوتیوە
پێش ئەوەی چەرخەکان بکرێنەوە
پێش ئەوەی درەختی سەرڤ و زەیتوون هەبن
پێش ئەوەی گیا گەشە بکات.

 

باوکم لە خێڵی گاسنە
لە نەجیبزادەکان نییە
باپیریشم جووتیارێک بوو
بێ بنە و بێ ڕەچەڵەک
پێش ئەوەی فێری خوێندنەوەم بکات
نەفسبەرزیی فێر کردم
ماڵەکەشم وەک کووخی پاسەوانێکە
لە شووڵ و قامیش دروست کراوە
قایل دەبیت پێی؟

 

من ناوێکم بێ نازناو
تۆماری بکە، من عەرەبم
ڕەنگی قژم خەڵووزینە و
چاوەکانیشم قاوەیی
لە نیشانەکانیشم:
سەروو جامانەکەی ملم
عەگالێک لە سەرمدایە
لەپەکانیشم وەک بەرد ڕەقن
هەرکەس لەمسی بکات، دەڕووشێت
ناونیشانیشم:
دێیەکی دوور و لەبیرکراوە
شەقامەکانی ناویان نییە
هەموو پیاوەکانیشی
یان لە کانەبەرد یان لە کێڵگەدان
حەزیان لە شیووعییەتە.
ئایا بەمە تووڕە دەبیت؟

 

تۆماری بکە، من عەرەبم
ڕەزی باوباپیرانمت دزی
ئەو زەوییەش کە خۆم و منداڵەکانم
دەمانکێڵا.
هیچت بۆ نەهێشتینەوە ئەم بەردانە نەبێت
ئایا حکومەتەکانتان ئەمەش دەبەن لێمان؟

 

کەواتە
لە بەشی سەرەوەی لاپەڕەی یەکەم بنووسە:
من ڕقم لە خەڵک نییە
دەستدرێژی ناکەمە سەر کەس
بەڵام ئەگەر برسی بووم
گۆشتی داگیرکەرم دەخۆم.
بترسن
بترسن
لە برسێتیم
لە تووڕەییم.