سڵاو لەو کەسەی سەما دەکات

مەرام ئەلمەسڕی/شاعیری سووری

April 5, 2018

مەرام ئەلمەسڕی، لە ٢ـی ئۆگەستی ١٩٦٢ـدا لە سوریا لە دایک بووە. ئێستا لە فەڕەنسا دەژی. شیعرەکانی بە زمانێکی سادە دەنووسێت و لە بابەتگەلی وەک خۆشەویستی، پیاو، ژن، ژیانی کۆمەڵایەتی و سۆزداریی مرۆڤەکان ورد دەبێتەوە. – باڵندە

 

سڵاو لەو کەسەی سەما دەکات
مەرام ئەلمەسڕی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نیگا عەزیز

 

 

جیهانێک دروست دەکەم،
باوەڕ بهێنیت بەوەی…
کە کەشتییەکەی نووح ون بوو
ئێمە لە یەک زەریادا
مەلە دەکەین و
بە تەنیا دڵخۆش نابین!
کە ئاگر لە دراوسێکەمان بەر ببێت
ھەموومان دەسووتێنێت
کەوتنی ئەوان کەوتنی ئێمەیە
جیهانێک دروست دەکەم
کەس نەبێت بێلانە بێت
کەس لە برسان و
لە سەرمان نەمرێت
جیهانێک تێیدا
من ئێمە بم
ئێمە من بین
جیهانێک
دڵپاک و
ڕاستگۆ
وەک ئەم شیعرە!

 

ژنانی وەک من
دەزانن قسە بکەن
ئیتر وشە لە قوڕگیاندا وەک دڕکێک نابێت
قووتدانی پەسەند بێت،
ژنانی وەک من
زللـەیان لێ دەدرێت
دەتوانن وەڵامدانەوەیان ھەبێت،
دەلەرزن کە تووڕە دەبن!
بەڵام کەس ناتوانێت
وەک شێر،
لە قەفەسدا سەرکوتیان بکات
ژنانی وەک من،
ئازادی دروست دەکەن.

 

سڵاو لەو کەسەی دەوێرێت
سەما بکات
گۆرانی بڵێت
وێنە بکێشێت
دەوێرێت خۆشەویستی بکات
سڵاو بۆ ئەو کەسەی دەوێرێت
پێبکەنێت
بڵێ: بەڵێ
ئەوەی لێ دەبوورێت
ئەوەی قسە دەکات
ئەوەی دەوێرێت
ببەخشێت و بدۆڕێت
سڵاو لەوەی دەوێرێت
ئازاد بێت!