تەنیایی

مایا ئەنجڵۆ/شاعیری ئەمەریکی

September 25, 2019

مایا ئەنجڵۆ، شاعیر، گۆرانیبێژ، ئەکتەر و بیرەوەرینووسی ئەمەریکی، لە ٤ـی ئەپڕیڵی ١٩٢٨ـدا لە دایک بووە، ٢٨ـی مەیی ٢٠١٤ کۆچی دواییی کردووە. ئەو لە شیعردا بە کتێبی “بەر لەوەی بمرم پەرداخێک ئاوم پێ بدە” و لە بیرەوەرینووسیندا بە “دەزانم باڵندەی نێو قەفەزەکە بۆ دەخوێنێت” بەناوبانگە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

تەنیایی
مایا ئەنجڵۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

دوێشەو

ڕاکشابووم و بیرم لەوە دەکردەوە

کە چۆن نیشتیمانێک بۆ ڕۆحم بدۆزمەوە

کە تێیدا ئاو تینووی نەبێت و

نان تێیدا نەبووبێتە تاشەبەرد

لە کۆتاییدا شتێکم دۆزییەوە،

پێشم وا نییە لەم دۆزینەوەیەدا بە هەڵەدا چووبم:

ئەوەی کە هیچ کەسێک،

هیچ تاقەکەسێک بە تەنیا

ناتوانێت بە تەنیای تەنیا بیگوزەرێنێت.

 

تەنیایی، تەواو تەنیا

بۆ هیچ تاقەکەسێکی ئێرە

ناچێتە سەر.

 

لێرەولەوێ دەوڵەمەند هەن

ئەوانەی کە ناتوانن هەموو پارەکانیان خەرج بکەن و

ژنەکانیان وەکوو دەعبا دێن و دەچن و

منداڵەکانیان خەمۆکانە گۆرانی دەڵێن و

پزیشکی گرانبەها لە خزمەتی

شیفای دڵە بەردینەکانیاندان.

بەڵام هیچ کەسێک

تەنانەت تاقەکەسێک نییە

بتوانێت بە تەنیا بیگوزەرێنێت.

 

تەنیایی، تەواو تەنیا

بۆ هیچ تاقەکەسێکی ئێرە

ناچێتە سەر.

 

ئێستا ئەگەر زۆر بە وردی گوێم لێ بگریت

بە تەواوی هەموو ئەوانەت پێ دەڵێم کە دەیانزانم

وەختێک ئاسمان هەورین دەبێت و زریان دەکەوێتە پژمە

با دەستی خۆی دەوەشێنێت و

ئەوەی لە ڕەگەزی مرۆڤە دەکەوێتە گیانەڵا

من لەو کاتەدا زریکەی لوورەیەکم دێتە گوێ، کە دەڵێت:

هیچ تاقەکەسێک نییە

کە بتوانێت

بە تەنیا بیگوزەرێنێت.

 

تەنیایی، تەواو تەنیا

بۆ هیچ تاقەکەسێکی ئێرە

ناچێتە سەر.