من؛ خودا

محەمەد عوسمان

محەمەد عوسمان/ کوردستان

November 29, 2021

محەممەد عوسمان، لەدایکبووی  ساڵی ١٩٩٧ـە لە شاری سلێمانی و دەرچووی زانکۆی سلێمانییە. ئەمە یەکەمین ئەزموونی نووسینی شیعری ئەوە. فەرموون لە باڵندەوە خوێنەری بن.

 

 

 

من؛ خودا
محەمەد عوسمان

 

 

 

لەوێ

 

وەک هەر یەکێکی دی ژیانێکی سادەی هەبوو
کە نەیاندەزانی چۆن هاتوونەتە بوون
یەکیان نەبێ، ئەوانی دی نەزان بوون
یەک بەهێزترین
یەکێ زاناترین
ئەوی دی مەستترین
دانەیەک یاخیترین
یەکیان و یەکیان و یەکیان
هەریەک باڵاترین سیفەتی هەبوو،
لێ ئەو سیفەتی باڵای نەبوو
جیاواز لەوان سادە بەڵام
توانای ئەفراندنی هەبوو…
لەپڕ، چەخماخەی ئاگاییان پریشکی دا
ویست کەوتە دەست خۆیان
خۆیان گەیاندە لێواری لەناوچوون. کەوتنە نێوی
بەهێزترینیان لە خۆشەویستیدا خۆی لە بەین برد
مەستترینیان لە بێهودەییدا خۆی کوشت
گومان مۆخی زاناترینیانی خوارد
یاخیترینیان بەوێ قایل نەبوو،
ئەوی سادە و خاکەڕا، هەمووانی لەدەست چوو
چۆڵەوانی باڵی بەسەر عەدەندا کێشا
خشەی کەسیانی نەدەبیست
یادەوەرییەکان دەچەقینە ئاوریشمی دەروونی
تاکە چارەی، ئەفراندن بوو…
دوای بێدەنگی و کەسەرێکی زۆر
پاش چاوەڕوانی و ڕامانێکی قووڵ
هێز و توانا
بیر و یادەوەری
ئاگایی و بوێری چڕکردەوە؛
لە زەوی و ئاسمانەکانەوە دەستی پێ کرد
بە یەکەم مرۆڤ کۆتایی پێ هێنا
لەسەر لەوحێک نەخشاندنی
پاش داهێزران و ماندوێتی
تاقە شتێ توانای مابوو، وشە بوو
بە ترس و بیمەوە
بە لەرز و شەرمەوە
هاواری کرد <<با ببن>>!
ئەو خودا بوو.

 

 

 

دەر ون

 

گەردوون لەناو مندا دێتە بوون
زەوی لەناو مندا چێ دەبێ
خۆر لەنێو مندا هەڵدێ و
ئاوا دەبێ
شەو لە ڕۆحمدا باڵ دەکێشت
هەیڤ لە ناخمدا تریفە دەدا
مانگگیران لەنێو مندایە
منم دادەبەزمە جیهانی مردووان
منم هەڵدەکشێمەوە سەر زەویی زیندووان
منم لە ئاسماندا خۆم نەفی دەکەم
لە دەروونمەوە گەردەوولێ هەڵدەکەم
لەنێو مندا خوداوەندەکان دەستەویەخە دەجەنگن
منم ئەفسانەی خەڵقی گەردوون.

 

 

 

ونی

 

بە حەسرەتەوە رێی تەیدەکرد.
سەری هەڵبڕی؛
بێکۆتا بۆشایی…
ساڵی بە دانەی مرۆڤەکانی دەژمارد؛
بێئەنداز زەمەن…
رووی وەرگێڕا؛
حەرەم دیار نەبوو…
“لە کەیداین”؟
عەدەم…