تا بەرەبەیان

پەرژین عەبدولڕەحمان/ شاعیری کورد

December 23, 2018

پەرژین عەبدولڕەحمان، شانۆکارە و جارجار شیعریش دەنووسێت، ئەو لە ساڵی ١٩٧٢ لە سلێمانی لە دایک بووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکان- بەشێ شانۆی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٩٨ دەچێتە سوید و لەوی دەژی. لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات وەک ئەکتەر بەشداریی چەندین شانۆیی و فیلمی سینەماییی کردووە و چەندین خەڵاتی بە دەست هێناوە. شیعرەکانی پەرژین تێکستی سادەن، ترسە ڕۆژانەیییەکانی خۆی وەک ترس لە تەنیایی، یاخود ترس لە زەمەن، بە زمانێکی سادە بەیان دەکات. ئەو دەتوانێت ئاساییترین ڕووداوەکانی ڕۆژانەی خۆی، بخاتە نێو شیعرەکانییەوە، ئەم ڕاستگۆبوون و شەفافبوونە بە ڕوونی لەنێو شیعرەکاندا دیارن، هەر بۆیە خوێنەریش ئاسان دەتوانێت هەستیان پێ بکات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

تا بەرەبەیان
پەرژین عەبدولڕەحمان

 

 

فەزا

لە ژوورێکی گڵیندا
لای دوو جێگەی نووستنی من و خوشکەکەم
لەژێر گڵۆپێکی سووری سەرمێزدا
بیرم دەکردەوە
تا بەرەبەیان.

 

بیرم لە درەختێکی سەوز دەکردەوە
زۆر سەوز،
بیرم لە شەپۆلی دەریایەکی زۆر گەورە دەکردەوە
لە هەناسەی گوڵ،
بیرم لە سپێدەیەکی گەش دەکردەوە،
بیرم لە دایکم دەکردەوە
کە لەژێر لێفەیەکی ڕەنگاوڕەنگدا نووستبوو،
بیرم لە دیواری هەیوانەکە دەکردەوە
کە درزی بردبوو،
بیرم لە قادرمەکان دەکردەوە
کە زۆر کۆن بوون،
بیرم لە پەنجەرەکان دەکردەوە
کە شووشەیان پێوە نەبوو،
بیرم لە قسەی دراوسێکان دەکردەوە.

بیرم لەوە دەکردەوە
کە سبەینێ بینیم پێی بڵێم
خۆشم ناوێیت.

 

 

پەنجەرە

لەسەر کورسییەکە دانیشتووم
لە بەردەمی پەنجەرەکە
ئەو پەنجەرەیەی هەزاران جار
خەونی گەڕانەوەم لێیەوە بینی
هەزاران جار
دایکم بە بەردەمیدا تێدەپەڕی.
وێنەکان و گەڵا زەردەکان
ساڵەکانی نێوانمانم دەژمارد
کە یەکترمان تێدا ون کردبوو…
دادەنیشم
هەڵدەستم
دەڕۆم
دێم
لە پەنجەرەکەوە
چاوەڕوان دەبم
بە بێدەنگی
چاوەڕوان دەبم

 

 

ئیتر تۆ گەورە بوویت

بە بێدەنگی بەخەبەر دێیت
بە بێدەنگی چاوانت دەشۆیت
بە دەم ڕوانین لە پەنجەرەی سەرکۆڵانەوە
بە بێدەنگی پەرداخێک شیر دەخۆیتەوە
بە بێدەنگی جلەکانت دەگۆڕیت
بە بێدەنگی پەرچەمت هەڵدەدەیتەوە
یەخەی کراس ڕێک دەکەیت
سەیری ئاوێنەکە دەکەیت
جانتا لە شان دەکەیت
بە بێدەنگی قەیتانی پێڵاوەکانت توند دەکەیت
بە بێدەنگی دەرگە لە دوای خۆت دادەخەیت

 

منداڵیت زوو جێ هێشت
لە سووچوپەنای ماڵە غەریبەکەدا
لە یارییە هەڵگیراوەکانی ناو کارتۆنەکەدا
لە جلە پچووکبووەکانتدا
منداڵیت زوو جێ هێشت.

 

 

من و ڤیان

ساڵانە  کە لە هاویندا یەکتر دەبینین
دوای چەند ماچێک و
ڕوانین لە ڕووخساری یەکتر و
کەمێک پێکەنین،
تاڵە سپییە وردەکانی قژمان دەژمێرین
ئەو ئەوانەی من و من ئەوانەی ئەو،
دوای کەمێکی تر پێکەنین
دەڵێین:

 

پیر بووین.