چەند شیعرێکی فێرناندۆ پێسوا

فێرناندۆ پێسوا

فێرناندۆ پێسوا/ ئیسپانیا

September 24, 2020

فێرناندۆ پێسۆوا شاعیر، ڕەخنەگر، نووسەر و وەرگێڕی پورتوگالی، ١٣ـی جوونی ١٨٨٨ لە دایک بووە و ٣٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٣٥ لە تەمەنی ٤٧ـساڵیدا کۆچی دواییی کردووە. بە یەکەمین نووسەری مۆدێرنی وڵاتەکەی دادەنرێت و بە ڕیلکە و شەکسپیر بەراورد دەکرێت. بە چەندین ناو نووسینەکانی بڵاو کردووەتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

چەند شیعریکی فێرناندۆ پێسوا
لە عەرەبییەوە ڕەووف بێگەرد

 

 

 

دەڵێیت: تۆ لەبەرد گەورەتریت یان لە ڕووەک

 

دەڵێیت تۆ هەست دەکەیت و بیردەکەیتەوە و دەیشزانیت
تۆ بیردەکەیتەوە و هەستیش دەکەیت
کەواتە، ئایا بەرد شیعر دەنووسێت؟
ئایا ڕووەک ڕای لەسەر گەردوون هەیە؟
بەڵێ، جیاوازی هەیە
نەک ئەو جیاوازیەی مەبەستی تۆیە
هەر جۆرە هۆشیاریەکم هەبێت
ناچارم ناکات گشت شتەکان بزانم
تەنیا ناچاری ئەوەم دەکات کە هۆشیاربم
بۆچی من لە بەردێک، یان لە ڕووەکێک مەزنترم؟
نازانم، من جیاوازم، بەڵێ
لەوەیش تێ ناگەم ئایا لەمەدا بەرزی و نزمی هەیە
ئایا هۆشیاری باڵاترە لە زانینی ڕەنگ؟
هەندیک جار بەڵێ، جاری وایش هەیە نەخێر
تەنیا ئەوەندە دەزانم کە ئەمە جیایە، تەنيا جیاوازی و هیچی تر
کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت
.کامەیان زۆرتر

من دەزانم بەرد هەیە
ڕووەک هەیە
هەردووکیان پێکەوە بوونیان هەیە
.بۆیە دەیزانم چونکە هەستی پێ دەکەم

ئەوەیش دەزانم کە من هەم
چونکە هەستم وام پێ دەڵێت
هەرچەندە وتنەکەی، کەمێک لەوە ناڕوونترە
کە دەربارەی بەرد و ڕووەک دەیڵێیت
من تەنیا ئەوەندی لێ دەزانم
بەڵێ، من شیعر دەنووسم، لێ بەرد ناینووسێت
من بیروڕام لەسەر دنیا هەیە، ڕووەک نییەتی
بەرد شاعیر نییە
بەرد بەردە.
ڕووەکیش ئەقڵی بیرکردنەوەی نییە
ڕووەکی ڕووتە و هیچی تر
دەکرێت بڵێم هەر لەبەر ئەمە
من پلەوپایەم لەوان بەرزترە؟
دەتوانم پێچەوانەی ئەمە بڵێم
بەڵام نە ئەمیان دەڵێم و نە ئەویان
بە بەرد دەڵێم بەرد
بە ڕووەکیش دەڵێم ڕووەک
بەخۆیشم دەڵێم بوونەوەرێک و هیچی تر نا
ئایا لەمە زیاتر دەوترێت؟

 

 

 

ئەگەر لەپڕێکدا مردم

 

بێ ئەوەی بتوانم هیچ کتێبێک بڵاوبکەمەوە
بێ ئەوەی بزانم، شیعرەکانم بە چاپکراوی چۆنن
لێیان دەپاڕێمەوە خۆیان غەمبار نەکەن
ئەگەر لەبەر ئەوە غەمبار دەبن
با ببن، دەبێت ببن

ئەگەر کەسیش نەبێت شیعرەکانم چاپ بکات
ئەوە بەختەوەرە لە جوانیدا
ئەگەر جوانبێت

 

پێویستە بڵاو ببێتەوە ئەگەر جوان بێت
چونکە ڕەگ لەژێر زەویدا دەژی
بەڵام گوڵ بۆ هەوای ئازاد و بینین دروست بووە
ئەو وایە، کەس توانای گۆڕینی نییە
ئەگەر لەپڕێکدا مردم، گوێ بۆ ئەمە ڕادێرن:
من منداڵێک بووم تەنیا بۆ گەمە و گەپ
بت پەرست بووم وەک خۆر و ئاو
ئاینێکم هەبوو کە تەنیا مرۆڤ هیچی لێ نازانێت
بەئاسوودەیی دەست بەرداری بووم
چونکە نە هیچم ویست و
نە بەدوای هیچدا گەڕام و
نە هیچشم بەدەستهێنا
جگە لەوەی کە وتەی شرۆڤە شرۆڤەی هیچ ناکات

حەزم دەکرد بەرانبەر بەخۆر دابنیشم
یان لەبەر باراندا
ڕوو لەخۆر لەکاتی هەڵاتندا
(نەک هەمیشە هەر ئاوا)
هەست بە گەرما و سەرما و بایش بکەم
لەوانە زیاتر هیچی تر نا.

 

 

 

جارجار گوێ لە هەڵکردنی با دەگرم

 

هەست بە بەهای خۆم دەکەم
چونکە تەنیا بۆ ئەوە لەدایک بووم گوێ لە با بگرم
نازانم کەسانی دی چۆنی بیر لێ دەکەنەوە
کاتێک ئەمە دەخوێننەوە
بڕوام وایە دەبێت کارێکی باش بێت
چونکە بێ شەکەت بوون بیرم لێ کردۆتەوە
بێ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە
کە پاشان کەسانی دی بیروباوەڕی من دەخوێننەوە
بەبێ ئەوەی بیرم لە هیچ بیرۆکەیەک کردبێتەوە
دەیڵێم، وەک وشەکانم دەیانڵێت