بەسەر شەپۆلی دەریاوە

ڕیچارد براوتیگان/شاعیری ئەمەریکی

March 2, 2019

 

 

ڕیچارد براوتیگان شاعیری ئەمەریکی، ٣٠ـی جێنیوەریی ١٩٣٥ لە ئەمەریکا لە دایک بووە، لە ١٦ـی سێپتەمبەری ١٩٨٤ـدا بە تفەنگی ڕاو خۆی کوشت. ئەو نۆ ڕۆمانی نووسیوە کە “ڕاوی ماسیی سەلەموون لە ئەمەریکا” بەناوبانگترینیانە، هەروەها کۆمەڵەچیرۆکێک و چەندین دەفتەرەشیعریش. براوتیگان سەر بە ڕەوتی بیت بوو. شاعیرانی بیت هەوڵیان دەدا شیعر لە یاسا وشکوبرینگەکانی ئازاد بکەن و بیبەنە ناو خەڵک و شەقامەکانەوە. – ماڵپەڕیباڵندە

 

 

بەسەر شەپۆلی دەریاوە
ڕیچارد براوتیگان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەتا میرەکی

 

 

کوولەکە

دوێشەو هەزاران کوولەکەم
بەسەر شەپۆلی دەریاوە دیت
بەرانبەر بە گاشەبەردەکان هەڵدەکشان و
بە خۆبادان دەگەیشتنە کەنار
ئێستا دڵنیام کە
لە دەریادا هاڵۆوین بەڕێوە دەچێ.

*

سەپڕایز

شوێنی تەوالێتەکەم دەگۆڕم
دەڵێی هێلانەی باڵندەیە
بە دەوری کاسەی تەوالێتەوە
شوێن پێی پشیلە دەبینم.

*

ڕۆمیۆ و جوڵیەت

گەر تۆ بمری بۆ من
منیش بۆ تۆ دەمرم
لەنێو گۆڕەکەماندا
وەکوو دوو دڵدار دەبین
کە پێکەوە لە جلشۆرخانه جلەکانیان دەشۆن
تۆ سابوونەکەم پێ دەدەی
منیش دەرمانی سپیکردنەوەت پێ دەدەم.

*

سی سەنت، دوو کەس، خۆشەویستی

بیرم لە تۆ دەکردەوە
لە پاسێکدا بووم
سی سەنتم دا
کرێی دوو کەس
بەرلەوەی بیرم بێتەوە
بە تەنیا خۆمم.

*

شیعری عاشقانە

زۆر خۆشە
بەیانیان
بە تەنیا لە خەو هەستی
ناچاریش نەبی
بە کەسێک بڵێی
خۆشم دەوێی
کاتێک چیتر خۆشت ناوێ.