لە ڕووخسارتدا بەفر دەبارێت، لە چاوەکانتدا شەوە

سەرکەوت جەبار/شاعیری کورد

February 23, 2019

ئەمە تێڕامانی کەسێکە لە مەرگ و وێرانییەکی سەرتاسەری، کە وەک (کۆتاییی دنیا) دێتە پێش چاو. شیعرەکە لە چڕبوونەوەی زمانەکەیدا دەیەوێت وێنەکانی ئەو وێرانییە نیشان بدات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

لە ڕووخسارتدا بەفر دەبارێت، لە چاوەکانتدا شەوە
سەرکەوت جەبار

 

 

شەوێک درەختێک
میوەکانی خۆی لە بیر کرد،
ئەو میوانەی درەختەکە فەرامۆشی کردبوون
کەوتنە سەر زەوی و بوونەوە بە درەخت، تاوەکو درەختەکە لە درەختبوون
شەرمەزار بکەن.
دەمەوێت سەرم لە شوێنێکدا بنێژم،
بەڵام چی بکەم لەو ڕووبارەی کە بیر ناکاتەوە و هەر بەردەوامیشە لە ڕۆیشتن؟
چی بکەم لەو دەنگانەی وەک بزمار بە مێشکمدا چەقیون؟
ئەی چی بکەم لەو پەلکەزێڕینەیەی لەناو سەرمدا ڕوواوە؟
ئەی مەرگ ئێمە لێت بێزار بووین
چیدی هیچ کەسێک بانگێشتی سەر خوانەکەیت ناکات،
چیدی کەس زەردەخەنە بۆ ڕووخسارە تۆقێنەرەکەت ناکات
تۆ وێرانکەریت ئەی مەرگ
تۆ نابینایت ئەی مەرگ
هیچ شتێک لەناو تۆدا ناڕوێت
تۆ هەموو شتێک لەگەڵ خۆت دەبەیت، بێجگە لە خۆت.
دەمەوێت سەرم لە شوێنێکدا بنێژم،
بەڵام چی بکەم لەو منداڵەی لەناو سەرمدا بە ترسەوە لێم دەڕوانێت؟
چی بکەم لەو باڵندانەی لە منداڵیمدا چاوەکانیانم هەڵدەکۆڵی و
چاوەڕێ بووم بە چاوی کوێرەوە بفڕن؟
ئەی چی بکەم لەسەرم کاتێک دەمەوێت لە شوێنێکدا بینێژم؟
تۆ ئەو خونچەیەیت کە بەرەبەیان چاوەڕوانت دەکا
سوێند بە تۆ کە شەونم لە پرچەکانتەوە لە دایک دەبێت
چاوەکانتم خۆش دەوێت،
ئەو چاوانەی کە زەمەن تێیدا لە خۆی دەڕوانێت.
دەمەوێت سەرم لە شوێنێکدا بنێژم،
بەڵام چی بکەم لەو بایەی لە دارستانێکەوە گوێ بۆ خۆی دەگرێت؟
چی بکەم لە شەو کاتێک خۆی لە باوەش دەگرێت؟
چی بکەم لە بەرەبەیان کاتێک لە ئاوێنەکەمدا بۆ خۆی دەگەڕێت؟
خەونم بینی
لە خەونەکەمدا مردبووم،
کرمەکان بە دیار تەرمەکەمەوە هەڵکورمابوون،
خاک چاوەڕێ بوو تاوەکو جەستەم شی بکاتەوە
شێ چاوەڕێ بوو تاوەکو ئێسکەکانم بکرۆژێت،
مانگ چاوەڕێ بوو تا لە تریفەکەیدا کفنم بکات.
لەناو تەنیاییی خۆمدا پیاسە دەکەم
لە ڕووخسارتدا بمشارەوە، ئەو کاتەی لە ڕووخسارتدا بەفر دەبارێ
بە دوای عەشقدا مەگەڕێ،
ڕۆژێک دێت و لەناو خەونەکەتدا دەڕوێت
بە دوای عەشقدا مەگەڕێ،
ڕۆژێک دێت و لەسەر جەستە ساردەکەت
وەک پاسارییەکی ڕێونبوو هەڵدەکورمێت.
بێدەنگیم وەک خاچ لە کۆڵ کردووە و دەمەوێت سەرم لەنێو تاشەبەردەکاندا بنێژم
شەوێک بوومە گۆڕستان
جەستەم لەناو خۆمدا نێژرابوو
قژم وەک گوڵێکی کێوی لەسەر گۆڕەکەم ڕوابوو.
سیلیسە تەماشا بکە
خۆر لەودیو پەنجەرەکەوە نادرەوشێتەوە
دارەکە ورشەی گەڵاکانی ون کردووە
باڵندەکانیش باڵەکانیان لە بیر کردووە
سیلیسە ئەمە کۆتاییی دونیایە؟