له‌ ناوی خۆی ده‌گه‌ڕا

سایۆ ڕەجەب/بەشدار سامی

September 18, 2020

سایۆ ڕەجەب، شاعیر، ساڵی ٢٠٠٠ لە برادۆست لە دایک بووە. تەمەنی بیست ساڵە و ماوەی چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و جارجاریش لە ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت. بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لە مەخموور لە دایک بووە. سێ کتێبی هەیە، یەکەمیان بە ناوی «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، دووەمیان «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان»، سێیەمیان چاپی باڵندەیە و بریتییە لە «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». لە ناوی خۆی دەگەڕا، شیعرێکە وەک ئەزموونێکی جیاواز هەردوو شاعیر پێکەوە نووسیویانە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

له‌ ناوی خۆی ده‌گه‌ڕا
سایۆ ڕه‌جه‌ب/به‌شدار سامی

 

 

سەرەتا ئازاری هەبوو
پاشان بە دوای جۆری ئازارەکەیدا گەڕا
کە جۆری ئازارەکەی دۆزییەوە
هاواری کرد و
گوتی: من شاعیرم.

 

خۆشەویستەکەی كه‌ بەجێی هێشت
دەستی خستە نێو گیرفانی پاڵتۆ و
بە شارەکەیدا سووڕایەوە
سووڕایەوە و
سووڕایەوە و
هەر سووڕایەوە
پاشان دانیشت و گوتی:
من هیلاکم.

 

تا ڕۆیشتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌ ڕووخساری دوور بخاته‌وه‌
سەری خۆی هەڵگرت و ڕێگایه‌كی سه‌ختی بڕی
به‌ڵام نە لە ڕووخساری خۆشەویستەکەی دوور کەوتەوە
نە ڕۆیشتنی خۆشەویستەکەی له‌ ڕووخساری دوور خستەوە.

 

تا ڕزگاری بێت، له‌ ته‌نیایییه‌كه‌ی شیعری نووسی
به‌ڵام ئه‌و شاره‌ی وه‌ك غه‌ریبه‌كان له‌ناویدا فه‌وتا
وه‌ك شاعیرێك نه‌یناساند
سەرەنجام
وەک چرای ژوورێکی چۆڵ
بۆ خەمەکانی داگیرسا.

 

ڕووخساری هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌
كه‌ نه‌یانده‌زانی شاعیره.

 

بە تەنیا پیاسەی دەکرد
تا ئازاره‌كه‌ی بناسێنێ، بەردەوام بوو لە شیعرنووسین
سەبارەت بە سەرما و دڵتەنگییەکەی، بێچاره‌ هاواری کرد
سەبارەت بە جێهێشتن، گریانی خستە ڕستەوە
سه‌باره‌ت به‌ خۆکوشتن، ترسی دۆزییەوە.‌

 

تا ئه‌م شاره‌ به‌ درەخت و شه‌قام و باڕه‌كانییه‌وه‌
ڕه‌ت بكاته‌وه‌، شیعری نووسی
تا ئه‌م شاره‌ به‌ بازاڕ و چایخانه‌ و خواردنگه‌كانییه‌وه‌
ڕه‌ت بكاته‌وه‌، شیعری نووسی
تا ئه‌م شاره‌ به‌ هه‌موو شتەکانییەوە ڕه‌ت بكاته‌وه‌
شیعری نووسی
بەڵام
هیچکەسێک
تەنانەت
دراوسێکانیشی نەیانزانی شاعیرە.