پیاسەیەکی لوبنانی

بەرگی کتێبی: باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت

August 1, 2020

ئەم گوتارە دەربارەی کتێبی “باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت”ـە، کە شیعرەکانی شاعیری لوبنانی وەدیع سەعادەیە و بڕیار محەمەد تاهیر کردوویە بە کوردی و لە چاپکراوەکانی وەشانخانەی باڵندەیە.

 

 

 

 

پیاسەیەکی لوبنانی
شاڵاو حەبیبە

 

 

 

 

 

 

سێبەر

 

بڕۆ دەرەوە و بەو ڕێبوارە بڵێ بگەڕێتەوە. لێرە سێبەرێکی جێ هێشتووە هانکەهانکەکانی تێدایە
سێبەرێک شەقامەکانی تێدایە. مەوداکانی تێدایە. شاخەکان و دۆڵەکان و یادەوەرییەکانی تێدایە.
خەڵکانێکی تێدایە، کاتێک بە لایاندا تێپەڕ بووە، پێوەی نووساون.
بە باخەکاندا ڕۆیشتووە و گوڵی تێدایە. بە شەقامەکاندا ڕۆیشتووە و خەڵکی تێدایە. بە شەوەکاندا ڕۆیشتووە و مانگی تێدایە. بە ڕۆژەکاندا ڕۆیشتووە و خۆری تێدایە. بە گۆڕستانەکاندا ڕۆیشتووە و مردووانی تێدایە.
بە ڕێبوارەکە بڵێ بگەڕێتەوە و گوڵەکانی سێبەرەکەی، خەڵکانی سێبەرەکەی، مانگی سێبەرەکەی، خۆری سێبەرەکەی و مردووانی سێبەرەکەی کۆ بکاتەوە
پێی بڵێ باخەکان و
مانگ و
خۆر و
زیندووان و مردووان
لە سێبەرەکەیدان.

 

 

 

ڕەنگە چارەنووسی هەر شاعیرێک بێت شیعرێک لە بارەی پیاسەوە بنووسێت، بەڵام بێشک تەنیا چارەنووسێکی هەڵبژێردراوە، کە هەندێک لەوان، باشەکە دەنووسن. ئەگەر وا بێت ئەمە شیعری پیاسەکەی وەدیع سەعادەیە.
شیعرەکە لە پیاسەیەکی تەواو بەرهەست دەدوێت. دەروونی/واتایی نییە. تێیدا شەقام و باخ و خەڵکان… وەک خۆیان دەردەکەون. دیارە شاعیرەکە، ویستوویەتی سەرجەم ئەو شتەوشانەی لە پیاسەیەکی حەقیقیدا بەهادار و سۆزبەرن، لە شیعرەکەیدا بگونجێنێت. بۆیە وێنە گشتییەکەی، لێرەدا هەر ئەوەیە کە ڕێبوارێک بە شەقامەکاندا دێت و دەڕوات. ئەمەیش سەرەتاییترین بیرۆکەیە، بۆ شاعیرێک بیەوێت لە بارەی پیاسەوە بنووسێت. سەرەتایی بەڵام قورس، ئەگەر بتەوێت ئەو شیعرە بنووسیت لەو شیعرەی تر نەچێت.
ئەم شیعرە، باشترین بەشی دوو وشەی سەرەتایەتی “بڕۆ دەرەوە”، هەرچەند تەمومژ دایپۆشیوە. نازانین کێ لە چی بڕواتە دەرەوە، مەگەر بە مەزندە. سەرجەم بەشەکانی تری شیعرەکە، بەدەر لەو تەمومژەی سەرەتان و کەچی هەر ئەو سەرەتایە توانیویەتی جیاواز لە کۆی شیعرەکە بێت.
چۆن تەمومژ دەتوانێت شیعرێک باش بکات؟ دیارە شاردنەوەی بەشێک لە وێنەیەکی گەورە، ناتوانێت فریادڕەسی ئەدەبیات بێت و داوێکی زۆر حەقیرانەشە، بەڵام تەمومژی شیعری- کە سەعادە لە «باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»ـدا شەیتانی ئەم بوارەیە، ئەگەر ئاوێتە بە دیوی شاراوەی نووسین و دنەدەری واتایی بێت و سەری لە فریودانی خودی نووسەر و خوێنەر نەخورێت، ئەوا دەبێتە دیوێکی دیکەی شیعرەکە، کە ئەمیان سەر بە خودانی ڕاستەقینەی شیعرەکانە، کە خوێنەرانن. کتێبەکە بژاردەیەکە لە شیعرەکانی سەعادە بە هەڵبژاردن و وەرگێڕانی بڕیار محەمەد تاهیر، جگە لە باشیی شیعرەکان، جۆرێک لە یەکبابەتی و یەکشێوازییش لە تێکستەکاندا دەبینرێت، کە ئەمە ئاسانتر لە دنیای شاعیرەکە نزیکمان دەکاتەوە. شایەن بە ستایشە کتێبی یەکەمی وەرگێڕ ئەوەندە باش بێت. هەرچەند شیعرە کورتەکانی سەعادە کە لە کۆتاییی کتێبەکەدا هاتوون و دەرخەری زمانی کورتبێژ و چڕی ئەون، پێکچوونێکیان لەگەڵ بڕێک لە شیعرە کورتەکانی مندا هەیە، کەچی وەرگێڕ ئەوانەی وەرگێڕاون و ئەوانەی منی پەسەند نیین. شتێکە پیاو دەخاتە تێڕامانەوە.
لەم شیعرەدا سێ کەس بەشدارن. یەکیان کارەکتەرێکی دیارە و ڕێبوارەکەیە، کە زۆر وردەکارانە کەسایەتییەکەی داڕێژراوە. ئێمە لە مەیل و سەرنجەکانی ئاگەدارین و ئەومان لە کاتی پیاسەدا دێتە پێش چاو، شەقامەکانی و باخ و گۆڕستان و خەڵکەکانی دەناسین. ئەگەر چووەتە گۆڕستان دەیبینین، ئەگەر سەری بۆ مانگ بەرز کردووەتەوە دەیبینین، ئەگەر زیندووی دیوە ئەگەر مردوو، دەیبینین. ئەو هەڵگری بەشێک لە هەموو ئەو شتانەیە کە هەن و تەنانەت کە نیین. بینای کەسایەتیی ئەو وای لێ دێت مرۆڤ لە خۆی بپرسێت ئەرێ ئەمە کێیە؟ لە ڕاستیدا تەنیا پیاسەوانێکە، بەڵام پیاسە بۆ ئەو جۆرێک لە هزرڕۆیین/خەیاڵڕۆیین بووە و کەسێک نەبووە بۆ نموونە لە بازاڕەوە بیەوێت بگاتەوە ماڵ، یان لە ماڵەوە تا دەوامەکەی چونکە نزیکە بە پێ بڕیبێت، بەڵکوو لێرە لە بەردەم چەشنە مرۆڤێکی دەگمەنداین، کە شیعرەکان ئەوان دەناسنەوە و کەشف دەکەن، بەڵام حەقیقین.
کەسی دووەم، دوێنراوی شیعرەکەیە. دەتوانین ناوی لێ بنێین گوازەرەوەکە. ئەو دەبێت هەموو ئەو شتانە، کۆی سەرهاتی پیاسەی پیاسەوانەکە، بگوازێتەوە بۆ خودی پیاسەوان، کە ئێستا لە دەرەوەیە. لێرەدایە بایەخی “بڕۆ دەرەوە”ـکە دەردەکەوێت و تەنانەت شوێنەکەیش وێنە دەکێشرێت. سێ کەسەکە لە ناوەوە/شوێنێک بوونە و ئێستا یەک لەوان چووەتە دەرەوە، بەڵام چونکە ئاسەوارێک(لێرەدا واتایی، شتێک وەک کاریگەری)ـی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە، یان سادەتر: شتێکی لێ بەجێ ماوە، داوای لێ دەکرێت بگەڕێتەوە و ئەم زەریفکارییەی شاعیریش شیعرەکەی لێ بەرهەم هاتووە و هەر بەم هۆیەوە- چونکە ئەو ئاسانکاریی کردووە- ئەم شیعرە ڕووی داوە. بۆیە کەسی دووەم، بە دیوەکەی دیکەدا گوازەرەوەی شیعرەکەیە، تەنانەت بۆ خوێنەریش. کەواتە سوپاس بۆ ئەو، هەرچەند لە ئاستە سینەمایییەکەیدا، وەک خزمەتکارێک دەردەکەوێت.
کەسی سێیەم ئەو کەسەیە کەسی دووەم وەک خزمەتکاری ئەو دەردەکەوێت. بگۆی شیعرەکە. ئەوە لە ڕوودانی شیعرەکە ئاگەدارمان دەکاتەوە. هەروەها بە جۆرێک میوانییە سێکەسییەکەیشمان لێ دەشێوێنێت. ئێمە ناتوانین بڵێین سێ هاوڕێ پێکەوە لە کافێیەک یان ماڵێک کۆ بوونەتەوە و ئەم ڕووداوە ڕووی داوە، چونکە وشەی ڕێبوارەکە دەبێتە بەربەستی بەردەم ئەم هاوڕێیەتییە و بۆیە ڕەنگە بوونی پیاسەوانەکە لەو شوێنە نەبینراوەدا کاتی و ڕێکەوتێک بووبێت، ئەگەرچی ئاسەوارەکەی کاتی نییە و شیعرێکی خوڵقاندووە.
شیعرەکە لەوێدا کۆتایی دێت، کە ئێمە چاوەڕێی ڕۆیشتنی دوێنراوەکە و گەیشتنی ئەوین بە پیاسەوانەکە و جا بابەتی گەڕانەوەی پیاسەوان بۆ شوێنەکە و کۆکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی لە ئەنجامی پیاسەیەکدا ڕوویان داوە و لەوێ لێی بەجێ ماون، کە هەڵبەت ڕەنگیشە ئەمانە گشتی داوێکی ڕێبوارەکە بێت و تەنانەت شەیتانیش هەرگیز پەی پێ نەبات نەخاسمە منی حەقیر. دیسان بگۆی شیعرەکە ئەو دیوەی دیکەیشمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە بەر لە ڕۆیشتنی پیاسەوانەکە، ئەوکات کە هەرسێکیان پێکەوە بوون، هیچ باسێکی پیاسە نەکراوە. هیچ باسێکی ئەم سەفەرە دوورودرێژەی ئینسان نەهاتووەتە پێشەوە و تەنیا لە ڕۆیشتن و دوورکەوتنەوەدا بووە، کە دەرکەوتووە ئەوان لەگەڵ کێدا دانیشتوون و پەیان بەو باخ و گۆڕستان و شەقام و گوڵ و خەڵک و ئەو هەموو مردوو و زیندووە نەبردووە، کە ئابڵووقەی داون.
ئەمە زۆر لە دانیشتنێکی سەردەمییانەی وشک و بێتام و بەتاڵبێژانەی جاڕسکەر دەچێت، کە تەنیا لە کۆتایییەکەیدا دەردەکەوێت، دەکرا وا نەبێت و ئەم جیهانە ئاوا بەرەو بێڕەحمی و ئاوا بەرەو بەتاڵی و ئاوا بەرەو فامنەکردنی ئەو شتەی شایەن بە فامکردنە- نەڕوات. بۆیە ئەگەر جارێک و دەیان جاری دیکە، هەتا ماندوو دەبیت، ئەو شیعرە بخوێنیتەوە و گوێ لە قسەکانی دوێنەر بگریت، هەرگیز بچووکترین مەیل/حەز/فام/وشەیەک کە بۆنی شتێکی لێ بێت، سەبارەت بەو دنیا-درەنگ-کەشفکراوە دەرنابڕێت، هەر وەک خۆڵوخاشاکێک کە بڵێت: کەسێک لێرە بەجێی هێشتووە و بڕۆ پێی بڵێ بێ کۆی بکاتەوە. ئەو وشەکان- ئەگەرچی بۆ ئێمە زۆر شیعری و قووڵ بن- وا دەڵێت وەک بڵێی ئۆتۆماتیکی بێت و لە بەری بن، یانیش وەک لێکۆڵەرێک دوای تاوانەکە وردەکاریی جێتاوانەکە تۆمار بکات.
شیعری سێبەرەکەی وەدیع سەعادە، دەکرێت شیعرێک بێت دەربارەی ئەو دانیشتن و میوانییانەی، کتوپڕ کەسێک هەر بە ڕێکەوت دێت و هەندێک شت دەڵێت و ئەو ساتە هەرگیز دەرکی ناکەین و کە دەڕوات ئنجا برووسکەکە لە زەینمان دەدات. (ئێمە دەڵێین کەسێک خۆی پێدا دەکات.) بۆیە ڕەنگە بگۆی شیعرەکە چووبێتە کەنار پەنجەرەکەوە و بە تەنیشتەکەی- ناوێکی باشترە بۆ گوازەرەوەکە- گوتبێت: بڕۆ دەرەوە و بەو ڕێبوارە بڵێ بگەڕێتەوە.
وشەی ڕێبوار لێرەدا زۆر کێشەدارە و نامەوێت بە زیاتر-لەسەر-ڕۆیشتنی هەموو ئەو واتایانە ئاوەژوو بکەمەوە کە لەو ساوە هەڵیاندەچنم، چونکە ئەگەر زیاد لە پێویست بیری لێ بکەینەوە، میوانییەکە بە تەواوەتی تێک دەچێت. کورد لەم کاتانەدا دەفەرموێت: گووی تێ دەبێت.