ئەو فرمێسکانەی نێو ئۆتۆمبیل

دیمەنێک لە فیلمی تامی گێلاس، عەباس کیاڕۆستەمی/١٩٩٧

June 1, 2018

 

شوان سەعید، لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە. لە ساڵی ١٩٨٤ـدا لە ڕانیە لە دایک بووە و ماوەی ٤ ساڵە شیعر دەنووسێت. ئەو لەم شیعرەدا کە بۆ بڵاوکردنەوە لە باڵندە هەڵمان بژاردووە. چاو دەخاتە سەر چرکەبەچرکەی ڕۆژێک لە ژیانی کەسێکی خەمگین، کە بەناو شەقام و کۆڵانەکاندا دەخولێتەوە و خەمەکەیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. زۆر بۆی گرنگ نییە بۆمان باس بکات کە چی و بە دیاریکراوی چۆن ڕووی داوە- هەرچەند شتێک هەر حاڵی دەبین- هێندەی ئەو ڕەوتە دەخاتە ڕوو کە ڕۆژەکەی چۆن چرکانە تێپەڕاندووە. زۆر بە نەرمییش ئەوە خراوەتە ڕوو کە بگۆی شیعرەکە لەنێو ئۆتۆمبیلدایە. ئەم شیعرە، کە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت شاعیرەکەی زۆر باشتریش بنووسێت، ناخودئاگا دەمانخاتەوە بیری کارەکتەرەکەی عەباس کیاڕۆستەمی لە فیلمی “تامی گێلاس”ـدا، کە بەردەوام ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕێت؛ هەڵبەت بە دوو ناوەڕۆکی جیاوازەوە. – باڵندە

 

 

ئەو فرمێسکانەی نێو ئۆتۆمبیل
شوان سەعید

 

 

 

کاتژمێر حەوت و سیوپێنج خولەک لە خەو هەڵدەستم
کاتژمێر حەوت و سیوشەش خولەک بیرم دەکەوێتەوە
دنیا بێ تۆ چەند ناشیرین بووە

 

کاتژمێر هەشت و پێنج خولەک دەچمە بەر ئاوێنە
کاتژمێر هەشت و شەش خولەک بیرم دەکەوێتەوە
خەمی ڕۆیشتنی تۆ چەند پیری کردووم

 

کاتژمێر هەشت و سی خولەک لە ماڵ دەچمە دەرەوە
کاتژمێر هەشت و سیویەک خولەک بیرم دەکەوێتەوە
ئەگەر هەزار جار ئاوڕ بدەمەوە
تەنانەت تارمایییەکەشت لە دوای خۆمەوە نابینم

 

کاتژمێر هەشت و چلوپێنج خولەک لە یەکێک لە ترافیکەکانی شار ڕایدەگرم
کاتژمێر هەشت و چلوشەش خولەک بیرم دەکەوێتەوە
لە جامی ئۆتۆمبیلەکەوە جارێکی تر چاو بۆ تۆ بگێڕم

 

کاتژمێرەکانی تر لەسەر کارم
کاتژمێرەکانی کارکردنم هەمووی لێ دەکەوێتە ناو سەلەی
زبڵەکەوە

 

کاتژمێر دوانزە و پێنج خولەک گوێم لە دەنگی مەلای مزگەوتێکە
کاتژمێر دوانزە و شەش خولەک بیرم دەکەوێتەوە
کۆتری سەر منارەی یەکێک لە مزگەوتەکان
ماڵی ئێوەی لێ دیارە

 

کاتژمێر دوانزە و چل خولەک بە لای قوتابخانەیەکی منداڵاندا تێدەپەڕم
کاتژمێر دوانزە و چلویەک خولەک بیرم دەکەوێتەوە
کە هێشتا زووە لە نێوان سەری ئەم منداڵانەدا بە دوای ڕەنگی چاوی تۆدا بگەڕێم

 

کاتژمێرەکان دەڕۆن
من بەناو کاتژمێرەکاندا دەڕۆم

 

کاتژمێر سێ و سیانزە خولەک ژنێک دەبینم منداڵێکی چکۆلەی لە باوەشە و ماچی دەکات
کاتژمێر سێ و چواردە خولەک دڵم پڕ دەبێت لە گریان
کاتژمێر سێ و پانزە خولەک بیرم دەکەوێتەوە
دوای ئەوەی کەسێک دێت و دەستت دەگرێت و منداڵێک دروست دەکەن
دەبێت منداڵەکەی تۆ چ شوێنێکی لە خۆت بچێت؟

 

کاتژمێرەکانی تر نازانم لە کوێ بووم نازانم چیم کردووە

 

کاتژمێر حەوت و هەشت خولەک خۆر ئاوا دەبێت
کاتژمێر حەوت و نۆ خولەک بیرم دەکەوێتەوە
کە خۆم لە جێگەیەک لە بیر چووە
کاتژمێر حەوت و دە خولەک بیرم ناکەوێتەوە ئۆتۆمبیلەکەم لە کوێ ڕاگرتووە
هەمان دەقە دیسان دڵم پڕ دەبێت لە گریان

 

کاتژمێر حەوت و یانزە خولەک
دەچمە فرۆشگایەک کلینکس بکڕم