نامەیەکی عاشقانەی عاشقێکی دڵسووتاو

وریا مەزهەر/شاعیری کوردفارس- فۆتۆئاڕت: ئاریان ئەبووبەکر، (تایبەت بۆ ڕەخنەی چاودێر)

October 6, 2018

 

 

وریا مەزهەر، شاعیر و چیرۆکنووس، کە لە ئێستادا لە دنیای ئێمەدا ناوێکی ئاشنایە و خوێنەران هەم شیعرەکانی دەناسن هەم چیرۆکەکانی، زۆرێکیش هەن خۆشیان دەوێت. وریا مەزهەر، شاعیر و چیرۆکنووسی کوردفارس، لە ٢٩ـی ٢ـی ١٩٧٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، ٢٥ـی ٤ـی ٢٠١١ لە هێلسنکی-فنلەندا کۆچی دواییی کرد. هەڵبەت چەندین ڕۆژ دوای ئەم مێژووە لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، هاوڕێیەکانی و سایت و ڕۆژنامەکان نووسییان کە وریا خۆی کوشتووە، خانەوادەکەی بەڵام ئەمە ڕەت دەکەنەوە. وریا چەندین کتێبی بە فارسی نووسیون و بە کوردییش شیعرەکانی لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا بە ناوی «هیچ»ـەوە بڵاو کردوونەتەوە. ئەوکات، پاش ئەوەی هەواڵی مردنی بڵاو بووەوە، یەکێک لە سایتەکان نووسی: وریا مەزهەر لە دوورگەیەکدا زۆر دوور لە ئەدەبیاتی فارسی، خۆی کوشت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

نامەیەکی عاشقانەی عاشقێکی دڵسووتاو
وریا مەزهەر
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

«خۆشم دەوێیت

چونکە ناتوانم هێزی چرکەچرکی کاتژمێرەکەت مەزندە بکەم

چونکە نازانم سبەینان بۆ سەر ئیش یان بۆ هەر شوێنێکی تر کە دەڕۆیت

پێڵاوی وەرزشی لە پێ دەکەیت یان شب‌رو

نازانم ڕۆژی چەند ژەم دەخۆیت و

شیر دەکەیتە قاوەکەتەوە، یان ژەهر (یان هەرگیز قاوە دەخۆیتەوە؟)

چونکە نازانم برینی چەند چەقۆی لەعنەتی بە سنگتەوەیە و

ئێستا لەسەر تەختی کام نەخۆشخانە مردوویت یان لە دایک بوویت

چونکە ناتناسم، هەرگیز نەمبینیوی (یان بینیومی و نەمناسیویتەوە)

خۆشم دەوێیت بە هۆکاری زۆر شتی تر

کە بە پێویستی نازانم بیانڵێم

نا… پێویست نییە، هیچ شتێک پێویست نییە

پێویست نییە بڵێم: درەنگە، سبەی زوو وانەم هەیە

پێویست نییە بڵێم: خۆشم دەوێیت

پێویست نییە بڵێم: پێویست نییە

ها؟… – نا، هیچم نییە

تەنیا کەمێک ماندووم

دەبێت بچم بخەوم

ئێستا تۆش وەکوو هەمیشە لوتف بنوێنە و مەیە خەوم؛

ئاشقتم بەخوا

 

 

 

بۆ گوێگرتن لەم شیعرە کرتە لەم لینکە بکە