بەرەو دارستانە تاریکەکان

زێڵدا/شاعیری کورد

November 20, 2018

 

زێڵدا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد لە نەوەی نوێ. لە هەولێر لە دایک بووە. تەمەنی بیستوسێ ساڵە و ماوەی چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە نووسین. زمانی ئینگلیزی خوێندووە. بە کوردی و جارجار بە ئینگیلیزییش دەنووسێت. لێرەدا سێ شیعری کورتی دەخوێننەوە؛ شیعری یەکەم جیهانی بە دارستانێک چواندووە، کە تۆ، وەک مرۆڤێک، دەبێت ڕێگەکەی خۆت بدۆزیتەوە، ئەمەیش هەڵبەت مەتەڵەکەیە. شیعری دووەم و سێیەم، سەر بە دنیای ونبوون و بیرەوەرین. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

بەرەو دارستانە تاریکەکان
زێڵدا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاڵا موحسین

 

 

‎ئەو جیهانە وەكوو دارستانێكی قەبەی تاریكی، تەمومژاوی، شێدار وایە

ناتوانم هەنگاوێك بەرەو پێشەوە باوێم

‎لەسەر ڕێگەكەم قاچەكانم لە قوڕ گیریان خواردووە؛ ئاژەڵەكانی نێو دارستانەكە دەمتۆقێنن: كوندەپەپووەكان، گورگەكان، تەنانەت جڕوجانەوەرەكانیش.

‎لەو كاتەوەی دەستم بە دۆزینەوەی ڕێگەیەكی نوێ كردووە ون بوومە، كە ڕێگەیەكی قوڕاوی، ترسناك و

‎تاریك نەبێت.

‎بەڵام بە داخەوە! وەك مەتەڵێك وایە.

 

 

نامە خەمگینەکەمم تەواو نەکردبوو کە پێی دەگوتی: من دەترسم.

هەتا جگەرەکەشمم تەواو نەکردبوو، کۆتاقوومی قاوەکەشم.

ون بوویت.

وەک خەونێکی کاڵەوەبوو، وەک بیرەوەرییەکی لەیادچوو.

 

 

دەڵێم تۆ لێرەیت

کە سەیری وێنەکەت دەکەم

هەست بە گەرمیی

لێوەکانت دەکەم لەسەر شانی ڕووتم

دواتر لەرزێک جەستەم دەتەنێت

بیرم دەکەوێتەوە ئەوە

تەنیا خەیاڵی بەردەم وێنەکەتە