چاڵی دڵم گەورەترینی هەموو چاڵەکانە

عەبدولباست دەناور/شاعیری سووری

August 5, 2018

 

 

چاڵی دڵم گەورەترینی هەموو چاڵەکانە
عەبدولباست دەناور
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

سۆز دەمباتەوە و وێنەکان پێی دەزانن

لە دەنگمدا «زۆرترم خۆش دەوێی» دووبارە دەکەمەوە

زۆرترم خۆش دەوێی…

یادەوەریم بە بنمیچی ئاسمانەوە دەنووسێنم

تابووتێکی مەڕمەڕ بۆ دڵم ئامادە دەکەم

شەو بە دەستمەوە دەگرم و دەڕۆم

تەپەتەپ دەکەم  و

ڕادەکەم.

ڕاکردنێک لە یادەوەری

بەڵام لە کەوتنەکانی ڕابردوو، دەکەوم

دڵم لێ دەکەوێت و ئاوڕ نادەمەوە

بەڵام تۆی تێدایت! و برین لە بیر ناکرێت ئازیزەکەم

هەتا بیرم دەکەوێتەوە.

دەگەڕێمەوە تا لەناو چاڵەکانی زەویدا بە دواتدا بگەڕێم

بەڵام چاڵی دڵم گەورەترینی هەموو چاڵەکانە

هاوار دەکەم و دەگریم و هەناسەکانی سەرەمەرگم دووبارە دەکەمەوە

(خوا گەورەترینە)، (خوا گەورەترینە) دڵم بۆ بگێڕەوە (خوا گەورەترینە)

نە وەڵامدەرەوەیەک هەیە نە داواکارێک جگە لە من

هەست بە ترپەی دڵم ناکەم و دەشزانم کە ئەو ناکەوێت

منیش ناکەوم…

تەنانەت شەویشم بە دەستەوە نەگرت و تابووتێک لە مەڕمەڕم دروست نەکرد.

بەڵام چاڵە سوورەکەی لێرەدایە.

کەوتمە ناوی و لە بیرم کرد و شەوەکەی کۆتایی هات

من هاوار دەکەم (خوا گەورەترینە)، (خوا گەورەترینە)

بۆمی مەگەڕێنەوە من ساڕێژ بووم.

دامخست بە مۆسیقایەکی زۆر و کەمێک لە عەنبەر

کۆتاییم بە گریان و هاوار و هەناسەکانی سەرەمەرگ هێنا

(خوا گەورەترینە)، (خوا گەورەترینە) سۆزم دامرکێنەوە ئەگەر بەڕاستی گەورەترینی