ده‌رباره‌ی باڵنده‌

ناوەندی باڵندە

باڵندە ناوەندێکی ئەدەبیی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ دەزگا و ڕێکخراوێکی حکوومی و ناحکوومی نییە. کارەکانی خۆی لە شیعردا چڕ دەکاتەوە. کاری سەرەکیی ئەم ناوەندە لە ”ماڵپەڕی باڵندە“ و چاپی کتێبی شیعرـدا دەبێت، کە ماڵپەڕەکە بۆ وەرگێڕانی شیعری جیهانە بۆ سەر زمانی کوردی، هەروەها، بە پێی توانا، وەرگێڕانی شیعری کوردی بۆ زمانانی دیکە. لە پاڵ ئەمەیشدا بڵاوکردنەوەی شیعرە بڵاونەکراوەکانی شاعیرانی کورد و ناساندنی دەنگی تازەی شیعری لە نەوەی تازە.

باڵندە بە حورمەت و ستایشەوە دەڕوانێتە شیعر.

 

پڕۆژەی باڵندە
ئێمە هەر جارەی شیعری نەتەوەیەک- یاخود شاعیرێک دیاری دەکەین و وەرگێڕە هاوکارەکانمان ڕادەسپێرین وەرگێڕانمان بۆ بکەن. کارەکانی ئێمە جگە لە شیعر، هاوکات سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە شیعریشەوە دەگرێتەوە، وەک: گوتار دەربارەی شیعر، لێکۆڵینەوەی شیعری و گفتوگۆی شاعیران. هەڵبەت مەرج نییە سەرجەم کارەکانمان بە شێوەی پڕۆژە بێت. وەرگێڕەکان لە دەرەوەی پڕۆژەکانی ئێمەوەش، دەتوانن هاوکارمان بن.

 

پەیامی باڵندە
ناوەندی باڵندە ساڵانە شاعیرێکی جیهان بۆ نووسینی پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر- کە دەکاتە ٢١ـی ٣ـی هەموو ساڵێک- ڕادەسپێرێت. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. . ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر دەدات لە جیهانی ئێستادا، جیهانێک کە بەردەوام ئاشتی و پێکەوە ژیان لە پاشەکشەدایە و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری رۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چیبکات؟
هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێدەکرێت.

یەکەم پەیامی باڵندە لە لایەن پایک مالینۆڤسکی– شاعیری دانیمارکییەوە نووسراوە.

 

کتێبی باڵندە/وەشانخانەی باڵندە
ناوەندی باڵندە، بە پێی توانای سنوورداری خۆی، هەوڵیش دەدات کتێبی شیعری(کوردی و وەرگێڕدراو) چاپ بکات. لەبەر ئەوەی توانای ماددیی ئێمە زۆر سنووردارە و تەنیا سەرچاوەیش بەڕێوەبەرانی ناوەندەکەن، بۆیە ڕەنگە کتێبەکانمان لەم بوارەدا کەم بن.

 

دەنگوڕەنگ
دەنگوڕەنگ دوو بەشە؛ بەشی یەکەم: خوێندنەوەی هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی کورد، یاخود ئەو شیعرانەی لە ماڵپەڕی باڵندەدا بڵاو دەبنەوە. بەشی دووەم: گفتوگۆیەک لەگەڵ شاعیران، بە دەنگوڕەنگ، کە لە ١٥ خولەکدا لە شیعر و دنیای شیعری دەدوێن.

 

بەشی هاوکاری
هەموو کەسێک بە پێی توانای خۆی دەتوانێت لە بەرەوپێشبردنی بەشەکانی باڵندەدا هاوکارمان بێت. بۆ ئەم مەبەستە کرتە لە چۆن یارمەتیی باڵندە بدەم بکەن.

 

سەرپەرەشتیکارانی باڵندە

شاڵاو حەبیبە(٢٠١٧-٢٠٢٢)

بڕیار محەمەد تاهیر