ساڵڕۆژی مەرگی ئەدرین ڕیچ

ئەدرین ڕیچ/شاعیری ئەمەریکی

March 27, 2018

ئەدرین ڕیچ شاعیر، گوتارنووس و وەرگێڕی ئەمەریکییە. ١٦ـی مەیی ساڵی ١٩٢٩ لە بالیتیمۆر-مریلەند لە دایک بووە. ساڵی ١٩٧٤ خەڵاتی میللیی شیعری ئەمەریکای بردەوە. ساڵی ٢٠٠٣ خەڵاتی بۆلینگن و ساڵی ٢٠١٠ـیش خەڵاتی شیعری گریفین. ساڵانێک لە زانکۆی کۆڵەمبیا وانەی شیعری گوتووەتەوە و زیاد لە بیست دەفتەرەشیعری چاپ کردووە. لە کتێبەکانی دەتوانین ئاماژە بە “خۆهەڵدان بۆ نێو وێرانە” بکەین. ئەدرین ڕیچ لە ٢٧ـی مارسی ٢٠١٢ـدا لە کالیفۆڕنیا کۆچی دواییی کرد. شیعری گۆرانیی تەنیایی، دوو جار نووسیویەتییەوە. ئەمەی دەیخوێننەوە، جاری یەکەمە.

 

گۆرانیی تەنیایی
ئەدرین ڕیچ

 

دەپرسی تەنیام؟

بەڵێ تەنیام!

وەکوو فڕۆکەیەکی تەنیا کە ڕاستەوخۆ

بە پێی شەپۆلە ڕادیۆیییەکان لە نێوان کێوەکانی ڕاکیدا ڕێ دەکات

لە گەڕان بە دوای ڕێڕەوێکی نیشتنەوەی شین لە فڕگەیەکدا لە دڵی زەریا

 

دەتەوێت بپرسیت تەنیام؟

بەڵێ تەنیام!

وەکوو ژنێک کە سەرتاسەری وڵاتەکە لە پشت سووکانەوە ڕۆژانە تەی دەکات و

تێی دەپەڕێنێ کیلۆمەتر لە دوای کیلۆمەتر

ئەو شارە بچکۆلانەی دەیتوانی تێیاندا بمێنێتەوە

تێیاندا بژی، تێیاندا بمرێت، بە تەنیا

 

ئەگەر تەنیام

تەنیاییی من دەبێت تەنیایی کەسێک بێت

کە بەر لە هەموان لە خەو هەڵدەستێت

پێش هەموان هەوای ساردی بەرەبەیانی ئەم شارە هەڵدەمژێت

تاقەکەسێک کە بەخەبەرە لە ماڵێکی نوقمی خەودا

ئەدرین ڕێچ/ شاعیر و فێمێنیست

 

ئەگەر تەنیام

تەنیایییەکەم بەلەمێکی بەجێماو لە کەناراوێکی بەستوو

لە دوایین تیشکی سووری ساڵی لێی تێ دەگات

کە دەزانێت

نەک شەختە، نەک گڵ، نەک ڕووناکیی زستانان

بەڵکوو تەنیا دارە

کە لە خۆیدا هەڵی گرتووە

بەخششی سووتان