خۆ دەزانی

عەلیڕەزا زەڕڕین/شاعیری کورد-ئێرانی

November 4, 2019

عەلیڕەزا زەڕڕین لە ساڵی ١٩٥٢ـدا لە کرماشان لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٩ـوە لە ئەمەریکا دەژی. لە ١٩٧١ـدا یەکەمین شیعری ئینگلیزیی ئەو بڵاو بووەوە. چەندین دەفتەرشیعری بە ئینگلیزی و فارسی هەن. هاوڕێی ئاڵن گینزبێرگ بووە و چەندین نامەیشیان گۆڕیوەتەوە. لە ١٩٩٦ـدا کتێبی «کرمانشانامە»ـی بڵاو کردەوە، کە کەمتارزۆ تێکستێکی شیعریی واڵایە و بەم جۆرە دەست پێ دەکات: «لە قوژبنێک/ لە نێوان دوو ژووردا، سەفەر دەستی پێ کرد.» کتێبەکە کەوتە بەر سەرنجی چەند کەسێک، لەوانە یەدوڵڵا ڕوئیایی. هێندێک پارچەکانی ئەو کتێبەی بە کرماشانی نووسیوە. ئەم شیعرەی بۆ ڕۆژاڤا نووسیوە و تایبەت ناردوویەتی بۆ باڵندە.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

خۆ دەزانی
عەلیڕەزا زەڕڕین
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کەریم تاقانە

 

 

دەمانکوژن لە گشت شوێنێ خۆ دەزانی

لە ماڵی خۆ، لەسەر نوێنێ خۆ دەزانی

 

ماڵ لە خاوەنماڵ حەرامە، دەمانکوژن

لە شاخ بێ یا لە هەر کوێنێ خۆ دەزانی

 

دەڵێ کافر و بێدینە کورد، بە ناپاڵم

هێلانەمان دەڕووخێنێ خۆ دەزانی

 

ماڵبەکۆڵ و ئاوارەین و خوێنمان دەخۆن

هەزاران گیان، چکەخوێنێ خۆ دەزانی

 

کوشتمی و وەک مێشوولە بم، لەژێر پێیدا

بەبێ ئەوەی بمدوێنێ، خۆ دەزانی

 

بە دەستی کەس و ناکەسان کوژراوم ئەز

مرۆڤبوون خوێنم دەستێنێ خۆ دەزانی

 

خۆمی کوشت و ئەویشی کوشت و مامەشم

ڕیشەی ئەژدادم دەردێنێ خۆ دەزانی

 

نەیانزانی کە کوشتاری ئێمەومانان

موژدەی مەرگیان بۆ دەهێنێ خۆ دەزانی

 

 

سەرنج:

لە هەر کوێنێ: لە هەر جێیەک

چکەخوێن: دڵۆپەخوێن، تۆزێک خوێن