وەک ئاو کە ژیانی بە دەستە

ئاسۆ سەڵاح/شاعیری کورد

April 4, 2021

 

لێرەدا شیعرێکی ئاسۆ سەڵاح دەخوێننەوە، کە لە شاعیرانی نوێی کوردە. ئەو لە شیعرەکەدا دەیەوێت واتاکان لە ڕێی دیمەنسازییەکی وردەوە دەرببڕێت و ناڕاستەوخۆ خوێنەر لە تەواوکردنی دیمەنەکاندا، بۆ گەڕان بە دوای واتا و مەبەستەکاندا، بەشداری پێ بکات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

وەک ئاو کە ژیانی بە دەستە
ئاسۆ سەڵاح

 

بەیانییەک پەردەکە دەجووڵێنیت
هەتاو دێنیتە ژوورەوە
دەسکی دەرگاکە دەگوشیت
یاری بە ئاو دەکەیت و هێشتاش مۆنیت
چەقۆ دەگریت، نان لەت دەکەیت
لەمسی دیوار، لەمسی سیگار
لەمسی ژیان و کۆتاخەون دەکەیت
وەک شاعیرێک ملپێچ دەچنیت
بەفر تۆپەڵ دەکەیت، بەفر سوور دەکەیت
زڕەزڕ لە ڕستەی کلیلەکان دێنیت
ئەو کلیلانەی جیهان بێجگە لە دەرگاکەم دەکەنەوە
دەسکی تەلەفۆنەکە دەگریت
بۆ ژمارەیەکی کاڵەوەبوو زەنگ دەدەیت
لەسەر تەختەخەوێکی شین
دەنگێکی کۆن دەیەوێت بڵێت؛
ئەی ئەو دەستەی خوێنی منت لێ دەتکێت
ئەی ئەو دەستەی وەک ئاو ژیانت بە دەستە
سڵاو، سڵاو …
تەرازووەکەی ئۆزۆریوس دەکەوێت و
هێشتاش خوێنی منت لێ دەتکێ
وەک ئاو کە ژیانت بە دەستە
دەمەوێت بخنکێم …