من و شەریفە، من و شیعر

ئاسۆی ژیاندۆست/نووسەر

August 10, 2020

ئەوەی دەیخوێننەوە، باسوخواسێکی ئەدەبییە دەربارەی شیعر و گەڕان، کە لەناو تاکسییەکدا ڕوو دەدات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

من و شەریفە، من و شیعر
شیعر و ژیان!

ئاسۆی ژیاندۆست/لەندەن

 

 

 

شەریفە کچێکی موسڵمانی بە ڕەچەڵک هیندییە و لە شاری لیستەری بەریتانیا لە دایک بووە و ئێستا لە باکووری لەندەن دەژێت.

 

من شوفێری تەکسیم، پێش سەرساڵ لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ١٢/٢٠١٩ بە ڕێکەوت شەریفە یەکێک بوو لەو هەزاران  سەرنشینانەی لە ماوەی دەستپێکردنی ئەم کارەمدا گواستوومەتەوە.

 

من بە پێی ئاماری کۆمپانیای ئوبەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کارکردنم لەگەڵیان تا ئەمڕۆ ٠٨/٠٣/٢٠٢٠، (١٤٣٧٠) سەرنشینم لەناو شاری لەندەندا گواستووەتەوە! جگە لەوەی پێشتر و ئێستاش لە ئۆفیسی لۆکاڵیدا لەوەیە دوو هەزارێکی ترم گواستبێتەوە!

 

من خۆم بە کەسێکی کۆمەڵایەتی دەزانم. فزووڵێتیی پرسیار و کردنەوەی باسم هەیە بەڵام کاتێک هەست دەکەم بەرامبەرەکەشم نەشەی گفتوگۆی هەیە! لە بەریتانیا زۆر مشهوورە سەرەتای دەستپێکردنی یەکترناسین یا قسەکردن وا دەست پێدەکرێت: خەڵکی کۆیی؟ یا پشتگیریی چ تیمێکی فتبۆڵ دەکەیت؟ کە زیاتر پرسیاری ئینگلیزەکانە! من وەک هەمیشە و دەمێکیشە لە بەریتانیا پشتگیریی تیمی فتبۆڵی ئەرسناڵم کردووە و زۆر ناشزانم بۆ. لێرەش دەڵێم سوێدیم بەس ئەسڵم کوردە و خەڵکی کوردستانم، یان بۆ دڵنیاییی زیاتری پرسیارکەر دەڵێم کوردستانی بەشی عێراق، ئەمە کاتێک هەر وا وەڵامم دەدایەوە کە زۆریش چەپ بووم!

 

ببورن کەمێ دوور کەوتمەوە!

 

کاتێک گەیشتمە بەردەمی ماڵی شەریفە تا  بیگوازمەوە داوای یارمەتیی کرد ئۆتۆمبیلەکەم نزیک بکەمەوە و یارمەتیی بدەم چونکە جانتاکانی قورسە! منیش وام کرد و کە دەستم برد بۆ جانتاکانی بچووک بوون بەس زۆر قورس هاتن بە دەستمەوە! گوتم سۆری بۆ وا قورسن. با پێکەوە باریان بکەین. گوتی ئۆی سۆری کتێبن و ڕاستە زۆر قورسن!

 

بارمان کرد و دەستمان بە ڕێ کەوتین. گوتم خێرە ئەم بارە قورسە، بۆ هەمووی کتێبە؟ گوتی کتێبی خۆمن، من شاعیرم، ئێوارە کۆڕێکی شیعرخۆيندنەوەم هەیە و کتێبەکانیشم نمایش دەکەم بۆ فرۆشتن.

 

بابەتەکەم زۆر بۆ خۆش و سەرنجڕاکێش بوو، ڕیگای گەیشتنیش ٣٥ دەقە بوو، بۆ من زۆر بوو. من جاری وایە بە حەوت-هەشت دەقە لەگەڵ سەرنشیندا بەشی یەک حەفتە قسە دەکەم! خوا نەیبڕێ ٣٥ دەقە بەرەکەتە!

 

جا من بابەتێک شارەزایم هەبێت ئیتر ماخۆلانمە خۆم بەتاڵ بکەمەوە. باوەڕتان هەبێت ئەوەندەم باسی شیعر و قوتابخانە ئەدەبییەکان بۆ کرد کاتێکم زانی گەیشتوومەتە ڕووسیا! باسی شیعرەکانی پوشکینم دەکرد. ئێستا بیرم نییە بۆ گەیشتبوومە ئەوێ، هەرچەندە بەریەککەوتنەکە هێشتا سێ مانگ نییە.

 

سەرتان نەهێشێنم، زۆر باسی شیعرمان کرد. ئەویش بە حوکمی موسڵمانبوونی، زانیاریی لەسەر ئەدەبی عەرەبی هەبوو، لە یەکێک لە قەسیدەکانیدا باسی مەحموود دەرویش و فەلەستین دەکات و لە کۆڕەکەشیدا خۆێندییەوە. ئەوەش دەروازەیەکی ئاسانتر بوو بۆ من تا باسەکەمان قووڵ ببێتەوە.

 

دیار بوو سەڕەڕای ئەوەی ماندووبوونی زۆر پێوە دیار بوو، بەڵام بە چێژەوە گفتوگۆکەمان ڕاگرتبوو، هەر بۆیەش تکای کرد ئامادە بم و بۆ ئێوارە دەعوەتی کۆڕەکەی کردم. دواتر کەوتینە پرسیاری جۆربەجۆر. گوتم ئیشی چی دەکەیت و بە چی دەژیت. گوتی بە شیعرخۆێندنەوە، کتێب و کۆڕی ئەدەبی لە زانکۆ و سەنتەر و شۆینە تایبەتەکان. بەم کارە.

 

هەندێک لام سەیر بوو گەنجێک لە سەرەتای کاری نووسین و شیعرنووسیندا بێت بتوانێ ژیانی پێ بەڕێوە بەرێت. بیرم کەوتەوە ئەو کاتە لە سوێد دەژیام لە گەڕەکی تێنستە لە ستۆکهۆڵم، شارەوانی تێنستە هەموو هەینیی کۆتاییی مانگێک ئێوارەیەکی کولتووریی ساز دەکرد بۆ دانیشتووانی گەڕەک، شیرینی و خواردن و خواردنەوەیان پێشکەش بە میوانەکان دەکرد، بەشداربووانیش یارمەتییەکی ڕەمزیی دەدران لە ڕووی ماددییەوە. ئەوکات کورمانجێکی باکووری کاری دەکرد لە شارەوانی تێنستە. ناوی بورهان بوو. زۆر کوڕی چاک و خزمەتی زۆری خەڵکی دەکرد. باسی ئەوەم کرد جاری وایە شیعر دەنووسم. دەعوتی کردم کە بەشداریی بکەم لە کۆتاییی مانگی دوو، پێم وا بێت ساڵی ٢٠٠٠ یان ٢٠٠١ بوو، بەشداریم کرد و بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا ٧٠٠ کرۆنم وەرگرت، کە نزیکەی ١٠٠ دۆلاری دەکرد، ئەوکات. ئەمە لە شارەوانیی تێنستەی ستۆکهۆڵم بۆ خۆێندنەوەی شیعر، کە بۆ من هەم پارەکە بۆ ئەو کاتە زۆر بوو هەم لام زۆر گرنگ و خۆش بو شیعر ببێتە سەبەبی دەستکەوتی ماددی.

 

مانگی دواتر لە هەمان شوێن بۆ هەمان ئێوارەی کولتووری، شێرکۆ بێکەس بەشداریی کرد و قەسیدەیەکی بۆ هەڵەبجە خۆێندەوە.

 

ببورن هەمیسان دوور کەوتمەوە، جارێکی تر شەریفە هیوای خواست ئێوارە بەشداریی کۆڕەکەی بکەم، گەرچی گەرمەی ئیشە، نزیکبوونەوەیە لە کرسمس و سەری ساڵ، ئێوارەکەشی دەعوەتی ماسی بووم لای دیاکۆی هاوڕێم. بەڵام فورسەتم هێنا و خۆم گەیانێ.

 

شەریفە گوتەنی وەرە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لەوەیە ببێتە تەجرووبەیەکی تازە و خۆش بۆت! ڕاستی من دوای ٢٣ ساڵ ژیان لە ئەورووپا هەرگیز نەچوومەتە هیچ کۆڕێکی شیعریی ئەورووپییەوە ! بۆ من کۆڕەکەی شەریفە تەجرووبەیەکی تازە و زۆر سەرنجڕاکێش بوو. پێشم خۆش بوو لە گەرمەی شیعرخۆيندنەوەدا بوو، کە منی بینی گوتی هاوڕێ تازەکەم بەخێر بێیت!

 

هەستم کرد سەرەڕای ئەوەی کۆڕی شیعر بۆ خۆی حاڵەتێکی عیرفانی و ئارامبەخش و سۆزداریی تێدایە لە هەر کوێ بێت! بەڵام لە کۆڕەکەی شەریفە سادەیی و عیرفانییەت و ئارامیی گوێگر بۆ من سەرنجڕاکێشتر بوون، وەک لای خۆمان نییە گوێگر ئارەزووی باشترین کورسی و خۆشترین هۆڵ و بەڕەونەقترین دیکۆر دەکات!

 

شەریفە بوو بە تەجرووبەیەکی تازە و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێ یادگاریی خۆش و جارێکی تریش دڵنیا بوومەوە لە گرنگی و جوانیی شیعر لە ژیانی ئێمەدا.

 

هەمیشە چوار کرداری زۆر سادە من دڵخۆش دەکات و ئارامم دەکاتەوە لەوپەڕی بێتاقەتیدا؛ مەلە، پیاسەی ناو پارک، گۆێگرتن لە مۆسیقا و خۆێندنەوەی شیعر.

 

زۆریان ئاسانن، تکایە ئێوەش تاقی بکەنەوە.