پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠٢٢

March 21, 2022

 

 

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر ٢٠٢٢

ئەمساڵ حسێن حەبەش نووسیویەتی

 

چەندە ڕاستە کە شیعر بەرجەستەبوونێکی زمانەوانییە، ئەوەندەش ڕاستە کە زمانیش بەرجەستەبوونێکی شاعیرانەیە. کەوا بێت هەموو زمانێک لە خۆیدا بڕێک شیعرییەتی پێیە بۆ ژیان. چەندە زمانی جیاوازیش هەبێت، ئەوەندەش ئیمکانی شیعریی جیاواز هەیه.

زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی لە لایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە هەوڵ دراوە قەدەغە بکرێت، کوردان بە زمانی خۆیان فێر نەبن، پێی نەدوێن و پێی نەنووسن. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لەگەڵیشیدا هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی بڕێک لەو شیعرییەتەی زمانی کوردی لەناو خۆیدا بۆ جیهان هەڵی گرتووە.

بۆیە  بۆ ئەمساڵ بڕیارمان دا پەیامی باڵندە، شاعیرێک بینووسێت کە لە وڵاتەکەیدا زمانی دایکیی خۆی، کە زمانی کوردییە، لێی قەدەغە کرابێت.

حسێن حەبەش، شاعیرێکی کوردە، لە عەفرین لەدایکبووە و نزیکەی بیست ساڵە بە زمانی کوردی و عەرەبی شیعر دەنووسێت, بەڵام لەم ساڵانەی کۆتاییدا و بە تایبەت دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، بە تەواوی گەڕاوەتەوە بۆ زمانی دایکیی خۆی و  زۆرینەی شیعرەکانی بە  کوردی دەنووسێت.

 

 

من و تاراوگە و هەڵبەست و دنیا

حسێن حەبەش

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر 

 

من و تاراوگەی زمان:

 

من بە کوردی لەدایکبووم، دایک و باوکم کوردن و بەدەر لە کوردی هیچ زمانێکی تری خودا نازانن. منیش وەک هەر منداڵێکی تری ئەم دنیایە، حەزم دەکرد لە خوێندنگا بە زمانی دایکم بخوێنم و یاری بکەم و فێر ببم و یەکەمین پیتەکانم بنووسم. کەچی ئەو هەلەم بۆ نەڕەخسا و خۆم لە ”ونگا”ـی زمانێکی دیکەدا بینییەوە؛ تاقە پیتێکیم نەدەزانی، ئەو زمانەیش عەرەبی بوو. دوای ساڵانێک، منداڵەکەی ناو ناخم ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبوو، دەیپرسی: “گەلۆ! باشە تۆ بۆ چی لە جیاتیی زمانی دایک و باوک و باپیرانت، فێری ئەم زمانە بیانییە دەبیت و پێی دەخوێنیت؟” کات و زانین بەرسڤی ئەم پرسیارەیان بۆ شی کردمەوە. زمانی کوردی لە سوریا قەدەغە بوو، هێشتاکەیش هەر قەدەغەیە. ناو ماڵ و خاووخێزانی لێ بترازایە، ئاخاوتن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو. فەرهەنگی کوردی قەدەغە و ژێردەستە بوو. نووسین بە زمانی کوردی قەدەغە بوو، بۆیە هیچ خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆیەک بە زمانی کوردی نەبوو و ئێستایش بە فەرمی نییە. سا لەو کاتەدا تەنیا بژاردەیەکم هەبوو: فێری زمانی عەرەبی ببم و پێی بنووسم. جێی خۆیەتی ئاماژە بدەم بەوەی من لە تاراوگە، لێرە لە ئەورووپا، فێری نووسین بە زمانی کوردی، واتا زمانی دایکم، بووم. لەوساکەوە تا هەنووکە، هەڵبەست و نووسین و بیر و بۆچوونەکانمی پێ دەنووسمەوە، تۆڵەی ئەو قەدەغەکردن و زۆردارییەی دژی زمانی کوردیی پێ دەکەمەوە.

 

 

هەڵبەست گەرموگوڕییە:

 

دەڵێن: “هەڵبەست دەربڕینێکی نەرمە و کرۆکەکەی مەینەتییە”. واتا ژان و ناسۆر و مەینەتی سەرچاوەی سەرەکیی هەڵقوڵانی هەڵبەستە. هەڵبەست ئافراندن و زایینە، هیچ ئافراندن و زایینێکی ڕاستەقینەیش بەبێ ژان و ئازاری ڕاستەقینە نایەتە ئاراوە.

لە وێژە و بە تایبەتییش لە هەڵبەستدا، هەوڵ دەدەم هەمیشە لە ژووری گەرموگوڕدا بم، ئەو ژوورەی بە خەیاڵ و وێنە و چاونەترسی و پەڕگیری گەرم داهاتووە؛ فەیلەسووفی بەناوبانگی ئەڵمانی ڕۆدیگەر زافرانسکی[1] لە هەڤپەیڤینێکدا باس لەو خاڵە دەکات و جەختی لێ دەکاتەوە، پێشتریش نیچە ئاوڕی لێ داوەتەوە. هەڵبەست بەرگەی سەرما ناگرێت، لە ژووری ساردوسڕ و هۆشوگۆشی ساردوسڕدا هەڵناکات. هەڵبەست زادەی خەیاڵ و شێتییە، خوازیاری نەڕەوینەوەی تا و گەرمییەکەمانە. من هەڵبەست دەنووسم تا خۆم لە خۆم بڕفێنم و خەونەکانم بگەیەنمە ترۆپک و شێتییەکەم بخەمە ئاستی تێڕامانەوە. هەڵبەست؛ هیچ شتێکی دنیا ناگاتە ئاستی و پێی ناگاتەوە. وەک ژان کۆکتۆ[2]، هەموو شتێکم -چ پیرۆز و ناپیرۆز- کردووەتە قوربانیی و لە پێناویدا داناوە. ئەمێستا، جاروبار، بەسەر خۆمدا دەگوڕێنم و دەپرسم: “هۆ کاکی هەڵبەستڤان! مەگەر تۆ هێشتا دڵسۆزی وانەی هەڵبەستیت؟ خۆت دەکەیتە قوربانیی ئەڤین و شێتییەکەی؟” پاشان وەڵامی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم: “بە هەموو هێز و وزە و خانە و خوێنی خۆمەوە لە هەوڵدام.”

 

هەڵبەست و خەمەکانی:

 

هەڵبەست منداڵێکی تاقوتەنیایە، تەنیاییەکەی هەر دەگەشێتەوە و قەت دانامرکێتەوە. هەر بۆیە دەبێت هەڵبەستڤانی ڕاستەقینە گوڵ لە دڵی زنار و تاوێردا بخەمڵێنێت، نەک لەسەر خاکی پیرۆز و تەخت و بەپیت. هێزی هەڵبەستڤان لەو گوڵە نامۆ و دەگمەن و سەیرانەی باخچەی پەیڤ و زمان و ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەڵدەگژێت. هەڵبەست دەتوانێت ڕەگی بڕوایەک لە دەروونی مرۆڤدا دابکوتێت کە چیا کڵاوی خەوتووە، چەم هەنگاوی ئاوە، تاوێریش خۆی شیرین دەکات تا ببێتە هەڵبەست. هەر بۆیە، هەڵبەستڤانی ڕاستەقینە دەتوانێت دەمودەست ئاو بکاتە مەی و سفرەی ڕەقوتەق بکاتە خوانی جەژنێکی مەزن. هەڵبەست ئاگری ئاگردانە، ڕۆحی گوڵە، بنچینەی بنچینەکانە.

بوێریی ڕاستەقینەی هەڵبەستڤان لەوەدایە، ئەم وێرانییەی وەک گوریس لە ملی ژیانی ئاڵاوە، بکاتە هەڵبەستی قووڵ و بەژنزراڤ. ئەوە دەزوولەی تەنکوتیواڵ و باریکەڵەی ناسکیی هەڵبەستە، تێکڕای دنیای پێ ڕووناک دەکرێتەوە. هەڵبەست، سەرەڕای نیانییەکەی دیاردەی سەمەرەیش دەهێنێتە ئاراوە، وەک: دەتوانێت کرمی خشۆک بکاتە پەپوولەی باڵنەخشین، گیزەی مێش بکاتە جریوەی چۆلەکە، بێ ئەوەی هاوسەنگیی خۆی بزر بکات و ناوی خۆی بزڕێنێت. قەت ناگەیتە هەڵبەستێکی قووڵ و ئاستبەرز گەر مل لە سەختەڕێ و کوێرەڕێ نەنێیت. هەڵبەستڤانێکیش ئەو ڕێگایانە نەبڕێت، هەڵبەستەکەی وەک ئەوەیە لە باخچەی دەرودراوسێ دزرابێت. هەڵبەست بوونەوەرێکی ئێسکسووکە، هەزار ڕەنگیش لە قەدی دەئاڵێنێت و هەموو ڕەنگەکان لە بەژن و باڵا نەشمیلانەکەی دێن. هەڵبەست لە ناو خۆیدا خەون و دژەخەون گەڵاڵە دەکات، هەر خۆیشی گورگ و بەرخ و شێر و کارژۆڵە و پاساری و مارە! هەڵبەست ئاوێزانی با دەبێت و سەری لە هەور دەسووێت، کۆتوزنجیری دەستی خەیاڵ دەپسێنێت و چەشنی کاپتنێکی لێهاتوو کەشتیی سەرسامی دەئاژوێت. دەشتی دوورەدەست سەرنجی ڕادەکێشێت و دوورەپەرێز لە سستی و بێخوستی دەگرێت، ژیانیش ناخی دەکرۆژێت. هەڵبەست وەک چۆن لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت، ئاوهایش لەگەڵ بەرد و زنار و دارودرەخت و گژوگیا دەدوێت. سەری خۆی لە گوند و چۆڵەوانییەکان هەڵدەگرێت و لە ناوجەرگەی کۆمەڵگا و ژیانی شاریدا دەگیرسێتەوە. هەڵبەست بێدەنگ و نەناسراو و سەمەرەیە. دەستی لە گیرفانی دەئاخنێت و بە هەر چوار قۆڕنەی دنیادا دەخوشێت. من هەمیشە منەتبار و قەرزارباری هەڵبەستم؛ چونکە ئەوە ماڵەکەمە و تێیدا دەژیم، پەنجەرەکەمە و لێیەوە لە دنیا دەڕوانم، ژوورەکەمە و تێیدا دەهزرم، مەیخانەکەمە و تێیدا سەرمەست دەبم، هەزارڕێیەکەمە و تێیدا ون دەبم، ڕێبەرەکەمە تا لێی ڕزگار دەبم، ئاسمانەکەمە و تێدا لە شەقەی باڵ دەدەم، خاکەکەمە و تۆوە بەپیتەکانمی تێدا دەچێنم، نەخۆشییەکەمە، کەڵکەڵەکەمە، خولیاکەمە، شێتییە بێدەرمانەکەمە و خۆیشی دەرمانەکەمە. هەر بۆیە بە دڵ و ڕۆح و گیان گیرۆدەیم، گیرۆدەی نیانترین و پاکترین و بەنرخترین شتی ئەم ژیانەم.

 

 

هەڵبەست و دنیا:

 

هەڵبەست ناسۆری مرۆڤایەتیی پێ ساڕێژ ناکرێت، هیچ نەتەوەیەکی لە ژێردەستەیی و زەبروزەنگ و زۆرداری پێ ڕزگار ناکرێت، هەڵگیرساندنی شۆڕش و چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانییش لە دنیادا ئەرکی سەرشانی نییە. ڕێی لە توندوتیژی و ئازاری مرۆڤ پێ ناگیرێت. سا لە هەمبەر هەموو ئەو تەنگوچەڵەمانەی لە دنیادا دەقەومێن، چەشنی هاوار خۆی دەنوێنێت. هاوارێکە دژی ئەو شەڕوشۆڕ و کوشتوبڕ و زیندان و ئاوارەیی و وێرانییەیە وا گەردوونی تەنیووەتەوە. هاوارێکە لە هەموو لایەکەوە باوەش بە دنیادا دەکات، گەرمی و شیرینیی لێوانلێو لە ئەڤین و ئازادی بە دەمارەکانیدا دەگەڕێنێت. لێ بەر لە هەموو شتێک، دەبێت ئەم هاوارە هەڵبەستییە بە لێزانی و وێنەی بەپێز و ئەزموون و تاسان و ئەڤین و شێتییەوە بهۆنرێتەوە. هەر وەک هەڵبەستڤانی مەزنی گواتێمالایی، لویس کاردۆزا ئی ئاراگۆن[3]، دەڵێت: “هەڵبەست تاکە بەڵگەی بەرهەستی بوونی مرۆڤە.”[4] مەگەر بۆچوونەکەی تەواو ڕاست نییە؟

 

 

لە کۆتاییدا:

 

لە کۆتاییدا تەنیا دەتوانم بە هاوڕێ هەڵبەستڤانەکانم بڵێم: “هێژایان! هەڵبەستەکانتان لەسەر قۆڵتان، لەسەر لاقتان، لەسەر دەستتان، لەسەر پشتتان، لەسەر ملتان، لەسەر ڕوومەتتان، لەسەر پووزتان، لەسەر سکتان، لەسەر ناوکتان، لەسەر پەنجەتان، لەسەر سنگتان بنووسن. دەبێت هەڵبەست ئاوێتەی گۆشت بێت، نزیکی ترپەی دڵ بێت، بەشێکی هەناسە بێت، گرێدراوی ڕۆح بێت، خرۆشی خوێنی ناو دەمار بێت.

 

 

 

 

 

Ez, sirgûnî, helbest û cîhan, Husên M. Hebeş (Hussein Habasch), Peyama Balinde ji bo Roja Cîhanî ya Şi’rê – 2022 (Ji Kurmancî bo Soranî: Jiyar Homer).

[1] Rüdiger Safranski

[2] Jean Cocteau

[3] Luis Cardoza y Aragón

[4] “La poesía es la única prueba concreta de la existencia del hombre”.